گرنگە ناو بە ناو پێست خاوین بکرێتەوە لە خانە مردووەکان بەتایبەتی ئەو پیستانەی کە کێشەی ڤئاکنیان هەیە یان تەمەنیان سەرو ٣٠ ساڵە. ئەگەر پێستە مردووەکان ناوبەناو لانەبرێن ئەوا پێستەکە تاریک و بێ بریقە ئەبێت، جگە لەوەش کەڵەکەبوونی ئەم خانە مردووانە ئەبنە هۆی داخستنی دەمیلەکان و ڕێگاگرتن لە هاتنەدەرەوەی چەورییەکان (Sebum)، لە ئەنجامدا هەوکردنی پێستەکە و دروستبوونی زیپکە و زیوان. جگە لەوەش بە لابردنی خانە مردووەکان پێست زیتر سود لە پێکهاتە باشەکانی ناو کرێمەکەت وەرئەگرن، هەروەها پێست ساف ئەکەن و ئارایشت جوانتر ئەوەستێت بەسەر پێستەکەوە.
بۆ ئەم مەبەستە ئەتوانیت مقشری تایبەت بە پێست بەکاربهێنیت. مقشرە باشەکان ئیشی زیاتر ئەکەن وەک تەنها لە لابردنی خانە مردووەکان، بۆ نمونە پێست بریقەدار و یەک ڕەنگ ئەکەن، باری قەتیسکردنی شێ لە پێستدا باشتر ئەکەن و پێست بەهێزتر ئەکەن.
وریابە لێرەدا بە هیچ جۆرێک مەبەست لە سکروب و ئەو دەنکۆڵە زبرانە نیە کە لە بازاڕەکاندا ئەفرۆشرێن بۆ داماڵینی خانە مردووەکانی پێست، ئەمانە ئەبنە هۆی بێزارکردن و بریندارکردنی پێست.
سێ جۆر مقشر هەیە، ئەوانیش:
١-ترشی ئەلفا هایدرۆکسی (Alpha Hydroxy acid) (AHA)
٢-ترشی بێتا هایدرۆکسی (Beta Hydroksy acid) (BHA)
٣-ترشی پۆلی هایدرۆکسی (poly Hydroksy acid) (PHA)
١-ترشی ئەلفا هایدرۆکسی (Alpha Hydroxy acid) (AHA):
ترشی ئەلفا هایدرۆکسی بە ترشی میوەکانیش ئەناسرێت ناودارترینیان ترشی گلیکۆلیکە (Glycolic acid) کە توانای توانەوەی هەیە لە ئاودا و زۆر گونجاوە بۆ پێستی وشک و ئەو پێستانەی دوچاری زیان بوون بەهۆی تیشکی خۆرەوە. ترشی گلیکۆلیک توانای قەتیسکردنی شێ لە پێستدا زیاد ئەکات و پێست پرشنگدار ئەکات.
هەڵبژێرە بۆ بەرهەمێک کە بەلایەنی کەمەوە بەڕێژەی ٥٪ لەم ترشەی تێدا بێت، هەرکاتێک بەرهەمێک ١٠٪ زیاتری تێـــدابوو ئەوا نابێت هەموو ڕۆژێک بەکــــــاری بهێنیت بەڵکــــــو هەفتەی جارێک بەکـــاری بهێنە ئەگینا زیان بە پێســــــــــــتت ئەگەیەنێت.
ترشی لاکتیک (Lactic acid) بە هەمان شێوە سەر بە AHA یە، ئەمەیان گونجاوە بۆ پێستی هەستیار بەڵام کاریگەری کەمترە.
٢-ترشی بێتا هایدرۆکسی (Beta Hydroksy acid) (BHA)
ترشی ساڵەسیڵک (Salicylic acid) بەناوبانگترین ترشەکانی جۆری BHA یە کە توانای توانەوەی هەیە لە چەوریدا، هەر بۆیە زۆر گونجــاوە بۆ پێســـــــتی چەور و ئەو پێستانەی کە پیسی و چەوری کۆنی لەسەر کەڵەکە بووە، ئەم ترشە توانای هەیە بچێتە ناوەوە بۆ ناو دەمیلەکانی پێست و پیسی و چەوریە کۆبوەکان بتوێنێتەوە. یەکێکە لە باشترین چارەسەرەکان دژی خاڵە ڕەشەکان (Blackhead) و دەنکۆڵە سپیەکان.(whitehead)
بەرهەمێک هەڵبژێرە کە خەستی ئەم ترشە تێیدا ٠،٥٪ – ٢٪ بێت، ئەگەر بە خەستیەکی زۆر بەکار بهێنرێت گونجاو نیە و زیان بە پێست ئەگەیەنێت.
ئەو کەسانەی کە هەستیاریان هەیە بە ئەسپرین پێویستە ئاگادار بن لە بەکارهێنانی ترشی ساڵەسیڵک.
٣– ترشی پۆلی هایدرۆکسی (Poly Hydroksy acid) (PHA):
ئەم ترشانە بە زەحمەت بە ناو پێســـتدا ئەچنە خوارەوە و کەمتر چالاکن بەڵام کەمتریش پێســت بێزار ئەکەن و ئەیوروژێنن هەربۆیە بۆ پێستی هەستیار بەکار ئەهێنرێن. بەناوبانگترین ترشەکانی ئەم جۆرە بریتین لە:
- لاکتۆبایۆنیک (Lactobionic acid)
- گلوکۆنەلاکتۆن .(Gluconolactone)
چۆنێتی بەکارهێنانی مقسرەکان ئەگۆڕێن بە گوێرەی جۆری بەرهەمەکە و خەستی ماددەکارەکە تیایدا. ئەکرێت هەموو پاککەرەکــــان لە ســـــەرەتای دەســـتکــــردن بە بەکارهێنانیان پێست بوروژێنن و بێزاری بکەن، لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە زیرەکانە بەکاری بهێنیت، لەسەرەتادا ناو بەناو بەکاری بهێنە نەک هەموو ڕۆژێک هەتاوەکو پێستتی لەسەر ڕابهێنیت.
وریابە بە بەکارهێنانی پاککەرەکان پێست هەستیار ئەبێت بەرامبەر تیشکی خۆر، هەربۆیە گرنگە باش بیپارێزیت.
پەیمان محەمەد
سەرچاوە: پێستی تۆ
Discussion about this post