تابلۆ حه‌سه‌ن : ده‌گێرنه‌وه ده‌ڵێن له شاری خه‌یبه‌ر له‌و هه‌رێمی کۆنی حهجازهدا کابرایه‌کی جوله‌که ی ده‌وڵه‌مه‌ند هه‌بوو که به به‌ڵێنشکێنی ناوبانگی ده‌رکردبوو ناوی عه‌قروب بوو ، خاوه‌نی ده‌یان باخی پڕ به‌رهه‌می داره‌خورما بوو، ئه‌م عهقروبه برایه‌کی هه‌ژاری هه‌بوو که نانی ئێواره‌ی نه‌بوو له گه‌ل خێزانه‌که‌یدا بیخوات،
هه‌رچه‌نده بیری ده‌کرده‌وه ڕۆژێک په‌نا بباته لای عهقروبی برای که ده‌ستی بگرێت و له چنگی هه‌ژاری ده‌ربازی بکات به‌ڵام له دوای ئه‌وه‌ی بیری له پیسکه‌یی برا گه‌وره‌که‌ی ده‌کرد په‌شیمان ده‌بووه‌وه، تا ده‌هات ته‌وژمی بێده‌رامه‌تی پترههناسهسواری ده‌کرد تا ڕۆژێک قیرسیای کرد و چووه لای براکه‌ی و داوای لێکرد شتێکی بداتێ له‌وه‌ی خودا پێی داوه ، عه‌قروب که له‌و ده‌مه دا له نزیک یه‌کێک له باخه‌کانی وه‌ستا بوو به ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ فه‌سیلێک کرد ( فه‌سیل ، نه‌مامی داره‌خورمایه) پێی وت :
برای ئازیزم ئه‌و فه‌سیله که به‌ری گرت با بۆ تۆ بێت ! برای بێچاره وتی باشه ، چه‌ن ساڵێکی به‌سه‌رچوو فه‌سیل هه‌راش بوو و به‌ری گرت دیسان چووه لای براکه‌ی و پێی وت ئه‌وا فهسیلهکه به‌ری گرت برام ، عه‌قروب پێی وت هێشتا به‌ره‌که سه‌وزه با خه‌ڵاڵ بێت وه‌ره بیبه ، که خه‌ڵاڵ بوو جارێکیکه چووه‌وه لای برای گه‌وه‌ره داوای جێبه‌جێکردنی به‌ڵێنه‌که‌ی لێکرد ، پێی وت برا گیان ئه‌وه هێشتا خهڵاڵه سوودی لێوه‌رناگریت چاوه‌ڕێ بکه تا تۆزێک زهردبێتهوه ئه وجا وه‌ره بۆ خۆت بیبڕه، ماوه‌یه‌کی که به‌ر زهردر بوو دیسان ڕۆیشته‌وه یه‌خه‌ی براکه‌ی گرت، برا پێی وت ، کاکی خۆم بۆ ئه‌وه‌نده په‌له ده‌که‌یت ده چاوه‌ڕێ بکه تا پێبگات له به‌ر خۆره‌تاوی مانگی ئابدا ئه‌وجا وه‌ره وه، به‌ری داره‌که پێگه‌شت و ڕۆیشته‌وه ئه‌مجا عه‌قروب پێێ وت ، برای ئازیزم یه‌کجاری چاوه‌ڕی بکه ببێت به خورما ئه‌وجا وه‌ره‌وه بیبه بۆ منداڵه‌کانت ، کاتێک به‌ری دار بوو به خورما برا به دڵێکی پڕ ئاواته‌وه ڕووی کرده داره‌خورماکه بینی عهقروبی دڵره‌ق له نیوه‌شه‌ودا خورماکه‌ی بۆ خۆی بڕیوه برای هه‌ژاریش ده‌ستێک له پێش و ده‌ستێک له پاش ملی ڕێگای گرت و به دڵێکی شکاوه‌وه به‌ره و ماڵه‌که‌ی خۆی دایکێشا ، ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه عه‌قروب بوو به ڕه‌مزی به‌ڵێنشکێنی براکه‌ی بوو به ڕه‌مزی مرۆڤی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراوی ناو کۆمه‌ڵگاکان، ته‌نانه‌ت به‌ڵێنی عهرقوبیش بوو به زاراوه‌یه‌کی سیاسی له وتار و نووسینه‌کاندا وه‌کو نموونه ده‌نووسرێته‌وه .
له‌م کوردستانی خۆشه‌ویسته‌ی ئێمه‌ش له دوای ڕاپه‌رینه سه‌ربه‌رزو شکۆداره‌که‌ی ئێمه‌ی جه‌ماوه‌ری باشووری کوردستان کۆمه‌ڵه که‌سێک به ناوی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێری هاتن و ده‌سه‌ڵاتیان بۆ خۆیان پاوان کرد و ته‌نانه‌ت کردیان به مردهڵان (ارث) بۆ کوڕ و کوره‌زاو خزم و که‌سوکاریان، ئه‌م قسه‌یه‌ش هه‌موو پارته‌کان ده‌گرێته‌وه له ڕاسته‌وه بۆ چه‌پ ، جا که‌س خۆی نه‌کاته پاڵه‌وانی چاکسازی لێمان ، نه‌ته‌وه نه‌ته‌وه‌ی خۆمانه هه‌موو دهمچاوهکان چاک ده‌ناسینه‌وه ، دۆسیه‌ی هه‌موتان لای ئێمه‌یه، گه‌نده‌ڵێش هه‌زار و یه‌ک ده‌نگ و ڕه‌نگ و جۆری هه‌یه ، که‌ستان مه‌سیح نین.
ئێستا گه‌لی کوردستان له دۆڵێک و ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنی سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتیش له دۆڵێکی تردا ده‌ژین، له نێواندا دیوارێک له ته‌مومژی گه‌نده‌ڵی و مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت و کۆنه قینی و تازهقینی سنووره . پرسیاریش ئه‌وه‌یه ، ئایا کێ ده‌توانێت به پاچی هیمه‌ت و دڵسۆزی ئه‌و دیواره بڕووخێنێت !؟
ئێمه ڵێره‌دا ناوی که‌س نابه‌ین وه‌کو فریادره‌س به‌ڵام هه‌قی خۆمانه بڵێێن . به‌ڕێز سه‌رۆکی کوردستان ، زۆرینه‌ی گه‌ل ده‌نگ و دڵیان دا به تۆ ، چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌کیان وه‌کوو ئه‌مانه‌ت دا به ده‌ستی تۆ ، تکایه ببه به سه‌رۆکێک له نێوانی نه‌ته‌وه‌ی سته‌مدیده‌ی چاوه‌ڕوان و حوکمه‌تێکی بێبه‌رنامه و په‌رله‌مانێک که وه‌ک سه‌عاتی چاڵمه کار ده‌کات و دادوه‌رییه‌ک که هێشتا باڵغ نه‌بووه ، ئه‌گه‌ر ئێوه ده‌ستی جیدی بۆ چاره‌سه‌ره‌کان درێژ نه‌که‌ن ، ئه‌م سێ ده‌سه‌ڵاته به ده‌ردی عهقروبمان ده‌به‌ن ئێمه‌ی گه‌لیش براکه‌ی عه‌قروب