كارۆخ مەلائەسعەد : (یادێك… بۆ) ناویشانی پارچە میوزیكێكی (ڕزگار هێڤی)ـیە، كە تازە بەرهەمی هێناوە. هاوكات ئەو كارەیشی دەبێتە یەكێك لە بەرهەمەكانی كەناڵی ئاسمانیی كەركووك، چونكە كەناڵی ناوبراو تەواوی تێچووی بەرهەمەكەیان گۆتووەتە ئەستۆ.
(ڕزگار هێڤی) بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: دەمێكە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی كارێكی نوێمە كە ئەو كارەیشم بەرهەمهێنانی پارچەمیوزیك و كلیپێكە.
ئەو گوتی: “پارچە میوزیكەكەم بە ناوی (یادێك….بۆ)ـیە، مەبەستیشم لە بۆشایی جێهێشتنی ناوەكە ئەوەیە، كە تۆی گوێگر ئازادی لەوەی، چ ناوێكی تری بۆ ئیختیار دەكەی و بە چ ناوێك دەتوانیت خۆتی تێدا بدۆزیتەوە.
واتا میوزیك ئەو جوانی و فانتازیایەیە، كە هەموومان بۆ لای خۆی پەلكێش دەكات، بەبێ ئەوەی كە خۆیمان پێ بناسێنێت و بۆ چەند ساتێك خەیاڵمان دەبات.”
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا گوتیشی: “(سامان عەزیز) بە ئامێری سەنتوور بەشدارە و خۆیشم بە ئامێری شمشاڵ، هەروەها كاری مونتاژ و وێنەگرتنی كلیپەكەیشمان لە لایەن (دلێر عومەر)ـەوە بووە. (ئەردەلان غەریب)ـیش وەك یاریدەدەری كامیرا بەشدار بووە و (ئاین مەحەمەدیش) كاری رووناكییەكەی كردووە. (شاخەوان ناسیح)ـیش فۆتۆگرافەری بووە.”