وشیار ئەحمەد ئەسوەد : لەگەڵ زۆربەی داواکارییەکانی خۆپێشاندەراندا ھاوتەریبم و داواکاریی منیشن، لەگەڵ ھەندێک ھەڵسوکەوتی دەسەڵاتیشدا ناکۆکم، ھەموو ئەمانەم لە چەندان نووسیندا ڕاگەیاندووە،
کەچی تا ئێستە نەکوتوومەتە بەر لێپێچینەوە، بۆ لەمەودواش نازانم، ئەمە لە کاتێکدا من لە ژێر دەسەڵاتی زۆرینەی پارتیدا دەژیم، کەمیش نین ئەوانەی پارتی بەداخراو و یەکێتیش بەکراوەتر و دیموکراسیتر دەخوێننەوە.. ئای لەم دنیا سەیرەی یەکێتێ، ئەی بۆچی واتان لە ڕەنج سەنگاوی کرد؟!.
ئەوەی بیستوومە سەنگاوی بەھۆی شیعرێکیەوە لە کەناڵی ئاسمانیی کوردسات ئیزن درا، ئەم ھەڵوێستەی یەکێتی بەرامبەر بەکادیرانی خۆی و بەتایبەتیش لە ڕاگەیاندندا پرسیاری زۆر ھەڵدەگرێ و وەڵامی پتریش دەخوازێ، بۆیە دەھێنێ لێرەوە بۆ یەکێتی وەک بەشێک لە دەسەڵات و دەسەڵاتیش بەگشتی قسەمان ھەبێت.
ڕەنج سەنگاوی کە بەرپرسیاریەتیی لە کەناڵی ئاسمانیی کوردساتدا ھەیە، واتا ئەو خاوەنی ھەر بۆچوونێک بێت، لە ئەنجامدا بەکادیرێکی ڕاگەیاندنی یەکێتی ھەژمار دەکرێت، بۆیە سەیرە لە ھاوسۆزییەکیدا لەگەڵ خۆپێشاندەران یەکێتی شووڵی لێ ھەڵکێشێ.. من شیعرەکەی سەنگاویم خوێندووەتەوە، ڕەنگە ئەو شیعرە تەنیا لەگەڵ سیاسەتێکی دەسەڵاتدا تەریب نەبێت، ئەویش بەکاربردنی ھێزی پێشمەرگەیە لە سلێمانی، من قسەم لەسەر ئەوە نییە ھەڵوێستەکەی سەنگاوی لە دیدی ئێمەماناندا تا چەند ڕاستە، بگرە کێشە لەوێدایە کە دەسەڵاتیش لە دیوێکدا بەپێی وەڵامەکانی بۆ داخوازییەکانی خۆپێشاندەران خۆی بەھاوسۆز دەبینێ، لە ھاوسۆزیشدا ئەوپەڕی ئاساییە شاعیرێکی ناسکی وەک سەنگاوی لە کەسانی ئاسایی خێراتر بەدیمەنی خوێن و بیستنی تەقە دەروونی بھەژێ، ئەدی خۆ ئەگەر لەو حاڵەتانەدا ھەناسەی داخەکانی بەشیعر ھەڵنەڕێژێ، کەواتە شاعیر نییە، یان کۆلکە و زڕە شاعیرە.
من دەڵێم ئەگەر دەسەڵات پێی وایە بەدەنگی زۆرینەی خەڵک حوکم دەکات، دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرێ کە ھەموو ئەوانەی دەنگیان پێداون حزبی نین، بەرامبەر بەوەش مەرج نییە ھەموو حزبییەکانیش دەنگیان بەحزبە دەسەڵاتدارەکان دابێت، کەواتە دڵسۆز و نادڵسۆز بەئەزموونەکە لە کردەوەدایە و دەخوازێ لە ناوەوە و دەرەوەشدا بخوێنرێتەوە، واتا ڕەنج سەنگاوی نەھاتووە دیوە ڕاستینەکەی خۆی بشارێتەوە و موجامەلەیەکی بێسەروبەری دەسەڵات بکات، یان پێدەچێ حزبی دەسەڵات گەیشتبێتە ئەو ئاستەی ئامادەی گوێگرتنی ڕەخنەی نەبێ کە ساڵەھایە ئەو موزایەدەیە دەکات، بۆیە ئەوەی لە ئێستەدا دەیبینین، چاوەڕوانیەتی بۆ چەڵە و پیاھەڵدان.. ڕەنج لەگەڵ خەڵک و شیعر و دەسەڵاتیشدا ڕاستگۆ بووە، ئەو نەچووەتە سەنگەری ڕووخاندنی ئەزموونەکە و (اللە اکبر)یشی بۆ تێکدان و شێواندن نەکردووە وەک ھەندێک ڕۆشنبیری تر، نە بەردی گرتووەتە کەس و نە کەسیشی بۆ ھاویشتنی بەرد ھانداوە.. من وا دەزانم ئەوەی ئەم شاعیرە ناسکەی ھەژاندووە، جیا لە خۆشەویستیی بۆ خەڵک، ھاوکات خۆشەویستیی بووە بۆ پێشمەرگە و مێژووە پڕ شکۆکەی، کەواتە بەو ھەڵشاخانەی نێوان پێشمەرگە و ھەندێک لە خەڵکی خۆپێشاندەر کە زۆربەمانی تووشی جۆرێک لە نیگەرانی کردووە، ئەویشی نیگەران کردووە، بۆیە بەشیعرێک فێنکایی خستووەتە دڵە گەرمەکەیەوە.
بەلامەوە سەیرە لەم کاتە ھەستیارەدا دەسەڵات لەبری ئەوەی دەست بەسەر خەڵک بەگشتی و ئەندامانی حزبەکانی خۆیان بەتایبەتی بێنن، لەو تەرزە ھەڵوێستانەدا ڕوویان لێ گرژ دەکەن، ئەدی ڕەنگە خۆ گرژکردن پێشاندانی ھێز بۆ ئەوانەی بە(اللە اکبر) و (لا الە الا اللە) و بەدارلاستیک چاوی پێشمەرگە کوێر دەکەن ئاسایی بێت، بەڵام بۆ شیعری شاعیرێک مایەی نیگەرانییە، دەھێنێ لەبیریان بێت کە ڕەنجاندنی سەنگاوی تەنیا ڕەنجاندنی کەسی خۆی نییە، بگرە ھەستناسکێلێ زۆر ھەن بەھۆیەوە لە دەسەڵات گرژ دەبنەوە.