پیاوی کورد هەرگیز نەگەشتۆتە ئەو ئاستەی قبوڵی بێت ناو بانگی ژنەکەی ببێتە هۆی ناسینەوەی
هونەرمەند ئالان عومەر، سێ ساڵە کوردستانى جێهێشتووە و لە وڵاتى سوید نیشتەجێیە، دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە بەشی سرکردن، ساڵی 1998 لەگەڵ تیپی هونەری مۆسیقای هەولێر دەستى بە کاری هونەریی کردووە و یەکەم گۆرانی بە ناوی “مەرزان” کە بەرهەمێکی فۆلکلۆرە، بۆ کوردستان تی ڤی کلیپ کرد، ئێستا خاوەنی پێنج ئەلبوومى بڵاوکراوەیە. ئالان عومەر لەو دیمانەیەیدا وەڵامى چەند پرسیارێکى (سڤیل)ـى لە بارەى کێشەکانى ئافرەتى هونەرمەند و هەندى لایەنى ژیانى تایبەتى خۆى دایەوە.
سڤیل: تۆ لەزۆربەی چاوپێکەوتنەکانی بەم دوایەت ئاماژەت بەوە کردووە لەبەر کێشەگەلێک بڕیاری جێهێشتنی کوردستانت داوە، بەڵام ئەگەر بەروونتر باس لەو کێشانە بکەی چین کە وایانکرد ئەو بڕیارە بدات؟
ئالان عومەر: بێگومان کێشەکان رونن، ئێوە لە کوردستان دەژین دەزانن کە کەسێکی ئاسایی ئەگەر لە خانووی کرێدا بژی ژیانی چۆنە، ئەی ئەگەر هونەرمەند بێت کە خەمی کرێ خانوو ژیانکردنی خۆی و بەڕێوەبردنی هونەرەکەی لەئەستۆی خۆی بێت، دەبێت چۆن بتوانێ بژییەت؟ بۆیە لێرەش ئەو راستییە دەڵێم کە سەختی ژیان وەک ژنە هونەرمەندێک، نەبوونی ئاسانکاری و هاوکاری پێویست، قۆستنەوەی ئەو دەرفەتی هاوکاری و ئامادەییەی کە حکومەتی کوردستان هەیبوو لە خزمەتکردنی هونەر لەلایەن کەسانێکی تێنەگەشتوو لەهونەر بۆ مەبەستی لابەلا، ئەو بڕیارەی پێدام، من هەموو رۆژ تا ئێوارە خەریکی دەوام کردن بووم لە حکومەت و دوای دەوامی حکومەتیش لە سەندیکای هونەرمەندان وەک کارمەندێک دەوامم دەکرد، ئەوکات ئەمتوانی خەرجی کرێی خانوو دەربێنم. ئەی ژیان بەچی بکەم؟ ئەی خەرجی هونەر بەچی پەیدابکەم؟ ئەی ئەگەر هەموو رۆژ لەدەوام بم کاتم کامەیە بیدەمە هونەرەکەم؟ ئەمانە هۆکار بوون، بەڵام پێشتریش ووتومە هەڵبژاردنی ژیانی غوربەت بەدیلێکی دروست نییە دروستە لەهەندێ بارەوە ئاسانکاری زیاتر بۆ ژیانت هەیە وەک ئەوەی ئەگەر ئەوەندەی کوردستان کار بکەیت بۆ ژیانی خۆت پێویستت بەهاوکاری کەس نییە و تەنیا هونەرەکە دەمێنێتەوە ئەویش دەروازەیەکی بۆ ئەدۆزیتەوە، بەڵام لەئەوروپا ئاسانکاری ژیانت دەست دەکەوێت لەبەرانبەر ئەوەدا توشی کێشەیەکی گەورە دەبێت کە کێشەی رۆحییە بەردەوام رۆحت لەوڵاتەکەی خۆتە و ئەکرێ بڵێین جەستەیەکی بێ رۆحت لە ئەوروپایە من ئەتوانم ئەوە بڵێم ئەوەی لە هەبوونی وڵات تێگەشتبێت راست ناکات، بڵێ من لە ئەوروپام بەجەستە و رۆحەوە، بێگومان ئەمەش ئەو سەرگەردان بوونەیە کە زۆر جار نوسەرە ناودارەکان لە بێ وڵاتی مرۆڤ دەیخەنەڕوو.
