مەسعودی مەلا ھەمزە:٦ کورتە فیلم لە دەرھێنانی سینەماکارانی کورد و لە بەرھەمھێنانی “شەھرام عەلیدی” و بە پشتیوانی بەشی “جۆرێک روانین”ی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کیش لە وڵاتی ئێران ئامادەی نمایشکردنن.
بە گوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی گشتی کۆمپانیای “تاو فیلم”، ٦ کورتە فیلمی (خەیام، رەنگدانەوە، دەست، دەھۆڵ، تا پیاوەکان سەما بکەن و ھێما) کە روانینێکی مۆدێرنە لە سەرتاسەری وڵاتی ئێران بە گێڕانەوەی دیمەن لە لایەن سینەماکارانی لاوی کورد و ئێرانی و لە بەرھەمھێنانی سینەماکارانی کورد “شەھرام عەلیدی” ئامادەی نمایشکردنن. ئەم فیلمانە بە پشتیوانی بەشی “جۆرێک روانین” (فیلمە ٢٦٢ چرکەییەکان)ی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کیش بەرھەمھاتوون.
کورتە فیلمی “خەیام” لە دەرھێنانی شەھرام عەلیدی، کورتە فیلمی “دەنگدانەوە” لە دەرھێنانی ئیرەج محەمەدی رەزینی، کورتە فیلمی “دەست” لە دەرھێنانی ھاوبەشی ئێحسان رەزایی و ئیمان رەزایی، کورتە فیلمی “دەھۆڵ” لە دەرھێنانی جەمیل مەفاخری، کورتە فیلمی “تا پیاوەکانمان سەما بکەن” لە دەرھێنانی ھیوا ئەمین نیژاد، و کورتە فیلمی “ھێما” لە دەرھێنانی تۆفیق ئەمانی لە بەشی “جۆرێک روانین” (فیلمە ٢٦٢ چرکەییەکان)ی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کیش و ھەروەھا کورتە فیلمی “دەھۆڵ” لە دەرھێنانی جەمیل مەفاخری و کورتە فیلمی “تا پیاوەکانمان سەما بکەن” لە دەرھێنانی ھیوا ئەمین نیژاد لە نێوان ٩ فیلمی بەشی پێشبڕکێی نێونەتەوەیی “جۆرێک روانین”ی ئەم فیستیڤاڵە نمایش دەکرێن.
یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کیش بە بەشداری کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان و لە چەندین بەشی جیاوازدا لە رۆژانی ٢٤ تا ٢٨ی ئەپریلی ٢٠١١ لە دوورگەی کیش لە باشووری ئێران بەڕێوەدەچێت.
بەرھەمھێنانی ئەم فیلمانە لە ئەستۆی شەھرام عەلیدی بووە، ئەم سینەماکارە کوردە بە نوێترین بەرھەمی ١٠٠ چرکەیی خۆی بە ناوی “کوچ ابرھا” واتە “کۆچی ھەورەکان” کە نووسین، بەرھەمھێنان و دەرھێنەری فیلمەکە لە ئەستۆی خۆی بوو، لە بەشی “چاکسازی و جۆری دۆستایەتی” لە حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ١٠٠ چرکەیی لە شاری تاران بەشداری کرد.
ئەم فیلمە بەرھەمی حەوزەی ھونەری پارێزگای تارانە و ھونەرمەندی سنەیی ئەمیر عەلی وەیسی وێنەگر، ئەرەستوو مەفاخری دەنگھەڵگر و حوسێن قوورچیان لە دەنگدانانی ئەم فیلمە ١٠٠ چرکەییەدا لەگەڵ عەلیدی ھاوکاریان کردووە.