فلیمی دیکۆمێنتاری (شۆڕشێک لە غەریبى) دوای ئەوەى بەشدارى کرد لە فیستیڤاڵى (کێرچ) لە (ئوکراینا) و توانى لە نێو (38) فیلمی وڵاتانی جیا جیای بەشدار بووی ئەو فیستیڤاڵە، خەڵاتى یەکەم و باشترین فیلم بەدەست بهێنێت، ئەم جارەیان بەشداری دەکات لە فیستیڤاڵى ( تاڵین) لە ووڵاتى (ئیستۆنیا)، کە وا بڕیارە چالاکییەکانی لە ڕێکەوتى 25-8-2010 دەست پێ بکات.
(شۆڕشێک لە غەریبى) لە دەرهێنانی (هەڤاڵ حەمەد)ـە، باس لە ژیانى هەڤاڵانى سەرۆک (مەڵامستەفای بارزانى) دەکات، کە لە یەکێتى سۆڤیەتى جارانەوە، ژیان و بەسەرهاتى ئەو ئافرەتانەى کە لەگەڵ پیاوەکانیان گەڕانەوە بۆ کوردستان دوای 50 ساڵ لە غوربەت ژیان بەسەردەبەن، کە بۆتە هۆى دابڕانیان لە کور و باوک و دایکیان.
ئەم فیلمە بەرهەمى کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤى یە، کاری مۆنتاژى لەلایەن (ئەژین ئەحمەد) خودی (هەڤاڵ حەمەد)ـیش کاری وێنەگرتن و دەرهێنانی ئەنجامداوە
لەم بارەیەوە (هەڤاڵ حەمەد) لە لێدوانێکی دا گوتى : “هیوادارم بتوانم لەم ڤیستیڤاڵە ئەنجامێکى باش بە دەست بهێنم، هەروەک چۆن پێش چەند مانگێک لە فیستیڤاڵى (کێرچ) لە (ئوکراینا) توانیم لە نێو (38) فیلمدا، خەڵاتى یەکەم و باشترین فیلم بەدەست بهێنم”.
(هەڤاڵ) گوتیشی : “لە ڕێگاى ئەم فلیمە دیکۆمێنتاریەوە ئومێدم وایە، لا پەرەیەک لە مێژووى خەبات و خۆراگری کورد بە ووڵاتانی دەرەوە بناسێنم، دەمەوێ ئەوەش بڵێم زۆر سوپاسى کەناڵی ئاسمانی کوردستان tv دەکەم، کە هاوکاریان کردم، تا بتوانم بەشدارى بکەم لەم ڤیستیڤاڵە”.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە (هەڤاڵ حەمەد) وەک لاوێکی راگەیاندکار، توانیویەتی لە رێگەی کاری وێنەگری و دەرهێناندا، ساڵانێکە لە نێو راگەیاندا کار دەکات، بەتایبەتی لەکەناڵی ئاسمانی کوردستان tv رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە، بەشداریی کاری وێنەگرتن و دەرهێنانی بۆ چەندیین پرۆگرامی هونەری و کاری بەرهەم هێنانی کلیپی چەندیین گۆرانی هونەرمەندانی گۆرانیبێژ کردووە.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هونەری هەولێر