كارۆخ مەلائەسعەد (سامان عومەر) چوار ساڵ دەبێت هیچ بەرهەمێكی هونەریی نەبووە و هەوادارنیشی بەردەوام گلەییان لێی هەبووە، بەوەی جموجۆڵە هونەرییەكانی كەم بووەتەوە، هۆكاری گلەییكردنەكەشیان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە نازانن بۆچی ناوبراو بێدەنگە و هیچ گۆرانییەكیان بۆ ناچڕێت! بەڵام (سامان) ئێستا سەرقاڵی كارێكی نوێیە و بەم كارەیشی وەڵامی هەموو هەوادارانی دەداتەوە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا هونەرمەند (سامان عومەر) بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: “لەم كاتانەدا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی كارێكی تازەم و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا ئەو كارەم دەخەمە بەر دیدی هەموو لایەنگرانی دەنگم.”
ئەو لە بارەی كارە تازەكەیەوە دەڵێت: “كارەكەم بریتییە لە گۆرانی و كلیپێك و گۆرانییەكەیشم بە ناوی (ناتوانم)ـە، كە ئاواز و گۆرانییەكەی هیی خۆمە و دابەشكردنی میوزیكەكەیش (گۆران كامیل) كردوویەتی.”
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا گوتی: “هەمان گۆرانییشم لە وڵاتی فینلەندا كردووە بە كلیپ، هاوكات وێنەگرتن و دەرهێنانیەكەیشی لە لایەن ( بڕوا تەها)ـەوە كاری بۆ كراوە، بۆیە لێرەوە هۆگرانم ئاگادار دەكەمەوە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا بە بەرهەمی تازەوە دەگەڕێمەوە لایان.”