من وەک ھاوڵاتییەکی ئازاد لەم وڵاتەدا، کە ئەتوانم بە ئازادی تا بتوانم خەیاڵ بکەم فەقەت بەو مەرجەی زمانم ھیچ نەدرکێنێت، بە ئازادی بیر لە نەھامەتیەکانم بکەمەوە تا دڵم ئەتەقێ و شەق ئەبەم، واتە بەوپەڕی ئازادییەوە بمرم….
منی ئازاد رۆژێک بیرم کردەوە پرۆژەیەک ھات بە خەیاڵمدا و باسم نەکرد بەڵام لێرەدا نوسیومە و ڕەنگە ڕێگایەک ھەبێت یان لە ڕێی ماڵێکی دراوسێمانەوە کە خزمێکییان حیمایەیە پرۆژەکەم بگەیەنم، تیایدا داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەکەم کار بکات بۆ گۆڕینی سرودی نیشتمانی وڵات، بەم شێوەیەی خوارەوە:
گۆڕینی سرودی (١)
ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زوبان
نایشکێنێ دانەری تۆپی زەمان
کەس نەڵێ کورد مردووە کور زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان
ئێمە رۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین
دینمانە ئاینمان ھەر نیشتمان
بۆ سرودێکی خۆش لەسەر زمان ورد و درشت لێی تێ ئەگات:
سرودی (٢)
بەینۆ.. بەینۆ.. بەینۆ
ھاوین کەپرێک ئەکەینۆ
زستان تێکی ئەدەینۆ
دیسان دروستی ئەکەینۆ
ھەمدیس تێکی ئەدەینۆ
دوبارە دروستی ئەکەینۆ
قەینا، تێکی ئەدەنۆ
………
ئیتر ئاوا بەردەوام ئەبین
دیارە کۆمەڵێک ھۆکار ھەیە بۆ ئەم پێشنیارە:
سەبارەت بە وەلانانی سرودی یەکەم:
١- تا ئێستا حکومەت بە ھەموو وەزارەت و دام و دەزگاکانیەوە نەیتوانیوە ئەم سرودە بە فیعلی لە تاکەکانی بگەیەنێت و پێیان لەبەر بکات. بە وەزارەتی پەروەردە و رۆشنبیری و ھونەرمەندەکانیەوە تا وەزارەتی پێشمەرگە و ئەوانیتر.. جا ئەم خاڵە زۆر ھەڵئەگرێت!!
٢- ڕەنگە ئەم سرودە لەگەل ھەموو کاتێکدا نەگونجێت. چونکە بە راستی کات ھەبووە کورد مردنیشی بینیوە و نەک تۆپی زەمان، تۆپی مەحەلیش شکاندویەتی. کاتیش بووە ئاڵاکەشمان سوتاوە و لە ژێر ئەو ئاڵایەشدا خۆمان بووین بە قەقنەس. ھەروا ئەتوانین بە راشکاوی بڵێین ئێمەی نەوەی میدیا و کەیخوسرەو توشی کات و ساتی وا بووین، نەفرەتمان لەو ساتە کردووە کە لەم نیشتمانەدا لە دایک بوین. چەندین گەنجیش لەم وڵاتی پڕ نەگبەتییەوە بەرەو مەرگ و غەریبی سەری خۆیان ھەڵگرت. جگە لەوەش زۆرجار قەومی کورد ھەستاوەتە سەر پێ وەک دلێر بەڵام ھاوخوێنێکی خۆی تەپ لە پشت و سەری داوە و داویەتی بە ئەرزا، نەک تاج.. بەڵکو کڵاو و جامانە و مێزەرەکەی سەری لە (ھینەوە) داوە … جا ئەم ھەویرە ئاو زۆر ئەکێشێت!!
٣- گرنیگییەکیتر.. ئێ ھەر بەو ناوەوە زیاتر ئەیسەلمێنین ئەم حوکمەتەش گۆڕانگاری ئەزانێت خۆ ھەر گەڕەکی ئەودیو تیایدا پسپۆر نین. جا ئەمەش خاڵیکی مەتاتیە بە دڵی خۆتان!!
سەبارەت بە سرودی دووەمیش زۆر بەگونجاوی ئەزانم لەبەر ئەم ھۆکارانە:
١- ئەم سرودە باوە و ھەر لە باو باپیرانەوە ماوەتەوە و لە زاکیرەی ھەموواندا خۆشی ئەبەخشێت و بە چەپڵەوە ئەوترێتەوە. لە لایەکیترەوە ھەر کەس بیەوێت و بگەڕێت لە زۆر قەوانی کۆندا ئەیدۆزێتەوە!!
٢- لە ھەمووی بەقووەتتر و ئیجابیتر، بە (بەینۆ.. بەینۆ) دەست پێئەکات و ئەمەش پێچەوانەی (بڕۆ.. بڕۆ)یە!! جا ئەم خاڵە بێدەنگەی لێ بکەین باشترە و تەرجومەش نەکرێ بۆ عەرەبی سەلامەتترە!!
٣- ناوەرۆک و مەغزای سرودی دووەم لەگەڵ وەزعە سیاسیەکاندا یەک دێتەوە. چونکە ئەم دروست کردن و وێرانکردنە لە کۆنەوە لە قۆناغەکانی کوردایەتیدا بەدی کراوە، ھاوین کەپرێکمان کردووە و زستان بێ ئەوەی بمانەوێت یان نةمانەوێت ئەم کەپرە ھەر ڕوخاوە، وتومانە قەینا ئیشەڵڵا دوبارە نابێتەوە یان شتەکە نیەتی خراپی لە دواوە نەبووە دیسان دروستمان کردۆتەوە، جارێکیتر براکەی باوکم بە ھاوکاری شەیتانەکەی لای چەمەکە کەپرەکەی روخاندۆتەوە…. ئیتر ئاوا بەردەوامبوین و ئێستاش بەردەوامین!!
شنروێ (شنە کوردستانی)
نیسانی ٢٠١١