سڤیل: هەست ناکەی ماوەیەکە لە کاری هونەری دابڕاوی؟
ئالان عومەر: دانەبڕاوم، بەڵام بێگومان کارەکان لە ئاستی تموح و توانای خۆم نییە، لەئەوروپا چەند کارێکی هونەریم کردووە، وەک کۆنسێرت و ئاهەنگ و کلیپ و هەروەها کاری تۆمارکردنی بەرهەمێکی نوێم بەستیلێکی نوێتر تەواو کردووە، بەڵام ئینسان کە شوینی ژیانی گوازرایەوە ئیتر هەموو شتی لە سفرەوە دەست پێ دەکاتەوە لە کەوچکی چای ماڵەکەت و جلوبەرگەکەتەوە بگرە تا دەوام و خوێندن و ژیانکردنیشت بێ گومان ئەوەش کاتی دەوێت من وێرای ئەمەش دانەبراووم و هەوڵی تریشم دەبێت بەم زوانە.
سڤیل: دوا پرۆژەی هونەریت چییە؟
ئالان عومەر: بەرهەمێکی نوێم بەستایلێکی زۆر جیاواز لە ئاوازو هۆنراوەی هونەرمەند نەریمان بابان لەستودیۆی شانیا بەهاوکاری کاک میران تۆمارکردووە لە وڵاتی سوید، بەرهەمێکیشم کلیپ کردوە لەوڵاتی فینلندە، بەمزوانە بڵاودەبێتەوە، چەند کاریکی تریشم لەبەردەستە یەک لەوانە کارێکە بۆ کەرکووک کە هۆنراوەی خۆمە و کارێکیش لەگەڵ گروپی دهۆک، کە مۆسیقای تەواوبووە، ئەویش بەرهەمیکی فۆلکلۆرە، بەهیوام بتوانم بە ئەنجامیان بگەیەنم.
سڤیل: چ هونەرمەندێک یاخود چ مۆسیقی و ئاوازدانەرێک توانیویەتی کار بۆ دەنگی ئالان عومەر بکات، بەو واتایەی کەسێک توانیوویەتی توانای دەنگی تۆ بدۆزێتەوە؟
ئالان عومەر: بڕوا ناکەم کەسێک هەبووبیت توانیبێتی لەسەر دەنگی من وەک خۆی کاری کردبێت و لە ئەسڵی توانای دەنگی من کەڵکی وەرگرتبێت بۆ کارەکانم، خۆشم دەزانم کە دەبێت ئەو توانایەی لە دەنگی مندا هەیە وەک خۆی کاری لەسەر بکرێت بۆیە هیوام هەیە بۆ داهاتوو، خۆشەویستیشم بۆ ئەو توانا دەنگیەش کە هەمە وایکردووە ئێستا لە هەوڵی وەرگرتنی چەندکۆرشێکی گرنگم لەباری موسیک و بەکار هێنانی دەنگ.
سڤیل: بۆچی دواهەمین ئەلبوومت دەنگدانەوەی نەبوو؟
ئالان عومەر: کاتێک هاتمە دەرەوە بڕیار نەبوو بەیەکجاری بمێنمەوە ئەوکاتیش کاری ئامادەکردنی ئەلبومەکە کرابوو بۆ بڵاوکردنەوە، بەڵام من لێرە مامەوە لەوێوە هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر ئەلبومەکەی بڵاوکردووە، بێگومان خۆم لەوێ بوومایە شتێکی تر دەبوو بەهەر حاڵ من وەک پێویست ئاگام لە چۆنیەتی دەنگدانەوەی نەبوو چونکە سەرەتای دەستپێکردنی ژیانم بوو لێرە سەرقاڵی مامەڵەی مانەوەبووم لەم وڵاتە لەگەڵ ئەوەش کە دەبوو کاری باشتر بکرێت بۆ بڵاوکردنەوەکەو نەکرا. بەڵام سوپاسی ماندووبونی هونەرمەند هەڵکەوت زاهیر دەکەم کە پێوەی ماندوو بوو دڵنیام کارەکانی داهاتووم ئەو کەموکوڕییەش پڕ دەکەنەوە کە لە بڵاوبوونەوەی ئەلبومەکەم غیابی خۆم دروستیکرد.
سڤیل: کاتێک کوردستانت جێهێشت تەمەنی منداڵەکەت لە ساڵێک زیاتر نەبوو، کەچی تۆ کوردستان جێهێشت، ئەگەر هەڵە نەبم ئێستا منداڵەکەت لە کوردستان لە ماڵی “باوکت” پەروەردە دەکرێت، لەوە ناترسی لە دوارۆژ دڵ بەدایک بانگ نەکات و وەک دایک نەتناسێت؟
ئالان عومەر: لەوەڵامی یەکەم باسم کرد کە بەردەوام لەپێناو ژیانکردنم لە دەوام بووم رۆژانە، ئەوکاتیش منداڵەکەم بەشەو دەبینی و هەر بە بچوکیش مالی باوکم گەورەیان کردوە بۆیە ئیستاش لەخزمەتکردنی بێخەمم، کاتیک من سەفەرم کرد تەمەنی 2 ساڵان دەبوو، بەڵام ئێستا من پەیوەندیم باشە و هەموو رۆژ و شەو قسەدەکەین و یەکتر لەڕێی نێتەوە دەبینین، ئێستاش کاروباری رەسمیاتی هێنانی مناڵەکەم بۆلای خۆم تەواو بووە چەند شتێکی بچوکی ماوە بەم زوانە ئەویش تەواو دەبێت و دێتەلام و پێکەوە دەژین.
