كارۆخ مەلائەسعەد: چەند مانگێك بەر لە ئێستا (مۆنیكا زاهیر) لە هەندێك لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەكان باسی لەوە كردبوو، كە ئەویش دەیەوێت بێتە ناو بواری گۆرانیگوتن و ڕێگای (لۆكە)ـی خۆشكی بگرێتە بەر، بۆیە بەڵێنەكەی هێنایە دی و ئێستا ناوبراو گەڕاوەتەوە كوردستان و خەریكی كلیپكردنی دوو گۆرانییە.
(مۆنیكا) بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: بە مەبەستی كلیپكردنی دوو گۆرانی و چەند پڕۆژەیەكی دیكەی هونەری سەردانی كوردستانی كردووە و لە نزیكترین كاتیشدا كارە هونەرییەكانی بۆ میدیاكان دەخاتە ڕوو.
ئەو خانمە باسی لە ناوەڕۆكی كارەكەی كرد و گوتی: “چەند ڕۆژێكە لەگەڵ دەرهێنەری بەتوانا (شاهۆ تەییب) سەرقاڵی كلیپكردنی دوو گۆرانیم، كە ئاوازی گۆرانییەكانیشم (هەڵكەوت زاهیر) دایناون، هەروەها هۆنراوەكانیشیان، شیعری (كاوە حەسەن و فەرەیدون عەبدول بەرزنجی)ـن.”
(مۆنیكا) شانازی بەوەوە دەكات، كە هەردوو كلیپەكەی (شاهۆ تەییب) دەرهێنەرەكەیەتی، چونكە شاهۆ یەكێكە لەو دەرهێنەرانەی بە شێوەیەكی زۆر پڕۆفیشناڵ كاری دەرهێنان بۆ كلیپ دەكات.