زانا دڵشاد دزەیی: کچە ئارایشتکار رۆژھەڵاتی کوردستان سەما ئیسماعیلی دوای ساڵێک و نیو مانەوەی لەکوردستان واھەست دەکات کوردستان بۆ ئەو وەکو ئێران وایە، بۆیە بیرۆکەی رۆیشتنی بۆ مالیزا رەفز کردۆتەوە.
خاتوو سەما ئیسماعیلی تەمەن ٢٦ ساڵ، یەکەم کچە لەبواری ئارایشتی ھونەرمەندان لەکوردستان کار دەکات، پێنج ساڵ لەوڵاتی ئێران لە تەلەفزیۆن و رازاندنەوەی بووکان کاری کردووە و ساڵ و نیوێکە ھاتۆتە کوردستان لەسەر کارەکەی بەردەوامە، بۆ (سڤیل) گوتی “لەراستیدا سەرەتا لەبەرنامەمدا بوو بڕۆم بۆ وڵاتی مالیزیا لەوێ ئیشی مێکاب بکەم، بەڵام برادەرێکم گوتی وەرە لەکوردستان ئیش زۆر باشە، جگە لەوەش ھەست بەوە دەکەم ئێران لەزۆر شت وەکو کوردستانە و لێدەچن، ئێوە بۆ من وەکو ئێرانە، بۆیە کوردستانم ھەڵبژارد”.
سەما جگە لەچەند کلیپێک، ئارایشتی بەرنامەکەی دەشنێ بوو، ھەروەھا دەڵێ “یەکەمجار کە ھاتم بۆ کوردستان دەمتوانی لەئارایشتگایەکی گەورە کار بکەم، بەڵام سەیرم کرد ئیشی خۆم باشترە، کە گەرۆک بم، بەردەوام میکابیان بۆ بکەی و حەزیش دەکەن یەک کەس بۆ ئەوان کار بکات”.
لەبارەی جۆر و کوالێتی مێکاپی ئێران و کوردستان دەڵێت “جۆری میکاپەکان بۆ من نابێتە کێشە، چونکە زۆر حەساس بەکاریان دێنم، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جیاوازی لەنێوان عێراقی و ئەوروپی نییە”.