چاوپێکەوتن: رێکەوت سەلام : گۆرانیبێژی لاو ھێمن نزیکەی شانزە ساڵە لە تاراوگە دەژیت و ئێستا بەسەردانێگ گەڕاوەتەوە ھەولێر، ھەروەھا چوار ساڵە ئەلبوومەکەی ئامادەی بڵاوبوونەوەیە کە لە ھەشت گۆرانی پێکھاتووە، بەڵام تائێستا بڵاوی نەکردۆتەوە، ھێمن لەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (سڤیل)ـدا ھۆکاری بڵاونەبووەنەی ئەلبوومەکەی بۆ نەبوونی سپۆنسەر و کەمتەرخەمی کۆمپانیاکانی کوردستان دەگێڕێتەوە و باس لەو کێشانەش دەکات، کە لەگەڕانەوەی ئەمجارەیدا تووشی ھاتوون.
سڤیل: ھۆکاری دواکەوتنی بڵاونەبوونەوەی ئەلبوومەکەت چیین؟
ھێمن: من لەسەرتادا بەشێوەیەکی زۆر ئەکتیڤ ھاتم بۆ نێو ھونەر و گۆرانی، پاشان ئەلبوومێکم ساڵی ٢٠٠٨ کرد، ئەم ئەلبوومەک پێکھاتووە لە ٨ گۆرانی، دوو گۆرانی دوێتە کە یەکێکیان لەگەڵ گۆرانیبێژێکی تورکە و ئەوی تریشیان لەگەڵ خانمێکی تری ھیندە، بەرھەمھێنانی ئەم دوو گۆرانییە نزیکەی پارەی دوو ئەلبوومی تێچووە، چونکە گۆرانییەکی لەگەڵ کچێکی تورکە کە تێکست و ئاوازی لەلایەن زیاد ئەسعەد دانراوە، ئەم بەرھەمەشم جیاوازییەکی زۆری ھەیە لەگەڵ کارەکانی تر، چونکە ئێمە ئیشمان لەسەر سیناریۆ کردووە، نوسینی ئەو گۆرانییەش کارێکی ئاسان نەبووە.
ھۆکاری دواکەوتنی ئەو ئەلبوومە ئەوەیە کە من ماندووبوونێکی زۆرم بەم دوو گۆرانییە چەشت، من بەدڵێکی فراوان دوای ٤ ساڵ جارێکی تر گەڕامەوە کوردستان و بۆئەوەی ئەلبوومەکەم بڵاوبکەمەوە، کەبینیم سەرمایەدارەکان یان ئەوانەی کە لێپرسراون ھیچ ئاورێکیان لە ئێشەکەم نەدایەوە بەم شێوەیەی کە من ویستم.
سڤیل: بەڵام لەکوردستان چەند کۆمپانیایەکی بازرگانی ھەن، بۆچی رووت لەم کۆمپانیایانە نەکرد؟
ھێمن: من ١٦ ساڵە لەو وڵاتەوە دوورم، خەڵکی شاری ھەولێری خۆشەویست لەلای من ھاوڕێیە، ھونەرمەندەکانم باسی کۆمپانیای “ئاڤامیدیا”ـیان بۆ کردم، من لەسەر ئەو قسەی ئەو ھاوڕێیانەم سەردانی “ئاڤامیدیا”ـم کرد و چووم بۆ لای کاک ئالان، بەڵام زۆر بەداخەوە کاتێک کە چوومە لای باسی ئەو بەرھەمە دوێتەم کرد کە لەگەڵ ئەو خاتوونە تورکە گوتوومە و زۆرشتی ترم باسکردـ کە ئێمە گۆرانیمان لەخزمەت سیناریۆکە دروست کردووە، بەڵام “ئاڤامیدیا” گوتی خۆمان سیناریۆ بۆ گۆرانییەکە دادەنێین، ئێمەش لەسەرەتاوە لەپێناو سیناریۆکە گۆرانییەکەمان ئامادە کردووە، چۆن سیناریۆ دەگۆڕێ، بەڵام ئەوان دەیانویست لەسەرەتاوە ئەوە دووربارە بکەنەوە و سیناریۆ بنووسن، بۆیە من ئەوەم %١٠٠ رەفزم کرد.
