(4):ئەوا حەوتەمین هەفتەی خۆپیشاندانەکانی بەردەرکی سەرا لە سلێمانی بەرێ ئەکەین و هەتا ئیستاش هەنگاوێکی کۆنکرێت و دیار نەنراوە بۆ داخوازیەکانی شەقام.
کۆمەڵێک کۆڕ و کۆبوونەوە و گفتوگۆ و دانووستان کراوە بەلام هەتا ئەم ساتە شتێکی بەرچاوی لێ سەوز نەبووە. من بەهیچ جۆرێک ڕەشبین نیم لەسەر ڕەوشە سیاسیەکە و هیوایەکی زۆرم بەم بار و دۆخە نوێیە هەیە. ئەمڕۆ یا سبەی ئیرادەی ڕاست و دروستی دڵسۆزانی شەقام و دەسەڵات یەکانگیر ئەبێت و سەرئەکەوێ بەسەر دەستی فتنەگێڕی و کۆنسیرڤەتیزمی ناو درزەکانی ئۆپۆزیسیون و دەسەڵات. چونکە بڕوا و گەشبینی من بەباشتر بوونی ئەم بارە شلۆقە سیاسیە لەسەر ئەو بنچینەیەی کە هێشتا ئیرادەی خزمەتکردن و پێشخستنی کۆمەڵگا دا نەکەوتووە.
ئەوەی من و سەدان هەزاری تری ئەم شار و ووڵاتەی نیگەران کردووە ئەو ڕۆلگێڕانە نابەرپرسانەی هەندێک کەسایەتی بە ناو خەمخۆر و دلسوزانە کە تەنها چەندایەتی و کۆکردنەوەی قەرەباڵخیەکی زۆر و بۆری مەبەستە بەبێ گوێدانە چۆنایەتی و ئەجیندای سیاسی. نەک هیچ سوودێک نا بەخشێ بە ڕەوشەکە بەڵکو تا ڕادەیەکی زۆریش زیابەخشە. ئەوانەی کە لەبەر خاتری کۆکردنەوەی قەرەبالخی زۆرتر هەموو شتێکیان ئەکرد. ئەوانەی تەنها مەبەستیان فراوانکردنی خۆپیشاندانەکانە بە بێ ئەوەی هیچ بەرنامەیەک یان ستراتیجێکی دیاریان هەبێ و بەبێ ئەوەی بزانن ئەو قەرەباڵخیە بێ سەر و بەرە بۆ کوێ لیخوڕن. بە بێ ئەوەی بیرکەنەوە لەوەی کۆکردنەوە و پشی پشی کردن بۆ ئیسلامی سیاسی ئەبێ بە مایەی لە دەست دەرچوون و قووڵکردنەوەی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان. جا ئیتر هەرچی لایەنێک بە ووردی حیسابی بۆ پاشەڕۆژ و بەرنامەی ئیسلامی سیاسی نەکردبێ چۆن ئەتوانێ شەقام بە ئاراستەی ویستە دیمۆکراتیهکانی خۆی بەرێ.
ئێستا ئیتر چی بکەین هەتا بتوانین ئەفغانستانێکی تر یان لە باشترین حاڵەتا ئێرانێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان دووربخەینەوە؟ ئەبێت بە چی نرخێک ئەو هەڵچوونی ئیسلامی سیاسیە لە هەرێمی کوردستان خاو بکەینەوە؟ ئاخۆ لە چی مێژوویەکا بتوانین خوڵقێنەری ئەم کەژە ناقۆڵا سیاسیە ئیسلامیە مەحکوم و تاوانبار بکرێ و بلێین سەد خۆزگەمان بە کفن دز؟ ئیتر بۆنا ؟ بانگی راستی به ئاشکرا خۆشه. بە بڕوای من ئەوەی دەسەڵات بۆی نەکرا لە باشکردن و بەرەو پێشبردنی دۆخە سیاسیەکا کۆمونیستەکان و گۆڕان خراپتریان بەسەر هێنا. ئەوان بەرپرسی یەکەمن لە ئاڵۆزکردن و شێواندنی جەوی خۆپیشاندان و دیموکراتی لە هەریمی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ لە داهاتوو. چونکە ئەوان دەستی ئیسلامی سیاسیان گرت و کێشیانکردن بۆ بەردەرکی سەرا و بوژاندیانەوە و بە نوێژەکانی هەینی و فەتواکانیان دڵی هەڵمەت و قوربانیان گێڕایەوە بۆ سەردەمی جاهیلی. بەگژا چوونەوەی گەندەڵی و شێواندنی سیستەمی سیاسی بە ئیلێمێنتی ئیسلامی سیاسی نەک هیچمان بۆ ناکات بەڵکو ئەبێت بە دەرد و سەرەتانێکی زۆر خراپتر و سەختتر.
فهلاحی شێخ رهئووف
2011-04-06