دیـــــدار نانەکەلی : لێرە لە کوردستان کەم کەس کاری خۆی دەکات. نە لە ھیچ بوارێک تایبەتمەندی ھەیە.نە داھێنان بوونی ھەیە و نە زەمەنی ئەمڕۆ دەتوانێ ئینسانی چاڵاک و پۆزەتیڤ و خاوەن کەفائە بێنێتە وجود.
ھەموومان چاومان لەیەکتری کردووە شتێک تروسکاییەک جوانی پێوەبێت لاسایی دەکەینەوە.ئەمڕۆ پتر لە ھەموو سەردەمێک جوانیەکان کاڵ بوونەتەوە.ھەگبەی زیباترین ھەوڵەکان بەتاڵ بوونە لە بیرکردنەوە و بیردۆز و گریمانەکان دابڕاوین. نە سوودمان بۆ خۆمان ھەیە نە دەشکرێ دان بە ڕاستیەک بنێین. ئێمە خولقێنەری ئەو دۆخە پەنگ خواردووەین.ھیچ فریاد ڕەسێکیش شک نابەین بەھانای ئەو مردنە لەسەرەخۆیە بگات.لەسەر ھەموو ئەوانەش ,ساڵانە سەندیکا و دەزگا ھەمەچەشنەکان بەناوی داھێنان و چاڵاکی جۆراوجۆر ڕێز لە کەسانێک دەگرێ و دڵیان خۆش دەکات.ئەوانەی ڕێزیان لێ دەگیرێت ئەوانەن
١-ھەرزەکارێکی تەمەن ١٥ ساڵ لە پای ئەزموون و شارەزایی.
٢-فیتەر و نانەوا و بۆیاغچی لەبەرامبەر داھێنانیان لە بواری ڕۆژنامەنووسی.
٣- چاوش و بەندبێژ و زوڕناژەن وەکو گەورەھونەرمەندێکی مۆسیقی.
٤-کەسێک, پێنەگەیشتوویی بیری دەسەڵات بە دەرفەت دەزانێ و ئامێرێک لە دەرەوەی ووڵات دەخزێنێتە کوردستان و بەناوی داھێنان.
پڕ دەکرێت لە دۆلار گیرفانی..
٥-نوکتەباز و قسەخۆش لە جیاتی ئەحمەد سالار و حسێن میسری ..
٦-ماستاوچی و دز و گەندەڵ لەپای کۆشش و ھەوڵ و خەمخۆری.
٧-سەدان لاو تەنھا لە میدیاکان چاوی لێیە, پیرەمێردێک بەناوی لاوی ساڵ خەڵات دەکرێ.
٨= کۆترباز و کورتەباڵا و چەقەنەلێدەرەکان کۆمەڵە و سەندیکایان ھەیە, وەلێ ڕۆژنامەنوسانی وەرزشی لە کوردستان کۆمەڵەیەکیان نیە. لەگەڵ ئەوەش کەسێکی لابەلا بۆ ناودەرکردنی دەزگا و کۆمپانیاکەی خۆی ھەڵدەستێ بەناوی ڕێزلێنان ٧٠ خوێندەوار بە قەلەم جافێک خەڵات دەکات.ئەوەی ھەستاوە بە سەرپەرشتی کردنی ئەو مەسەلەیە بەو پێوەرە خەڵاتەکانی دابەشکردووە.
ڕ-چەند کەسێکیان لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانیان بەسەریان دا ھەڵگوتووە.
ب-ھەندێک لەوانەی خۆیان بە بوارەکە شۆڕکردۆتەوە و وەکو بنیشتی کوردی خۆیان بە وەرزشەوە نوساندووە.وەرزش ھیچ کات بەلایاندا نەچووە.
ج-ھەندێکیان لە بەرامبەر ئەوەی ڕێزیان لەو سەرپەرشتیارە گرتووە. ئەویش ڕێزیان لێ دەنێتەوە.نەوەک ھیچ پەیوەندیەک لەنێوان میدیا و ئەواندا نیە.