سڤیل: بەڵام وەک بزانین ئێوە سەردانی کۆمپانیای “ئاسیاسێڵ”ـیشتان کردووە، ئەوەیان تاچەند راستە؟
ھێمن: راستە، چونکە ئاسیاسێڵ پەیامێکیان ھەیە دەڵێ “ئاسیاسێل کۆمان دەکاتەوە”. ئەو گۆرانەی منیش ھەمووان کۆدەکاتەوە و دوو میللەت کۆ دەکاتەوە، کە تاوەکو ئێستا رق و کینە ھەیە، من ئەو پەیامم ھەبوو بۆئەوەی ئەوە نەمێنێ، چووم بۆ ئاسیاسێڵ بۆئەوەی سپۆنسەری ئەلبوومەکەم بن، ئەوان سوودمەند دەبن و منیش سوودمەند دەبم، بەڵام زۆر بەداخەوە وەڵامیان دامەوە کە ئەوان ھیچ سودمەند نین لەو گۆرانییەی مندا، بۆم دەرکەوت کە ئاسیاسێڵ حەقە ناوی بگۆڕێت بۆ ئاسیاسێڵ رووتمان دەکاتەوە، نەک کۆمان دەکاتەوە، چونکە بڵێن و نەڵێن ئەوان کوردن و بەپارەی ئەو میللەتە پارەیەکی خەیاڵی پەیدا دەکەن، راستە ئەوان کاری تەلەفون دەکەن، بەڵام ئەوان لەخاکی کوردستان ئەو پارەیە پەیدا دەکەن، بەڵام خەم لەوە دەخۆم کە پارەی ئەو گۆرانییە ناکاتە پارەی سەرمێزێکی ئەوانە یاخود پارەی ١٠ خولەکی قومارکردنی ئەوانە، بۆیە ئەوە زۆر کاری لێکردم بۆم دەرکەوت ئاسیاسێڵ ھەستی نەتەوایەتیان نییە، جگە لەوەش ئەوان پێیانگووتم کە ئەگەر گۆرانیبێژێکی عەرەب بوایە ھێشتان باشتر بوو، ئێمە ھیچ سوودێک لە گۆرانیبێژێکی تورک نابینین.
سڤیل: سەرانی وەزارەتی رۆشنبیریت کرد؟
ھێمن: ئەوەی من ئاگادار بم وەزارەتی رۆشنبیری لەئێستادا بەبۆنەی بوودجەی راگرتنی حکومەتی عێراق و کوردستان بوودجەی ئەوانیش راوەستاوە، ھەروەھا وەزارەتی رۆشنبیری یارمەتی زۆر ھونەرمەندیان داوە و حەز ناکەم ناوی ھیچ ھونەرمەندێکیش بێنم.
سڤیل: ئەو ئاستەنگانەی کە ھاتە بەردەمت بیرت لەوە نەکردەوە کە ئەو کارە بە ئەنجام بگەیەنی و واز بێنێت لە کارەکە؟
ھێمن: بەڵێ ئەوە پەیمانێکە بە خۆم جاوە بۆیە لێرەوە بە ئاسیاسێل و لە وانیش گەورەتر دەڵێم ئەگەر مردن لەرێگا نەبێ رۆژێک لەرۆژان ئەو کارە بەباشترین کوالێت بەرھەم بێنم و بڵاوبکەمەوە و لەوکاتەشدا کە ئەو کلیپەیان بینی شەرم بکەن لەخۆیان ھەر نەبوایە لەبەر ناوی ھونەرمەندی گەورە زیاد ئەسعەد ئەو کارەیان بکردایە، چونکە تێکست و ئاوازی ھی ئەوە.
سڤیل: باسی ھونەرمەند زیاد ئەسعەدت کرد، پەیوەندیت لەگەڵی چۆنە؟
ھێمن: زیاد ئەسعەد لەلای من ھونەرمەندێکی گەورەیە، ئەو ھاوڕێیەکی زۆر خۆشەویستی منە، ئەوەی من دەیکەم لەرووی تێکستەوە لەزیاد ئەسعەدەوە فێری بووم و ھیچی من نیم، چونکە ئەو فێری کردم کە چۆن گۆرانی دەگوترێت و چۆن دەنووسرێت یان چۆن ئەدا دەکرێت، مۆسیقا یانی چی، ھەمووی ئەوانە لەو فێر بووم .
سڤیل: زۆر باس لەوە دەکرێت تۆ لەکارەکانی رابردووت چەند ئاوازێکی تورکیت بەکارھێناوە، تاچەند راستە؟
ھێمن: من لێرەوە دەڵێم لەم ئەلبوومە تازەیەمدا ٥ گۆرانی ھی ھونەرمەندی بەناوبانگی تورک ۆرھان ۆلمەسە، لەنزیکەوە سەردانیم کردووە، من ھیچ شەرمیش ناکەم لەو کارەی من کردوومە و شانازیش بەو کارە دەکەم، چونکە ئەو ئاوازانەی کە ئەو نوسیوویەتی من خۆمم تێدا دۆزیوەتەوە.
سڤیل: ئەی کارەکانی ئاوازدانەر ھەڵکەوت زاھیر چۆن ھەڵدەسەنگێنی؟
ھێمن: ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر کارەکانی زۆر باشن و من بە ئەرەنجۆرێکی باشی دادەنێم، ئەگەر بەدڵیشمان نەبێت، بەڵام دەبێ رێز لەو مۆسیقایە بگرین، ئەویش دەبێت رێز لەمۆسیقای ئێمە بگرێت، بۆیە من لەگەڵ ئەوە دانیم کە خەڵکێکی زۆر گلەیی لێدەکات، کە دەڵێن گۆرانییەکانی عەرەبین.