سڤیل: لە تەمەنی ژیانت لە شتێک پەشیمانی؟
ئالان عومەر: لە زۆر شت پەشیمانم بێ گومان باسکردن و خستنە رووی ئەوانە زۆری دەوێ بەڵام لەباری هونەرەوە لەوە پەشیمانم لەسەرەتای کاری هونەریم ئەوەندەی گرنگیم بەدەنگ و موسیک دەدا ئەوەندە گرنگیم بە خوێندنەوە لەسەر هونەر نەدەدا رەنگە ئەوەش تا ئاستێک رەنگدانەوەی بەسەر هونەرەوە هەبێت، چونکە دەنگ و زانین لە ژەنینی ئامێریک خەڵک ناکاتە هونەرمەند پەشیمانم لەوەی کە تاکو ئێستا نەم توانیووە وەک ئەوەی دەبێت بکرێت خزمەتی وڵات بکەم بەهونەر کەئەمەش هۆکاری خۆی هەیە.
سڤیل: بەبڕوای تۆ بۆچی ئافرەتە هونەرمەندەکانی ئێمە لە زەواجکردن سەرکەوتوو نابن، دوای ماوەیەک لەپرۆسەی هاوسەرگیری، لەهاوسەرەکانیان جیادەبنەوە؟
ئالان عومەر: هونەر بریتیە لە کرانەوە، کە بویتە هونەرمەند دەبیتە ناو، کە بویتە ناو دەنگدانەوە دروست دەکەیت و ژنێکی ئاسایی نیت، ئەمەش وا دەکات کە دەبێت هاوسەری کەسێک بیت توانای هەزمی ئەم واقیع و گەورەبونەی خێزانەکەی هەبێت، لایەکی تر کاتێک ژنێکی ئاسایی گرەنتی نەبێت بۆ سەرکەوتن لە هاوسەرگیرییەکەی کە کاری بەتەنها خزمەتکردنی هاوسەرەکەی و منداڵەکانی بێت چۆن گرەنتی سەرکەوتن و پێکەوە بونی بەردەوام بۆ ژنە هونەرمەندەکان دەبێت لەگەڵ هاوسەرەکانیان؟ کە بەشێکی گرنگی کاتیان بۆ کاری هونەری دەبێت، یان چۆن رێژەی جیابونەوەکانیان چەند بەرانبەر نابێت لە خەڵکی ئاسایی. خەڵکی کورد زۆری ماوە بگاتە ئەو ئاستەی قبوڵی بێت ژنێکی ناوداری هەبێت و ژنەکەی لەخۆی بەناوبانگتر بێت. لە کۆمەڵگەی کوردی تاکو ئێستاش ئەگەر ناوی ژنێک بهێنێت دەبێت ناسنامەی مێردەکەی بەکار بهێنیت بۆ ناساندنی کە بڵێی ژنی فڵانە کەس، بەڵام ئەگەر حاڵەتێکی شاز روو بدات جێی قبوڵکردن نابێت بۆ پیاوەکان وەک ئەوەی پیاوی کورد نەگەشتۆتە ئەو ئاستە و هەرگیز قبوڵی نییە بڵێن مێردی فڵان ژن و ناو بانگی ژنەکەی ببێتە هۆی ناسینەوەی بێگومان ئەوە بۆی دەبێتە گرفتێکی نەفسی گەورە بەردەوام لەگەڵ رۆحی خۆی شەڕی دەبێت ئەم هەموو شەڕەش لەگەڵ ناخی خۆت رۆژێک هەر دەتەقێتەوە و دێتە دەرەوەی خۆت و کێشەی خێزانی دروست دەکات، پیاو لەوێ تاکو ئێستا رانەهاتووە بەوەی کە ژنەکەی ئەو مادام وەک ئەو کارو ئەرکی هەیە دەبێت لە هەموو ئەرکێک هاوبەش بن، رانەهاتووە خێزانەکەی بڵێ بە ئیزینت خەریکی پرۆڤەم و هەندێ ئارامی رابگرە، ئەو راستییە نازانێ کاتێک خەڵک بووە ناو باش و خراپی دەخرێتە پەنا. تەنها خراپەکان وەردەگرێت و بیر لەباشەکان ناکاتەوە، ئەمانەو بەتایبەت ئەو نەخۆشی غیرەی ناوبانگەی کە باسم کردوو ئەو هەستکردن بەشەرمەی کە پیاو بەناوبانگی ژنەکەی بناسرێتەوە لەناو کۆمەڵگە سەرەکیترین هۆکارن، بێ گومان پیاوە هونەرمەندەکانیش لەوە بەدەر نین و غیرەی پیاو لەژن لای ئەوان زۆر زیاتر لەدەرەوەی بوارەکەی خۆیانە، هەروەها رەنگە بەشیکیش بکەوێتە ئەستۆی خودی ژنەکان خۆیان کە نەتوانن بە دروستی رووبەروی ئەو لێشاوەی ناسینی خەڵک ببنەوەو بکەونە هەڵە لە ناسینی خەڵک و هەڵسەنگاندنی دروستی ناسینەکان و زیاتر غیرە و دەردی نەفسی بۆ پیاوەکانیان دروست بکەن، وەک ئەوەی کە رەنگە زۆر کات کورتبینی و دەبەنگی پیاوەکانیشیان هۆکار بێت کە تێ نەگەن.
