دوای نمایشكردنی 40 كورتە فیلم لە ماوەی 4 رۆژو سازكردنی 4 سیمینار دەربارەی رەوشی سینەماو ئاستی كورتە فیلمە بەشداربووەكانی فێستیڤاڵ ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 6/5/2010 كەرنەڤاڵی دابەشكردنی خەڵاتەكانی فێستیڤاڵ بەڕێوەچوو.
لە دەستپێكی مەراسیمەكەدا كەرنەڤاڵێك لە وەرگرتنی خەڵاتە جیهانییەكان لەلایەن سینەماكارانی كوردەوە نمایش كرا، دواتر شاخەوان ئیدریس بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ لە لێدوانێكیدا رایگەیاند كە لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵ بە سەرۆكایەتی شەوكەت ئەمین كوركی پێكهاتبوو لە “شەوكەت ئەمین كوركی، ئازاد كەركووكی، مەمەد ئاكتاش، محەمەد ئەحمەدی، شەهریار ئەسەدی” و ئەوان بەوپەڕی ئازادی خۆیان بڕیاریانداوە و هیچ تەداخولاتێكیان لەسەر نەبووە، هەروەها شاخەوان ئیدریس سوپاسی هەموو ئەو كەسانەی كرد یارمەتی فێستیڤاڵەكەیان داوە بەتایبەتی ناسر حەسەن و سڵاح حەسەن.
دواتر هەریەك لە شەوكەت ئەمین كوركی و مەمەد ئاكتاش وتاری لیژنەی دادوەرانیان پێشكەش كردو رایانگەیاند كە ئەوان بە قەناعەت و بەكۆی دەنگ بڕیارەكانیان داوە.
دوابەدوای ئەوانە دەستكرا بە مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتەكان و لە سەرەتادا خەڵاتی رێكخراوی مافی مرۆڤ بەخشرایە فیلمی دیكۆمێنتی منداڵە بێنازەكان لە دەرهێنانی رەنجدەر رزگار و كورتە فیلمی هاوڕێیانی ڤان كوخ لە دەرهێنانی زانا حەمە غەریب.
دواتر بڕوانامەی رێزلێنانی لیژنەی راگەیاندن بەسەرپەرشتی “مەسعودی مەلا هەمزە” لێپرسراوی راگەیاندنی فێستیڤاڵ بەخشرایە ئەو كەس و كەناڵە راگەیاندنانەی رۆژانە بەشداربوونە لە گواستنەوەی چالاكییەكانی فێستیڤاڵ.
دواتر خەڵاتەكانی فێستیڤاڵ دابەشكران، كە بەم شێوەیە بوو:
– بڕوانامەی رێزلێنانی لیژنەی دادوەران بۆ باشترین دیكۆمێنت بەخشرایە فیلمی كۆچ لە دەرهێنانی پەرویز مستەفا.
– خەڵاتی داربەڕووی زێڕین بۆ باشترین دیكۆمێنت بەخشرایە فیلمی بابا چاوش لە دەرهێنانی ئاسۆ حاجی.
– بڕوانامەی رێزلێنانی لیژنەی دادوەران بۆ باشترین دیكۆمێنت بەخشرایە – فیلمی دەرەكی بەخشرایە كورتە فیلمی ئەگەر بڕۆم- دەرهێنانی سالم سڵواتی.
– بڕوانامەی رێزلێنانی لیژنەی دادوەران بۆ باشترین دیكۆمێنت بەخشرایە فیلمی دەرەكی بەخشرایە كورتە فیلمی ئەگەر بڕۆم- دەرهێنانی ئارش رەسافی.
– خەڵاتی داربەڕووی زێڕین بۆ باشترین كورتە فیلمی دەرەكی بەخشرایە كورتە فیلمی دەنگەكان لە دەرهێنانی فڵش بۆڵ.
– بڕوانامەی رێزلێنانی دادوەران بۆ باشترین ئەكتەری منداڵ بەخشرایە لارا سیروان لە كورتە فیلمی گوڵەكانی دەریا.
– بڕوانامەی رێزلێنانی دادوەران بۆ باشترین ئەكتەری ئافرەت بەخشرایە تەرزە سدیق لە كورتە فیلمی هەناسە.
– بڕوانامەی رێزلێنانی دادوەران بۆ باشترین ئەكتەری پیاو بەخشرایە عومەر چاوشین لە كورتە فیلمی گوڵەكانی دەریا.
– بڕوانامەی رێزلێنانی دادوەران بۆ باشترین مۆنتاژ بەخشرایە جەیران شێروانی لە كورتە فیلمی رامان.
– بڕوانامەی رێزلێنانی دادوەران بۆ باشترین وێنەگر بە هاوبەشی بەخشرایە هاوكار فەرهاد لە كورتە فیلمی فڕۆكەی رەش و سپی و بڕوانامە و حەمید قەوامی لە كورتە فیلمی ئەم شەو بێ تۆ.
– بڕوانامەی رێزلێنانی دادوەران بۆ باشترین سیناریۆ بە هاوبەشی بەخشرایە جوبرائیل ئەبوبەكر لە كورتە فیلمی دەنگی رووناكی و بیلال شاكر لە كورتە فیلمی دەنگە نەبیستراوەكان.
– بڕوانامەی رێزلێنانی لیژنەی دادوەران بۆ باشترین فیلمی ناوخۆ بەخشرایە كورتە فیلمی گوێزلە دەرهێنانی سۆران ئیبراهیم و ئەم شەو بێ تۆ لە دەرهێنانی حەمید قەوامی.
-خەڵاتی داربەڕووی زێڕین بۆ باشترین كورتە فیلمی ناوخۆ بەخشرایە كورتە فیلمی گوڵەكانی دەریا لە دەرهێنانی هەوار شەریف.
ماوە بگوترێ دوای هەشت ساڵ دابڕان بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر توانی سێیەمین فێستیڤاڵی كورتە فیلمی هەولێر لە ماوەی 5 رۆژدا بەڕێوەببا.