كارۆخ مەلائەسعەد (میرا) كارێكی نوێی بەرهەم هێناوە كە ئەو كارەیشی بریتییە لە ئەلبوومێكی گۆرانیی و لە 13 تراك پێكهاتووە، هەروەها لە نێو ئەلبوومەكەیشیدا گۆرانییەكی بۆ شاری هەولێر و گۆرانییەكیشی تایبەت بۆ شاری سلێمانی گوتووە.
گۆرانبێژی لاو (میرا) لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: “سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی تازەترین كارمم، كە ئەو كارەیشم پێك هاتووە لە ئەلبوومێكی گۆرانیی. كۆی تراكەكانی نێو سێدەكەیشم بریتییە لە 13 تراك و سەرجەم میلۆدییەكانیش لە لایەن ئاوازدانەر (هەڵكەوت زاهیر)ـەوە ئامادە كراوە. هاوكات تێكستەكانیش هیی چەند شاعیرێكی ناوداری كوردستان و چەند تێكستنووسێكی باشی دیكەیە.”
ئەو گوتیشی:” گۆرانییەكم تایبەت بۆ شاری سلێمانی چڕیووە و كلیپێكی سەركەوتووانەیشم بە هاوكاری (شاهۆ تەیب) كە دەرهێنەری كلیپەكەیە بۆ هەمان گۆرانیی كردووە و لە ئاییندەیەكی نزیكیشدا بڵاوی دەكەینەوە. لەهەمان سیدیدا گۆرانییەكیشم بۆ (هەولێر)ـی پایتەخت گوتووە.”
(میرا) مژدەیەك دەدات بە هەوادارانی دەنگی كە 21ـی ئەم مانگە ئەلبوومە نوێیەكەی دەكەوێتە بازاڕەوە.