د=پەیوەندی ھاوڕێیەتی خۆ ئەگەر ناویان تێدا نەبا لێی زوویر دەبوون.
( تکایان کرد و پاڕانەوە کە ڕێزیان لێ بگرن .
ە= ھەندێک لەوانەی بۆخۆشی خۆیان ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ دیتنی یاریەک لە یاریگا دانیشتوون. و چەندان نەخوێندەوار و حەیرانبێژ و بانگ خوێنی مزگەوت و شەربەت فرۆش و شاعیر و بێ ئیشی دیکە لەو مەراسیمە ئامادەبوون و بەناو ڕێزیان لێ گیرا.
لەسەرووی ھەموو ئەوانەشەوە دوور لەھەموو پێوەر و ئامارێک ڕۆژنامەیەک,تەلەفزیۆنێک,ڕادیۆیەک ھەرلەخۆیەوە نازناوی ئیمپراتۆر دەداتە پاڵ شاعێرێک.جەنەڕاڵ بۆ ھونەرمەندێک و پاشا بۆ وەرزشەوانێک.ئاخر لەتەواوی دونیا شتی وا بوونی نیە. ئەوە کاری دەزگایەکی گەورەی زانستی و کەسایەتیەکی پرۆفیشناڵی تایبەتمەندە بە بوارەکە ئەگینا بە چ ھەقێک ڕۆژنامەنوسێک لەبەرئەوەی بەرپرسە حیزبیەکە ھاوڕێیەتی بە مانشێتێکی گەورە دەنوسێک فریادڕەس و سومبول و ڕەحمەتی ئاوەدانی شارەکە بەڕێز فلانە. پێوەر چیە بۆ سەلماندنی ھەموو ئەو قسانە.ئەگینا تۆ بە چ ھەقێک ئەو ڕایەی خۆت بەسەر خەڵک دەسەپێنی ئەگەر بە بەرپرسێک , ھونەرمەندێک
یان بە وەرزشەوانێک سەرسامی.ئەوە تەنھا ڕای خۆتە بۆچی بەسەرخەڵکی فەرزی دەکەیت؟
بەڕای خۆم ھەموو ئەو تێکەڵی و ئاڵۆزیە تەواو لە ئەستۆی دەسەڵاتە لە کوردستان .دەسەڵاتە بە ئاشکرا بێ باکی خۆی لە ھەوڵ و ماندوبوون و داھێنان نیشاندەدات.ئەو نە پێویستی بە کردەوەی جوانە. نە چاویشی جوانی دەبینێت.دەسەڵاتە ئەو دۆخەی خوڵقاندووە , نە دەزگا و دامەزراوەیەکی وەبەرھێن و سوود بەخشی درێژخایەنی ھەیە,
نە دەشیەوێت خەڵک چۆنی بوێت وەھا بژیت.ئەگینا دارتاش و جوتیار و بەند بێژێک ڕازی نین بەوەی دەست بدەنە قەلەم و لەشوێنان بە ڕۆژنامەنوس خۆیان بناسێنن.دەھۆڵ کوت و زۆڕنا ژەن ھەرگیز ویژدانیان قەبوڵ ناکات وەک چۆن بە مەزھەری خاڵقی دەوترێت بەھەمان شێوەش بەوانیش بگوترێت ھونەرمەند و ڕێزلێنانیشیان بۆ سازبکرێت.ھەموو ئینسانێک لە سروشت و بنیات و ئەساڵەتی خۆیدا جوانە. ئەوانەش کە لە ئاوێنەی ژیان خۆیان ناناسنەوە, ئەو کەسانەن بۆ بژێوی ژیان تایبەتمەندی خۆیان وون دەکەن و خۆیان دەکەنە شارەزاو ئەزموونداری کارێک کە ھیچ کات شایەنیان نیەو نابێتە پیشەی ئەوان.
دیـــــدار نانەکەلی
dedar_nanakaly@yahoo.com