سڤیل: ئامادەی بۆ جاری دووەم پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام بدەیتەوە؟
ئالان عومەر: پێشتر وتم کە چ بەزمێک دروست دەبێت لە هاوسەرگیری بۆ هونەرمەند، خۆشم بەو ئەزموونە تێپەڕیووم، بۆیە جاریک لەوبارەوە هیچ بریاریک لە ئارادا نیە وە باوەریش ناکەم بەبێ مەرج بریاربدەم ، چونکە ئەم پرۆسەیە بۆ هونەرمەند سەریەشە دروستەکات، بەڵام ئەبێ ئەوەش بڵێین ژیان بە پێکەوە بونی ژن و پیاو جوانە رەنگە منیش لەداهاتوو ئەو بڕیارە بدەم. بەڵام لە داهاتوو عاتیفە بەسەر مندا زاڵ نابێت، بۆیە دەبێت کەسێک کە ناسیم بەرلەوەی وەک کارو ناو بیناسم دەبێت عەقڵ و توانای بیرکردنەوەی و هەزمی راستیەکانی بناسم، بەڵام جارێ ئەو کەسەم نەناسیوە.
سڤیل: تەمەنی 40 ساڵی بەلای کۆمەڵگەوە قۆناخی تێپەڕبوونی گەنجێتییە، تۆ کە خەریکە لەو تەمەنە نزیک دەبیتەوە، ئایا لەو تەمەنە ناترسی؟
ئالان عومەر: من جارێ 10 ساڵێکم ماوە بگەمە ئەو تەمەنە تا ئەو ماوە رەنگە پێناسەکانمان بۆ پیری بگۆڕێت، بەڵام لە ئێستادا لەپیری ناترسم پیری و ئەزموونی ژیان مرۆڤ دەکاتە قوتابخانە بۆ ئەوانی دوای خۆی بە مەرجێک بەرلەپیربون ئەوەی لەیاد بێت کەدەبێت شتێک بۆ دوای خۆی بکات، من ئێستا هونەرمەندم کە پیریش بم دەزانم دەبمە قوتابخانەیەک بۆ ئەوانی دوای خۆم، بۆیە لێی ناترسم، بەڵام هێشتا تەمەنمان ماوە و زووە بۆ باسکردنی پلان و خەمەکانمان لەپیری.
سڤیل: تائێستا کام ساڵ ناخۆشترین یادەوەرییەکانی تۆی تێدا تۆمار کراوە، کام ساڵ بە ناخۆشترین ساڵی تەمەنی خۆت دەزانی؟
ئالان عومەر: سالێ 2009 ناخۆشترین کاتی من بوو، چونکە ناچاری وای کرد لە پێناو ژیان وئایندەی خۆم و کچەکەم وڵات و کچەکەشم بەجی هێشت، بەڵام بۆ گەشتنەوە بە کچەکەم سەری ساڵ رەنگە خۆشترین ساڵ بێت، چونکە کێشەی ئەو چارە بووە بۆ دووری نێوان من و وڵاتیش خوا گەورەیە.
سڤیل: روخسارى تۆ و بەگۆرانیبێژی سوری “ئەساڵە” لێدەچێت، ئایا وایان بەخۆت وتووە؟
ئالان عومەر: بەڵێ زۆر جار لە زۆر شوێن ئەوەم پێ وتراوە و زۆریشم خۆش دەوێت، زۆریش گوێ لەدەنگی دەگرم لەزۆر شوێن، بەڵام لای من گرنگە مرۆڤەکان لە خۆیان بچن بەس لەخۆیان، ئەسالە هەم روخسار و هەمیش هونەری ئەوەندە هەیە کە شانازی بکەی بەلێکچوونی لەگەڵ ئەو.