چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیى : “حەزدەکەم لەگەڵ ئەیوب عەلى و چۆپى گۆرانى دوێت بکەم”
هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا چەند مانگێکە بۆ یەکجارى گەڕاوەتەوە کوردستان، ساڵى 2006 لە زانکۆی “ئۆپسالا” لە وڵاتی سوید بڕوانامەی ماجستێرى لە بواری دەرمانسازی بەدەستهێنا، بۆ ماوەى سێ مانگە لە کۆمپانیای “ئاوا میدیکا” لە شارى هەولێر وەک بەرپرسى بەرهەمەکان ”Product Manager” کار دەکات، کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانى دەرمان، بڵند عەبدوڵڵا لەو چاوپێکەوتنەى لەگەڵ (سڤیل) هۆکارى گەڕانەوەى بۆ کوردستان و دوا پرۆژە هونەرییەکانى ئاشکرا دەکات، ئاماژەش بە هەندێ لایەنى ژیانى تایبەتى خۆیشى دەکات.
سڤیل: بیستوومە بە یەکجارى بڕیارى گەڕانەوەت بۆ کوردستان داوە، راستە؟
بڵند عەبدوڵڵا: بەڵێ راستە، کوردستانم گرتۆتە باوەش بۆ خزمەتکردنى ئەو گەڕاومەتەوە، بۆئەوەى ئەو ئەزموونە و زانستە پێشکەوتووەى لە وڵاتى سوید بەدەستم هێناوە خزمەتى گەلەکەى خۆمى پێ بکەم لە جیاتى خەڵکى بێگانە.
سڤیل: ماوەیەکى زۆرە خەریکى بەرهەمهێنانى ئەلبوومێکى نوێى، ئێستا کارە هونەرییەکانى بە کوێ گەیشتووە؟
بڵند عەبدوڵڵا: هەمووى تەواوبووە و ڤین تیڤى پرۆداکشنى گرێبەستەکەى لەگەڵ کردووم و پێم وتوونە لەنەورۆز بۆم بڵاوبکەنەوە، نەک ئێستا، 11 تراک لە خۆدەگرێت و ناوم لێناوە “father” چونکە گۆرانییەکم بۆ باوکم و هەموو باوکانى کوردستان وتووە، گۆرانییەکانم بەشێوەى سۆرانى و کرمانجى وتووە، هەروەها لەسەر هەموو ستایلەکان کارم کردووە، هەروەها گۆرانییەکم بە زمانى ئینگلیزى تۆمارکردووە وەک یەکەم ئەزموون، هەروەها گۆرانییەکى خوالێخۆشبوو هونەرمەند تەحسین تەهام وتۆتەوە، ئینجا وەک هەمووجار تراکێکى موزیک بە ئامێرى کەمان کردووە. هەروەها گۆرانیەکم بۆ کوردستان کردووە، سوپاسى بێ پایانم بۆ شاعیرى لێهاتوو کاک سەرکەوت رەسوول دەکەم کە هاوکاریکردم لە شیعرەکان، هونەرمەند نەریمان بابانیش بە چەند شیعرێکى جوان و پڕ لە هەست هاوکاریکردم، عەبدولعەزیز سەلیم شیعرێکى جوانى بۆ دانام بۆ گۆرانییەک کە بۆ زاخۆ تۆمار کردووە.
سڤیل: تۆ دوو گۆرانى جەماوەریت هەیە، یەکێک لەوانەیە گۆرانى “بڕۆن بڕۆن بێوەفا” کە چووە سەرزارى گەنجان، بەڵام دواى ئەوە گۆرانییەکى وات نەکردووە کە بچێتەوە سەرزارى گەنجان، بۆچى؟
بڵند عەبدوڵڵا: کاتێک هونەرمەند گۆرانییەکى دەرکرد و ناوبانگى دروستکرد ئیتر ئیش و بەرپرسیارەتى هونەرمەند زۆر گەورەتر و قورستر دەبێت، بۆیە دەبێت هونەرمەند زۆر بەوردى و عاقلانە ئیش بکات بۆ گۆرانییەکى جەماوەرى، من باوەڕى زۆرم هەیە بە یەک تا دوو گۆرانى لەم ئەلبوومە تازەیە دەبنە گۆرانى جەماوەرى.
