کورتە فیلمی “ماڵ و کلیل” لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد “شوان عەتووف” خەڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “سینە فیلم”ی لە ئیتاڵیا بەدەستھێنا.
کورتە فیلمی چیرۆکی “ماڵ و کلیل” Home And Key لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد “شوان عەتووف” و بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی کە لە لایەن کۆمپانیای “ئای لۆف فیلم” لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕکێی “کۆمەڵایەتیی” لە ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “سینە فیلم” Cine Film لە شاری رۆم لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلم بە “شوان عەتووف” دەرھێنەری ئەم فیلمە بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان بەخشرا.
خاڵی بەرچاو لە بەشداری کورتە فیلمی “ماڵ و کلیل” لەم فیستیڤاڵەدا ئەوەیە کە بۆ یەکەمین جار لە ناو فیلمەکانی باشووری کوردستاندا ئەم فیلمە بە ناوی کوردستانەوە بە بێ پاشگری عێراق بەشداری لەم فیستیڤاڵەدا کرد.
ئەمساڵ لە لایەن فیلمسازانی ٨٧ وڵاتی جیھانەوە ١٦٧٥ بەرھەم بۆ بەشداری لەم فیستیڤاڵە ڕەوانە کرابوو کە لە کۆتاییدا ١٠٠ بەرھەم بۆ نمایش لە بەشەکانی فیستیڤاڵ دەستنیشانکران. ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “سینە فیلم” لە سێ بەشی پێشبڕکێی “کۆمەڵایەتیی”، بەشی پێشبڕکێی “ئەنیمەیش” و بەشی پێشبڕکێی “ئازاد” لە رۆژانی ٢٥ تا ٢٨ی ئازار / مارسی ٢٠١٥ لە تەلاری ھونەر لە شاری رۆمای پێتەختی وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.
خەڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “سینە فیلم”ی ئیتاڵیا دەیەمین خەڵاتی جیھانی “ماڵ و کلیل” دێتەئەژمار و ئەم فیلمە کوردییە پێشتریش ٩ خەڵاتی بەدەستھێناوە، لەوانە: خەڵاتی باشترین فیلم لە لایەن لێژنەی دادوەران و ھەروەھا خەڵاتی باشترین فیلمی لە لایەن بینەران لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “فۆئێنکالینتێ رۆرال” لە ئیسپانیا، خەڵاتی باشترین فیلم لە لایەن لێژنەی دادوەرانی ٢٦ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “گیرۆنا” لە ئیسپانیا، خەڵاتی باشترین فیلمی نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “ئاریکا ناتیوا” لە چیلی، خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەران لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “فایتی کۆرتی” لە ئیتاڵیا، خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەران ١٤ەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی “ئۆ کورت” لە ئیتاڵیا، خەڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی “تکسی کاتالۆنیا” لە ئیسپانیا و ھەروەھا خەڵاتی باشترین فیلم لە ڕوانینی بینەران لە یەکەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی “مافی مرۆڤ” لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان.
کورتە فیلمی “ماڵ و کلیل” لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بیست و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کورتە فیلمی “کۆنترا ویژیون” Contra Vision لە ئەڵمانیا نمایشکرا.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری ٧٨ کورتە فیلم لە ٢٣ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە رۆژانی ٢٠ تا ٢٨ ئازار / مارسی ٢٠١٥ لە سینەمای ناوەندی شاری بەڕڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.traccecinematografichefilmfest.it/Traccecinematografichefilmfest/Finalist___Winner_2015.html
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی “ماڵ و کلیل”.
Discussion about this post