دوای بەشداری کردنی لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و وەرگرتنی خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە وڵاتی ئیسپانیا، فیلمی کوێستانی قەندیل بەشداری دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئیستانبۆڵ دەکات. فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی ئیستانبۆڵ یەکێک لە فێستیڤاڵە دیارەکانی تورکیا کە ساڵانە بە بەشداری بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان بەرێوە دەچێت، ئەمساڵ دەیەمین خولی بە بەشداری زیاتر لە 20 وڵاتی جیهان لە شاری ئیستانبوڵ و ئانکارا بەرێوە دەبات.
وەک هەنگاوێکی نوێ ساڵی رابردوو لە فێستیڤاڵەکەدا بەشێک بۆ فیلمە کوردیەکان دانرا و ئەمساڵیش ئەو بەشە کراوەتە وە کە فیلمی کوێستانی قەندیل یەکێکە لە فیلمە بەشدار بووەکانی. فێستیڤاڵەکە لە رۆژانی 17/2 تا 27/2 لە شاری ئیستانبۆڵ بەرێوە دەچێت و دوای کۆتایی هاتنی لە رۆژانی 2/3 تا 6/3 لە شاری ئانکارا بەرێوە دەچێت، وەک بەرێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی پێدەکەن زیاتر لە حەوت هەزار بینەری هەیە. کوێستانی قەندیل یەکەم فیلمی سینەمایی درێژی هونەرمەند تەها کەریمیە کە باس لە پێکەوە ژیان و بەریەککەوتنی چوار نەتەوەی کورد و عەرەب و تورک و فارس دەکات لە جوگرافیایەکی وەک کوێستانی قەندیلدا.
ئەم فیلمە لە ژیانی سێ فەقێی مزگەوتێکەوە دەچێتە ناو وردەکاری ژیان و خەمی هاوبەشی نەتەوەکانەوە، لە سەرو هەمویانەوە نەتەوەی کورد. کوێستانی قەندیل بە بەشداری 120 ئەکتەری کورد (لە باشور و باکور و رۆژهەڵاتی کوردستان) و فارس و تورک و عەرەب لە شاری سلێمانی و دەوروبەری وێنەی گیراوە و چەندین هونەرمەندی بەناوبانگ وەک د. قوتبەدین سادقی، جومەرد قارەمان، عەینەدین مەریوانی، لەمیا حسێن و کامەران رئوف رۆڵیان تێدا بینیوە.
تەها کەریمی لە دایک بووی شاری بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و بە فیلمە کورت و درێژەکانی بەشداری زیاتر لە 50 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە و لە مانگی رابردوودا توانی خەڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ فیلمی کوێستانی قەندیل لە فێستیڤاڵی فیلمی ئۆرێنسە لە وڵاتی ئیسپانیا وەرگرێت و پێشتریش چەندین خەڵاتی نێودەوڵتی بۆ فیلمە کورتەکانی وەرگرتووە.
فیلمی کوێستانی قەندیل بەرهەمی بەرێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە .
راگەیاندنی فیلمی کوێستانی قەندیل