سڤیل: ئەگەر گۆرانییەکى دوێت بکەى کەسێکى دیاریکراو هەیە حەز بکەى دوێتى لەگەڵ بکەى؟
بڵند عەبدوڵڵا: ئەو کەسەى دوێتى لەگەڵ بکەم دەبێت خۆم حەزم لەدەنگى بێت، لەگەڵ هونەرمەندى پیاو حەزدەکەم لەگەڵ ئەیوب عەلى بێت، لەگەڵ ئافرەتیش چۆپى فەتاح.
سڤیل: پێت وایە گۆرانى چۆن دەبێتە گۆرانییەکى جەماوەرى؟
بڵند عەبدوڵڵا: دەبێت ئاوازەکەى ئاسان بێت و سەربەندێکى هەبێت، کە چەند جارێک دوویارە ببێتەوە لە گۆرانییەکەدا، هەروەها تێکستى پڕ لە مانا بێت، لەهەمانکاتدا تێکستەکە سادە و خۆش بێت لەسەر زارى خەڵک، کلیپى جوان و پرۆڤیشناڵ دەور دەبینێت.
سڤیل: لاى تۆ گۆرانى چۆن دروست دەبێت؟
بڵند عەبدوڵڵا: لەپڕدا! بێئەوەى هیچ هزر و بیرێکم لاى بێت! چیرۆکێک دێتە خەیاڵم خۆم تێکستێکى سادەى بۆ دەنووسم و پێشنیارى کەسانى شارەزا دەکەم بۆم بنووسن، پاشان بە گوێرەى بیرۆکە و بابەتى گۆرانییەکە شێوازى ئاوازەکە دادەنێم.
سڤیل: خۆت ئەزموونى دڵداریت هەیە؟
بڵند عەبدوڵڵا: گوێ لەگۆرانییەکانم بگرە.
سڤیل: تۆ کە بڕوانامەى ماجستێرت هەیە لە بەشى دەرمانسازى، بیرت لەوە نەکردۆتەوە لە کوردستان لەو بوارەدا کاربکەى؟
بڵند عەبدوڵڵا: من لە زانکۆی “ئۆپسالا” لە وڵاتی سوید بڕوانامەی ماجستێرم بەدەستهێنا لەبواری دەرمانسازیدا، شارەزایەکی زۆر چاکم بەدەستهێنا لەو بوارەدا، ئەو بوو کۆمپانیایەکی دەرمناسازی و بەرهەرمهێنانی دەرمان لەکوردستان دامەزرا و پرۆفیسۆر د. بەرهەم رەسول وەک بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای “ئاوا میدیکا” کە ئێستا لەشاری هەولێرە و بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی دەرمان، لەگەڵ ئەو بەڕێوەبەرە گفتوگۆی زۆرمان کرد، دەربارەی چۆنیەتی کارکردنی من لەو کۆمپانیایە، ئیتر کە هاتمەوە لەسوید لەمانگی ئابی ئەمساڵ، بینیم ئیشوکارەکانیان زۆر رێکوگونجاوە، دەکرێ منیش لەو شوێنەدا کار بکەم و تواناکانم بخەمەگەڕ، بۆئەوەی خزمەتی وڵاتی خۆم بکەم، کە ئەوە زیاتر خۆشحاڵم دەکات، ماوەی 3مانگە کاردەکەم لەو شوێنە وەک بەرپرسى بەرهەمەکانم”Product Manager” زۆر دڵخۆش و ئاسوودەم.
