مەسعودی مەلا ھەمزە : وەک یەکەم ئەزموونی خۆی لە بواری فیلمسازیدا ھونەرمەندی گەنج رێکان ئەحمەد لە ئێستادا خەریکی کارکردنە لە کورتەفیلمی “لە ئینجانەدا”، کە لە سیناریۆ و دەرھێنانی خۆیەتی و لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغی وێنەگرتنی دەست پێدەکات.
لەم کورتەفیلمەدا کە ھەریەک لە”ئاری محەمەد رەشید، ئاریاس ئاری، لارا قادر” وەک ئەکتەر بەشدارن و ستافێکی ئەکادیمی لە کارەکە بەشدارن، لەوانە”سلێمان رەحیمی، بارزان سنجاوی، ئاراس محەمەد، زەردەشت محەمەد، ھێرش سەبری، دارکۆ، رێناس بەکر، محەمەد مەغدید، عەبدولخالق رەسول”.
لە لێدوانێکی تایبەتدا رێکان ئەحمەد گوتی”وەکو یەکەم ئەزموونی خۆم لە بواری فیلمسازی و وەک ستافێکی ئەکادیمی لەم کورتە فیلمەدا دەمانەوێ ئیش لەسەر ناخی مرۆڤەکان بکەین، تاکو مرۆڤەکان بتوانن لەناخەوە بژین، نەک بایەخ بە رواڵەت بدەن و ناخیش فەرامۆش بکەن”.
رێکان گوتیشی”ئەم کورتەفیلمە بە سپۆنسەری یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بەرھەمدێ و زۆر سوپاسی ئومێد خۆشناو و روخۆش سەعید دەکەم کە ھاوکارییان کردم”.
شایانی باسە رێکان ئەحمەد دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی ھەولێرەو لە چەندین کاری شانۆیی بەشداری کردووە و خاوەنی خەڵاتی باشترین شانۆکاری ساڵی رابردووەو لە ئێستاشدا خوێندکاری بەشی شانۆی کۆلیژی ھونەرەجوانەکانە.