مەسعودی مەلا ھەمزە : زانکۆی ھارڤارد لە بۆستۆنی ئەمەریکا بە نمایشی ٥ فیلمی سینەمایی لە بەھمەن قوبادی، لە بەرنامەیەکی بیرئانیندا رێزی تایبەت لەم سینەماکارە کوردە دەگرێت.
رێکخراوەی “ئەرشیفی فیلمی ھاروارد” سەر بە زانکۆی ھارڤارد لە شاری بۆستۆن پێتەختی ویلایەتی ماساچۆسێتی ئەمەریکا، بە نمایشی ٥ فیلمی سینەمایی لە بەھمەن قوبادی لە بەرنامەیەکی بیرئانیندا رێز لەم سینەماکارە کورد دەگرێت.
لەم بیرئانینەدا کە لە لایەن رێکخراوەی “ئەرشیفی فیلمی ھاروارد” Harward Film Archive لە زانکۆی ھارڤارد بەڕێوەدەچێت، فیلمی سینەمایی “گۆرانییەکانی وڵاتی دایکم” و فیلمی سینەمایی “کیسەڵەکانیش دەفڕن” لە رۆژی ١٥ی ئەپریل، فیلمی “کەس لە پشیلە ئێرانییەکان خەبەری نییە” لە رۆژی ١٦ی ئەپریل، فیلمی سینەمایی “کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” لە رۆژی ١٧ی ئەپریل و ھەروەھا فیلمی سینەمایی “نیوە مانگ” لە رۆژی ١٨ی ئەپریل نمایش دەکرێت.
“ئەرشیفی فیلمی ھاروارد” HFA کۆمەڵەیەکە کە ھەوڵدەدات، بە بانگھێشتکردن لە سینەماکارە گەورەکان لە سەرتاسەری دنیا و بەڕێوەبردنی دانیشتنی و ئاخاوتن سەبارەت بە بەرھەمی ئەم سینەماکارانە، دانووستان لە نێوان ئەوان و قوتابیان، مامۆستایانی زانکۆ و فێرخوازانی ھونەر پێکبێنێت و ھەروەھا رێزیان لێبگرێت، بەھمەن قوبادیش لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانەی زانکۆی ھارڤارددا ئامادەدەبێت.