سڤیل: خەڵکێکى زۆر گلەیى لەدەرمان و دکتۆرەکان دەکەن لە کوردستان، تۆ کە لەو بەشەدا پسپۆرى، هەستت بەوە کردووە ئەو دەرمانەى کە دێنە کوردستان خراپن یاخود بەسەرچوونە؟
بڵند عەبدوڵڵا: رەوشى دەرمان و پزیشکى لە وڵاتى ئێمە کارەساتە، کۆمەڵێک دکتۆر و پسپۆرى بەتوانامان هەیە، بەڵام بە هۆى نەبوونى دەرمانى چاک و کواڵێتى بەرز کێشە بۆ دکتۆرەکانیش دروست بووە لە کاتى چارەسەرکردنى نەخۆش، بەڵام ئینشاڵڵا ئێمە دەتوانین هاوڵاتیان لەو کێشەیە رزگاریان بکەین.
سڤیل: زۆر لە ئەکتەران و گۆرانیبێژان جگە لە کارى هونەرى، کارى پێشکەشکاریش دەکەن، بیرت لە پرۆژەیەکى وا نەکردۆتەوە؟
بڵند عەبدوڵڵا: نەخێر زۆر نا، بەڵام بیرم لەوە کردۆتەوە بەشدارى بکەم لە فیلمێکى ئاست بەرز، بەڵام وەک پێشکەشکار نەخێر، چونکە بۆ ئێستا بۆتە شتێکى تەقلیدى، بەڵام ئەگەر هاتوو پرۆگرامێکى هونەرى لەسەر بنەمایەکى پرۆڤیشناڵ بێت و کارێکى ئاستى بەرز بێت بۆ نا.
سڤیل: ژیانى ئەوروپا چى فێرکردووى؟
بڵند عەبدوڵڵا: من تا دنیا ماوە سوپاسى دایک و باوکم دەکەم کە ئێمەیان برد بۆ ئەوروپا، ئەمڕۆ من بڵندم لەسایەى سەرى ئەوروپا، کە کانگارى زانست و بیر و عەقلى جوانە ئەگەر بزانى چۆن ئیستیفادەى لێ دەکەى، راستى وڵاتى سوید زۆر شتى پێبەخشیووم.
سڤیل: پێمان خۆشە بەسەرهاتێکى خۆشى خۆتمان بۆ بگێڕیتەوە؟
بڵند عەبدوڵڵا: چەند هەفتەیەک پێش ئێستا لەگەڵ هاوڕێیەکم لە زاخۆ دەهاتینەوە بۆ هەولێر، کە گەیشتینە سەیتەرەى هەولێر ئەفسەرەکە داواى هەویەى لێم کرد، منیش بە دڵێکى فراوانەوە لەجیاتى هەویەک سێ جۆر هەویەم دایێ، بە پێکەنینەوە وتم هەمووى بۆ خۆت، ئەویش سەیرى هەموویان کرد و سەیرى منى کرد، وتى ئێ کاک بڵند زۆر داواى لێبوردنم دەکەم، ماڵئاوا بۆچى ئیش و خۆت و خۆم زەحمەت دەکەى، هەر لەسەرەتاوە بتگوتایە من بڵند عەبدوڵڵام.. منیش وتم بە قوربان من لە هەموو دنیا نەموتووە من بڵندم بۆ نامناسى؟
سڤیل: حەز لە بەخێوکردنى چ گیانلەبەرێک دەکەى؟
بڵند عەبوڵڵا: تووتى، تووتیەکى زۆر جوان و ژیرم هەبوو، بە ناوى “دینۆ” هەرچەندە ژیر و عاقل بوو، بەڵام لەهەمانکاتیش شێت و پێت بوو، بۆیە ناوى “دینۆ” بوو، ئینجا “دینۆ” لە کلیپى “بڕۆن بڕۆن”یش وەک کۆمپارس بەشدارى تێدا کردووە، بەڵام بەداخەوە ئێستا نەم ماوە، بەنیازم دانەیەکى تازە پەیدا بکەم.