حەیدەر عەبدولڕەحمان : زۆر جاران لێدوانە زەق و زلەکانی ھونەرمەند سەعدون یونس –لە گۆڤارو رۆژنامەکاندا دەخوێنمەوە کە چۆن ھیرش دەکاتە سەر دراماکارەکانی خۆمان و تومەتبار کردنیان بە دەستەپاچەییان بەرامبەر بە داھێنان و ناھەمواری باری درامای کوردی وچەندین گلەیی و بناشتی تر , بە شێوەیەک ئەوەی نابەڵەد بێت و بێ ئاگا بێت لە بەرھەمەکانی ئەم دواییەی سەعدون یونس دووش دادەمێنێت لەوەی کە دەبێ ئەو پیاوە چ داھێنەرێک بێت و رێ ی لێ گیرابێت ؟
ئەگەر کار بکات دەبێ چ موعجیزەیەک دروست بکات و دەیان پرسیاری تر .. بێ ئەوەی سەعدون یونس ئەوە بە خەڵکی بڵێ کێ ھۆکارە بۆ دروست بوونی ئەو حاڵەتە ناھەموارانەی ئەو لە درامای کوردی دا باسیان لێوە دەکات ؟ ئایا سەعدون یونس لە پێشەوەی ئەو کەسانە نیە کە لەم دواییەدا درامای کوردییان بێزەوەر کرد ؟ چ لە رووی بە ھەدەر بردنی پارو پولێکی زۆرو و چ لە رووی کرچو کاڵی کاری ھونەری ؟ ئەو لە خۆی ناپرسێ کوا ئەو زنجیرە درامایەی کە دەزگای مێرگ بە ملیۆنەھا دینار بۆی بەرھەم ھێنا و ھیچ کەناڵێک بەھۆی کرچو کاڵی بەرھەمەکە پەخشی نەکرد , ئەو بە فرتو فێڵی دووبارە تۆمار کردنەوەی زنجیرەی ھەبوو نەبوو بە رەنگاو رەنگی بە بێ پرسی دەرھێنەری راستەقینەی بەرھەمەکە بە ملیۆنەھا دیناری تر بەرھەمەکەی تۆمار کردەوە کوا ئەو بەرھەمە لە کوێیە بۆ کەس نەیبینیووە ؟
ھەر لە چوارچیوەی سیاسەتی خۆ جوینەوەی خۆی سەعدون یونس درامای گەڕەکەکەمانی بە شێوەیەکی شێواو تۆمار کردەوە کە نەک ھەر نەیتوانی شتێ بخاتە سەر بەرھەمە کۆنەکەی بەڵکو نرخ و بەھای بەرھەمە کۆنەکەشی لە دەست دا , ھەموو ئەو شکستانە وای کرد کە سەعدون یونس لە دەرەنجامی دەستە پاچەیی بەرامبەر بە داھێنان و بازرگانی کردن بە دراماو قەبوڵ نەکردنی بۆ پەخش کردن لە بەر لاوازی و ئاستی نزمی بەرھەمەکان , ئەو متمانەیەی لە دەست دا چ لە لایەن دەزگاکانی بەرھەم ھێنان و چ لە لایەن بینەر, ئیدی ئەوەی بۆ سەعدون یونس مایەوە تەنھا فاک وفیک لێدانە تەنھا بە زنجیرە درامای ھەبوو نەبوو کە تاکە دەرفەتێک بوو بۆ سەعدون ئیدی تا ئەبەد ئەو چانسەی نابێتەوە کە لە ھەشتاکانەوە بە خۆیەوە بینی .
لە راستیشدا خۆ سەعدون یونس ھیچ پەیوەندییەکی بە کاری دەرھێنانی دراماوە نیە , ئەوەی تا ئێستاکەش بە ناوی دەرھێنانەوە کردویەتی چ لە بواری شانۆ چ لە بواری درامادا نەیان توانییووە لە سنووری تەقلیدیەتێکی مردوو تێپەڕێنن , رەنگە بتوانین سەعدون یونس بخەینە پاڵ ئەکتەری بەڵام ئەویش لە بازنەیەکی دیاری کراودا , چونکە لە زۆر لەو رۆڵانەی لە محەمەدو سێوێ و خاتوو کڵاو زەڕو ھەندێ بەرھەمی تردا دیویەتی فەشەلی ھێناوە , ئەوە جگە لەو درامایانەی کە خۆی دەری ھێناون و سوچێکی بۆ خۆ نیشاندانی خۆی داناوەو لە ھەموو ئەکتەرەکانی تر لاوازتر دەرکەوتووە .
بۆیە ھەموو ئەو بەرھەمانەی دوایی کە سەعدون بەرھەمی ھێناون و شکستییان ھێنا , ئەوە دەردەخەن کە سی ساڵی رابوردووی پەناھەندەیی سەعدون و دوورە پەرێزی لە گۆڕەپانی ھونەری و خۆ خەریک بوونی بە کارو کاسبی لەو وڵاتانەدا , سەعدونییان بە تەواوەتی لە دەسەڵاتی ھونەریدا چۆڕاندۆتەوە , بۆ یە ئەو ناتوانێت بۆشایی ئەو روخانە زەقە بە قسەی زل و لێدوانی قەبەو تۆمەتبار کردنی دراماکارەکان پڕ کاتەوە , بێدەنگی بۆ ئەو لە نێو ئەو روخانەدا لە بەدەنگەوە ھاتن باشترە , دەبێ سەعدون یونس بوێری ئەوەی ھەبێت بەر لە تومەتبار کردنی کەس دان بە کۆتایی ھاتنی خۆی بنێت , ئەو کۆتایی ھاتنەش پرسێکی سروشتییە چونکە مەرج نیە مرۆڤ پاڵەوانی ھەموو زەمەنەکان بێت , بەڵام ئەوەی ناسروشتییە ئەوەیە کە تۆ بتەوێت لە سەر بنەمایێکی بۆش و بە تاڵ خەڵک چەواشە بکەیت و ئیدعای قەیرانی دراماو گەندەڵی لە دراما بکەیت , لە کاتێکا خۆت ھیچت پێ نەمابێت و ھەموو متمانەیەکت لە دەست دابێت ..