هەولێر، مەسعودى مەلا هەمزە : هونەرمەندى کۆمیدی بوارى شانۆ و دراما ئەیام ئەک :رەم لە نوێترین کارى خۆیدا بە بینینى رۆڵی سەرەکى لە فیلمى سینەمایی “سوارە و چێڵەکەى” لە رۆژانى جەژنى رەمەزانى پیرۆز دەبێتە میوانى دۆستانى. فیلمى سینەمایی سوارەو چێڵەکەى لە سیناریۆ و دەرهێنانى عەدنان شەریفەو بەرهەمى کۆمپانیاى جیهانە، بڕیارە لە رۆژانى جەژنى رەمەزان لە هۆڵی میدیاى شارى هەولێر نمایش بکرێ.
لەمبارەیەوە ئەیام ئەکرەم لە لێدوانێکى تایبەتدا گوتى: بۆ دڵخۆشکردنى بینەران و هەوادارانى فیلم، بڕیارە لە رۆژانى جەژندا فیلمى سینەمایی سوارەو چێڵەکەى نمایش بکرێ، کە ئەو فیلمە بە شێوازێکى کۆمیدی بەرهەم هاتووەو تێیدا رۆڵی سەرەکیم هەیە”.
ئەیام گوتیشی: ئەم فیلمە لە رۆژانى جەژنى رەمەزانى پیرۆز لە هۆڵی میدیاى شارى هەولێر نمایش دەکرێ و بەهیوام زۆرترین کەس لە هەوادارانم ئەو فیلمە ببینن”.
شایانى باسە بڕیارە لەهەرسێ رۆژی جەژندا ئەو فیلمە لە چوار کاتى جیاواز “10ى بەیانى، 3ى عەسر، 7ى ئێوارە، 10،30ى شەو لە هۆڵی میدیا نمایش بکرێ و پلیتیش لە بارەگاى تەلەفزیۆنى جیهان و سەنتەرى ئەربائیلۆ و هۆڵی میدیا دەست دەکەوێ”.