پایزه ئه‌حمه‌د : ئێستا ته‌واو کاتی ئه‌وه هاتووه خۆپیشاندانێکی سه‌رتاسه‌ریی ژنان بێته ئه‌نجامدان و چیدی نه‌بینه خۆراکی پیاوسالاریی یان وه‌ک کاڵایه‌ک به کارمانبهێنن، با چیدی ژنان خه‌م و ئازار و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیان له دڵ و ده‌روونیان نه‌هێلنه‌وه و راستییه‌کان نه‌شارنه‌وه..
چیدی له ژێر پیکه‌نین و نه‌رمونیانیی رووکه‌ش هه‌موو راستیه‌کانی ناخمان نه‌شارینه‌وه، ئێمه له کاتێکدا که کۆڵێک خه‌م و په‌ژاره له نێو دڵمان گرمۆڵه بووه و که هه‌ناسه ههڵدهکیشین بۆن کڕووزی لێدێ بۆچی وا نیشان بده‌ین که هیچ که‌موکوڕییه‌کمان نییه؟! ئیدی پێویسته ترسه‌کان بشکێنین.. تا له ماڵهباوانین به ده‌یان ترس رووبهڕوومانه که هاوسهرگیریییشمان کرد ترسی ئه‌وه ده‌ست پێده‌کا نه‌وه‌ک ماڵ و مێردمان لێ تێک‌بچێ یان منداڵه‌کانمان بێ ناز و بێ سه‌رپه‌رشت بن. من وه‌ک خۆم هه‌ر شوێنێک بۆی ده‌چم هه‌ست به بێزاریی ده‌که‌م، که له ژووره‌وه‌م نازانم چی له‌گه‌ڵ دار و دیوار بڵێم.. تاماشای تیڤی ده‌که‌م ئه‌ویش کۆمه‌ڵێک سیناریۆمان پیشان ده‌دا.. ده‌چمه سه‌ر داتا له‌وێش سه‌رم گێژ ده‌خوا له ده‌ست ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌که‌مان، ئه‌دی ئه‌وه نییه پیاوان ئێمه به گولله و چه‌قۆ و ئاگر و نه‌فت و دار و به‌رد و بلۆک له ناو ده‌به‌ن.. سه‌رباری ئه‌وه‌ش رۆژانه شه‌ڕی دروونییمان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن. ئازیزان.. ئێمه هه‌ر رۆژێکمان مردنێکه به‌ڵام ئه‌مڕۆ که رۆژی کاره‌ساتی دوعای جوانه‌مه‌رگه نه‌متوانی وه‌ک رۆژان بێده‌نگ بم، ئه‌مڕۆ هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌ندێک قسه و باسی زیندوو له‌و باره‌وه بخه‌مه به‌ر چاوان.. هه‌ندێک راستیی په‌رده‌پۆشکراو ده‌رباره‌ی کێشه‌کانی ژنانی کورد له‌و ئه‌وروپایه‌ی که به پێشکه‌وتووخواز ناوی ده‌رکردووه.. بۆ ئه‌وه‌ی چیدی وا نه‌زانین که ژنانی ئێمه ته‌نیا له کوردستان مافی راده‌ربڕینیان نییه و کۆیله‌ی پیاوسالاریین:
چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ل کۆمه‌ڵیک ژن و پیاو چووین بۆ سه‌یران بۆ ئه‌وه‌ی بۆ چه‌ند ساتێک که‌ش و هه‌وایه‌ک بگۆڕین، نیوه‌ڕۆ داهات و سفره راخسترا.. چه‌ندین جۆر خواردن دانرا.. ئه‌گه‌ر برسیشت نه‌بووایه برسیت ده‌بوو چونکه وه‌ک پیاوان ده‌ڵێن: (خواردنی ده‌ستی ژنان زۆر به چێژه!!!) منیش له‌و که‌ته‌دا نازانم چۆن بوو ئه‌وه‌م به مێشک‌دا هات که بۆچی ئه‌و هه‌موو خواردنه خۆش و به چێژانه ته‌نیا ژنان دروستی بکه‌ن!؟ که‌چی له‌پڕ له ناخه‌وه پێکه‌نینم به خۆم ده‌هات.. ئاخه‌ر وه‌ک دیتم پیاوان نه‌ک هه‌ر خواردن دروست ناکه‌ن به‌ڵکه ئاماده‌نین خواردنه دروستکراوه‌که‌ی ده‌ستی ژنانیش له‌به‌رده‌می خۆیان دابنێن و سفره بڕازێننه‌وه ته‌نانه‌ت ده‌بێ له سه‌یرانیش خواردن له پێشیان دابندرێ، پیاوه‌کان هه‌ر یه‌که‌و له لایه‌ک دانیشتبوون و له جێی خۆیان نه‌جوولان.. منیش که له‌گه‌ڵ ژنه‌کان خه‌ریکی سفره‌که بووین خۆم بۆ نه‌گیرا و گوتم: ئه‌وه بۆ پیاوه‌کان نایێن یارمه‌تییمان بده‌ن؟ هه‌ندێک له ژنه‌کان دایانه قاقای پێکه‌نین و یه‌کێکیان گوتی: بۆ ناکا به ته‌مای ئه‌وه بی پیاوان یارمه‌تییمان بده‌ن!؟ منیش له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌یانم نه‌ده‌ناسی بێده‌نگییم هه‌ڵبژارد، دوای نانخواردن پیاوه‌کان به جودا و ژنه‌کانیش به جودا دانیشتین، من به سروشتی خۆم هه‌ندێک بزێوم و له‌و دانیشتنه‌ی ناو ژنان ده‌رفه‌تێکم وه‌رگرت و به هه‌ندێک باسی جیاوازیی نێوان ژنان و پیاوان ههستیانم ده‌جوولاند.. ئیدی ورده ورده هه‌ستم پێ ده‌کردن دڵیان پڕ و زمانیان بڤه‌یه..
پاشان هه‌ڵستاین هه‌ندێک پیاسه بکه‌ین.. چه‌ند ژنێکی ته‌مه‌ن بچووکمان له‌گه‌ڵ بوو.. من له‌وان گه‌وره‌تر بووم و وا دیار بوو حه‌زیان له قسه‌کانم بوو ده‌یانه‌ویست زیاتر بدوێم، یه‌کێکیان دوو منداڵی هه‌بوو گوتی من ته‌مه‌نم بیست و دوو ساڵه، منیش گوتم: ئه‌توو ده‌خوێنی؟ گوتی که هاتمه ده‌ره‌وه ته‌مه‌نم شازده ساڵ بوو به‌ڵام ئێستا ده‌ستم به خوێندن کردووه. پرسیم تۆ به دڵی خۆت مێردت کرد؟ گوتی ئهییهڕۆ ئه‌وه تۆ چی ده‌ڵێی.. باوکم سوێندی لێ خواردم گوتی هه‌ر شتێکت لێ ببینم سه‌ره‌تا دایکت ده‌کوژم ئه‌نجا تۆ. پاشان گوتی: منیش گوتم باوکه دایکم چ تاوانێکی هه‌یه له پێناوی من بکوژرێ.. به خوا ته‌نیا دوو جار ئه‌و کوڕه‌م دیت.. باوکم گوتی ده‌بێ مێردی پی بکه‌ی و ته‌واو. پاش ئه‌وه‌ی کۆڵیک خه‌مم له‌ویش وه‌رگرت ئه‌نجا رووم له ژنێکیتریان کرد که ته‌مه‌نی نۆزده ساڵ بوو و مندالێکی هه‌بوو.. ئه‌ویش دڵی له‌وه‌که‌یتر پڕتر بوو… سه‌رتان نه‌یه‌شێنم پاش ئه‌وه‌ی هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا گوتی من پێشتر مێرده‌که‌ی خۆم نه‌دیتبوو بۆ یه‌که‌مجار له کاتی ماره‌بڕین دیتم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێک قسه‌م له‌گه‌ڵ کرد به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌و قسه‌یه‌ی هێنده تووشی سه‌رسوڕمان و په‌شۆکاویی بووم نه‌مزانی چیم پێگوت.. ئاخه‌ر ده‌بێ کاره‌ست له‌وه گه‌وره‌تر چی بێ تانه‌ت له ئه‌ورپاش مافی هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌رمان نه‌بێ!؟
قسه تراژیدییه‌کانی ئه‌و دوو کچه گه‌نجه زۆر ئازاریان دام، ژنێکیتر له‌گه‌ڵمان بوو دوو منداڵی هه‌بوو.. ژنێکی جوانکیله و زۆر زۆر رووخۆش بوو.. دیار بوو ته‌مه‌نیشی که‌م بوو به‌لام هاوسه‌ره‌که‌ی زۆر زۆر له خۆی گه‌وره‌تر بوو، حه‌زم ده‌کرد زیاتری بدوێنم به‌ڵام دوایی گوتم با زۆر نه‌چمه ناو ژیانی تایبه‌تیی و له‌وانه‌یه پێی خۆش نه‌بێ دڵی بریندار بکه‌م به‌وه‌ی که چۆن بوویته هاوسه‌ری ئه‌و پیاوه ته‌مه‌ن گه‌وره‌یه و منیش که لای خۆم وایه بۆ سه‌یران هاتوومه کۆلێکیتر نه‌خه‌مه سه‌ر کۆڵی خه‌مه‌کانم، ئه‌ی تڕحێییییو له‌و سه‌یرانه!
