پاڵتۆیەکم لە بەردایە و جگەرەیەک بە لێومەوە
دەبێ هەتا قاچەکانم دەتوێنەوە
لەم سەفەری موحیببەتە نەبمەوە
بە ژێر هەموو زێرابەکانی ناو شارا بێم و بچم
تا مناڵیم ئەدۆزمەوە
ئای مناڵی…
بە سەر گۆی میزەڵانێکەوە نەخشەی خەونەکانتم دەکێشا و
هەتا تەقین فووم تێدەکرد
لە ناو هێلانەی عومردا .. خۆم هەروەک زەڕنەقوتەیەک
دەنک دەنک، دەنکە گەنمە پیرۆزەکانم
دەنایە دەمی عەشقەوە و گەورەمئەکرد
o هەست بە گەورەیی خۆم ناکەم
تەنها ئەو لەحزەیە نەبێ
تۆ پێکێ شەرابم پێ دەبەخشی و
منیش قەسیدەیەکی مەست
تۆ لە سپێنەی چاوانما
وشە سورەکانی عەشق دەنوسیت و
منیش خەمە ڕەشەکانی گلێنەت بۆ ئەهۆنمەوە
تۆ چەتری ئەو هاودەمییەم بۆ هەڵئەکەی
تا بە ژێر تاوەبارانی چاخی سەهۆڵی فیراقا
بۆ تەنیاییم دەڕۆمەوە
دەڕۆمەوە..
من بێ تۆ .. تۆ بە عەشق
عەشقیش بێ شیعر
پەرچەمی پەخشی هەتاوی سەر پەنجەرەکە لا ئەدەین
نێوچەوانی تەڕی ئەسڕین
سبەینێ زوو هەور ئەگرینە چوارچێوە
بە چوار دڵــۆپی بـــــاران دای ئەکوتین
دوایی ئەچـیـنـە بــــاژێــرێ
مشتێک خۆشەویستی ئەکڕین
سبەینێ زوو … سبەینێ زوو … بەو مەرجەی؛ هــەر ئـێـستا بــــنـــــوو
عیرفان ئهحمهد
Discussion about this post