مەسعودی مەلا ھەمزە : رەمەزان ھاتەوەو وەک ھەموو ساڵان دەبێ دیسان چاوەڕێی ئەوەبین ھونەرمەندانی کورد بە دەیان سروود و گۆرانی ئایینی تۆماربکەن و لە کەناڵەکان بڵاوی بکەنەوە.
یەکێک لە خاسیەتە جوانەکانی مانگی پیرۆزی رەمەزان کۆکردنەوەی خێزانە لەسەر یەک خوان، بۆیەشە دەبینین لە رەمەزاندا زۆرترین خەڵک بەرنامەکانی تیڤی و بەرھەمەکان دەبینێ و پێی ئاشنا دەبێ.
چەند ساڵێک لەمەوبەر خەڵک واراھاتبوو لەگەڵ ھاتنی رەمەزان چاوەڕێی درامایەکی نوێی کوردی بکا و شەوانی ئەو مانگە بەدیار بەرھەمێکی کوردی بەسەرببا، وەلێ ئێستا خەریکە ئەو شتە کاڵ دەبێتەوەو و کەناڵە کوردییەکان وەک پێویست بایەخ بە بەرھەمھێنانی زنجیرە درامای کوردی نادەن، بەقەد ئەوەی رادەکەن و درامایەکی بیانی دۆبلاژدەکەن و بەزمانی کوردی پێشکەشی بینەرانی دەکەن، ئینجا خۆزگە ھەموو ئەو درامایانەی دۆبلاژ دەکران وەک “دۆنگ یی و یی سان” بوونایە، نەک ئەو درامایانەی دژی کوردن و سووکایەتی بە کورد دەکەن، کەچی بە پارەی کورد دۆبلاژ دەکرێن و لە کەناڵی بەناو کوردیش پەخش دەکرێن و کەسێکیش نییە بڵێ ئەرێ بۆ ئەو بەرھەمانە دۆبلاژ دەکەن؟
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە باسی بکەم ئەوەیە ئەو ١-٢ ساڵەی دوایی خەریکە دەبێتە کلتوور لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزان لە شوێنی دراما دەبێ چاوەڕێی کلیپی ئایینی ھونەرمەندان بکەین، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو ھونەرمەندانە ئایینپەروەرن و دەیانەوێ خزمەتی ئایین بکەن، یاخود ھۆکاری دیکە ھەیە؟
زۆر بەداخەوەم و ناچاریشم بیڵێم بەشێک لە ھونەرمەندانی کورد ئامادەن ھەموو شتێک بکەن لە پێناو دەرکەوتن، ئاخر کەی رەوایە ھونەرمەندێک ١١ مانگەی ساڵ “سنگ، مەمک، لێوت، باوەشم، وەرە لام، خۆشمدەوێی، کچی بێ وەفا…ھتد” وشەی سەر زاری بێ، کە رەمەزانیش ھات باس لە ئایین و پێغەمبەر بکات و بچێ لە مزگەوت کلیپێکم بۆ بکا؟
ئەو جۆرە ھەڵوێستە مرۆڤ تووشی گومان دەکاو دەیھێنێتە ئەو قەناعەتەی ھونەرمەندی کورد ئامادەیە ھەموو شتێک بکا تەنیا لەپێناوی دەرکەوتن و بۆ ئەوەی لە راگەیاندن دەرکەوێ، وەک ھەمووشمان دەزانین لەم وڵاتەی ئێمەدا ئەوە راگەیاندنە پاڵەوانەکان دروست دەکا، پاڵەوانەکان خۆیان نایەنە مەیدان، ھەر ئەوەش وایکردووە ئەو خوشک و برا ھونەرمەندانە ئەوەندە بترسن لە دابڕانیان لە شاشە، ئەگینا گەر راگەیاندن وەک پێویست کاربکاو بەرھەمی باش خۆی قسە بکاو بە میزاج نەڕوا، پێموایە ئەو دیاردەیە کەمتر دەبوویەوە.
لە کۆتایی ئەم وتارەمدا دەمەوێ باس لەوە بکەم کۆتایی سەدەی رابردوو و سەرەتای ئەم سەدەیە باو باوی گۆرانی نیشتمانی و شارچێتی بوو، ھەر ھونەرمەندەو رایدەکرد گۆرانی یان سروودێکی نیشتمانی تۆمار و کلیپ دەکرد، بە رادەیەک دەگوترا گۆرانی نیشتمانی ھۆیەک بۆ بازرگانی کردن بە ھونەر و نیشتمان، ئەگەریش بگەڕێینەوە بۆ ئەو بەرھەمانەی ئەوکات تۆمارکران بێ شک بۆمان دەردەکەوێ ئەوەندەی ئامانج لە تۆمارکردنی بەرھەمەکان وەک ناوە، نیو ئەوەندە ھەوڵ نەدراوە کار لەسەر ناوەرۆک و میوزیکی باش بکرێ، جا لێرەدا دەمەوێ بڵێم لە ئێستادا گۆرانی ئایینی شوێنی گۆرانییە بەناو نیشتمانییەکانی ئەوکاتی گرتۆتەوەو کاراکتەرە ترسنۆکەکانی ناو ھونەریش بێ باکانە ھەر رۆژەو لەسەر پەتێکی گۆرانی گوتن کاردەکەن و دەیانەوێ دەرکەون، بەو مانایەی ھونەرمەندی کورد ھەموو شتێک دەکا لەپێناوی دەرکەوتن، ئینجا رۆژێک گۆرانی سۆزداری، رۆژێکیش بۆ نیشتمان، با لەو رەمەزانەش بۆ ئایین بێ؟؟!!