فیلمی سینەمایی “پشیلە ئێرانییەکان” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد بەهمەن قوبادی لە مانگی داهاتوو لە سینەماکانی سەرتاسەری وڵاتانی ئیتاڵیا و هۆڵەندا نمایش دەکرێت. لە کاتێکدا کە نمایشی سەرکەوتووانەی فیلمی سینەمایی “پشیلە ئێرانییەکان” دوایین بەرهەمی سینەماکاری بەتوانای کورد بەهمەن قوبادی لە سینەماکانی سەرتاسەری وڵاتی فەرەنسا بەردەوامە، ئەم فیلمە لە وڵاتانی ئیتاڵیا و هۆڵەندا نمایش دەکرێت و هۆگرانی هونەری سینەما دەتوانن لە مانگی داهاتوودا ئەم فیلمە لە سەر پەردەی سینەماکان ببینن.
بەهمەن قوبادی کە لە سەرەتای مانگی فێبریوەری لەگەڵ خاتوو “رۆکسانا سابیری” هاوکاری سیناریۆنووسی فیلمی سینەمایی “پشیلە ئێرانییەکان” لە کۆبوونەوەکانی نمایشی ئەم فیلمە لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی رۆتێردام لە وڵاتی هۆڵەندا و هەروەها لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “رۆژهەڵاتی ئێستا” لە شاری فلۆرانسی ئیتاڵیا ئامادەبوو، رایگەیاند کە؛ ئەم فیلمە لە لایەن کۆمپانیای هۆڵەندی “سینە ئارت” و هەروەها کۆمپانیای ئیتاڵی “بیم” لەم وڵاتانە نمایش دەکرێت.
رێوڕەسمی دەستپێکردنی نمایشی گشتی پێنجەمین فیلمی سینەمایی بەهمەن قوبادی لە مانگی داهاتوو لە شاری لاهای هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و سێ گروپ لە گروپەکانی موزیک کە لەم فیلمەدا بەشداربوون، بە شێوەی راستەوخۆ لەم رێوڕەسمەدا کۆنسێرتی موزیک پێشکەش دەکەن.
لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “رۆژهەڵاتی ئێستا” Middle East Now کە بە بەشداری بەهمەن قوبادی و رۆکسانا سابیری سیناریۆنووسی فیلمەکە لە شاری فلۆرانسی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، دەرهێنەری فیلمی “پشیلە ئێرانییەکان” لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە باروودۆخی ئەمڕۆی ئێران و داهاتووی بزووتنەوەی سەوز، ئێرانی بە ئافرەتێکی زۆر جوان وەسفکرد کە تا پێش ئێستا تەنیا بە چارشێوی ڕەشەوە کە چاوەکانی داپۆشرابوو و سیمایەکی ناحەزی لێدیار بوو دەبیندرا، بەڵام بە سەرکەوتنی بزووتنەوەی سەوز، دیمەنی زۆر جوان و بێوێنە و سرنج راکێش لە سیمای جیاوازی ئێران بە دنیا خرایەڕوو.
سینەماکاری ناوداری کورد هەروەها ئاماژەی بە جیلی نوێ لە پانتای خەباتەکانی ئاشتی خوازانەی گەلی ئێران کرد کە لە هاوتەمەنەکانی ئەو و هەروەها جیلی پێش ئەویش بەتواناتر و بەوزەترن و بە پشت بەستن بە هێز و توانای گەنجییەتی و بە وەستانیان دەتوانن ویستەکانی خۆیان کە ئەویش لە ڕاستیدا گۆڕانە، بەدیبێنن.
هەروەها رۆکسانا سابیری رۆژنامەنووس، توێژەر و هاوکاری سیناریۆنووسی فیلمی سینەمایی “پشیلە ئێرانییەکان” لە درێژەی ئەم کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا ئاماژەی بە مەسەلەی ئازادی ڕادەربڕین لە ئێران کرد و سەبارەت بە پێشێل کردنی مافی سینفی و شارۆمەندی هونەرمەندان و بنەماڵەی فەرهەنگ و هەروەها رۆژنامەنووسانی ئێرانی هۆشداریدا.
دوای نمایشی فیلمی “پشیلە ئێرانییەکان” لە 39مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی رۆتێردام لە وڵاتی هۆڵەندا و هەروەها لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “رۆژهەڵاتی ئێستا” لە شاری فلۆرانسی ئیتاڵیا، ئەم دوو هونەرمەندە فیلمەکەیان پێشکەش بە تەواوی گەنجانی هاونەوەی ئەکتەرەکانی فیلمی “پشیلە ئێرانییەکان” کرد کە بە لە خۆبردوویی و ئیرادەیەکی پۆڵاییەوە بەدوای گۆڕانەوەن.
مەسعودى مەلا هەمزە