پاشان وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌رده‌م و له هه‌موو شوێنێک و ته‌نانه‌ت له کاتی خۆشیی و سه‌یرانیش هه‌ر پیاوان بڕیار ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر راشکاوانهتریش بدوێم ته‌نانه‌ت له کات و ساته رۆمانسییهکانیش هه‌ر ئه‌وان بڕیارده‌رن، پیاوه‌کان بڕیاریان دا با به‌ره‌و ماڵ بینه‌وه، هیچ ژنێک ورته‌ی له‌به‌ره‌وه نه‌هات و وه‌ک مێگه‌ڵ به پێشهخۆیانیان دان. منیش له خه‌م و په‌ژاره زیاتر چیم بۆ نه‌مایه‌وه و له‌گه‌ڵ خێزانێک که هاوسێمانن به‌ره‌و ماڵ بووینه‌وه، کاتێک نزیک ماڵ بووینه‌وه هاوڕێ هاوسێکه‌م گوتی: ئه‌و ژنه‌ت دیت که مێرده‌که‌ی زۆر له خۆی گه‌وره‌تر بوو.. ئه‌وه سه‌ر به هه‌وێ مێردی به‌و پیاوه کردووه.. هه‌وێیه‌که‌ی له ماڵه‌وه بوو نه‌هاتبوو بۆ سه‌یران. ئیدی له‌وکاته‌وه تا ئێستا که ئه‌م وشانه ده‌نووسم بیر له ژیان و ئازاری داپۆشراوی ئه‌و ژنه جوانکیله و هه‌وێیه‌که‌ی که ژنی گه‌وره‌ی پیاوه گه‌وره‌که‌یه ده‌که‌مه‌وه.. ئه‌رێ ده‌بێ ئه‌و دوو ژنه چ ئازارێکی به سفتوسۆ بچێژن!؟ جا ئه‌وه نموونه‌یه‌که له‌و ئه‌وروپایه ئاخۆ ژنانی کوردستان چۆنی بگوزه‌رێنن… دیاره ئه‌و قسه و باسانه هه‌رگیز کۆتای‌یان نایێ، بۆیه له کۆتاییدا هه‌ر ئه‌وه ده‌ڵێم ئێمه به هه‌زاران دوعامان لێ رۆیشت و به هه‌زاران دوعاش چاوه‌ڕوانی هه‌مان چاره‌نووسه.. ئیدی کاتی ئه‌وه هاتووه چیدی بێده‌نگ نه‌بین و راپه‌ڕین.
راپه‌ڕینی ئێمه‌ی ژنان زۆر گه‌وره‌تر و پیرۆزتره له هه‌موو ئه‌و راپه‌ڕینانه‌ی که یه‌ک سه‌ده‌یه له کوردستان ده‌گوزه‌رێن چونکه راپه‌ڕینی ئه‌وان ته‌نیا بۆ گۆڕینی هه‌ندێک ده‌موچاوی پیاوسالارییه به هه‌ندێک دهموچاویتری پیاوسالاریی، به‌ڵام راپه‌ڕینی ئێمه بناغه‌ی ئازادیی و یه‌کسانیی ته‌واوی کۆمه‌ڵگه داده‌ڕێژێ.
٧\٤\٢٠١١ – له‌نده‌ن