لە تازەترین چاپکراوى خۆیدا، رۆژنامەنووسی بوارى هونەرى مەسعودى مەلا هەمزە کتێبێکى سینەمایی لەژێرناوى “پرسەکانى فیلمسازى کوردی” بەچاپگەیاند. ئەم کتێبە کە بە تیراژی 1000 دانەو بە 112 لاپەڕە لەسەر ئەرکى بەڕێوەبەرایەتى سینەماى هەولێر چاپکراوە لە ئێستادا لە کتێبخانەکان دەستدەکەوێ.
مەسعودى مەلا هەمزە ئامادەکارى کتێبەکە گوتى: لەم نەبوونى کتێب و سەرچاوەیە لەسەر سینەما، کاتێک لە سێیەمین فێستیڤاڵی کورتەفیلمى هەولێ سینەماکاران گفتوگۆی گەرم و گوڕیان لەسەر پرسەکانى فیلمسازى دەکرد بە پێویستمزانى هەموو ئەو سیمینار و گفتوگۆیانە کۆبکەمەوەو لە دووتوێی کتێبێکدا بەچاپیان بگەیەنم و خەونەکەشم هاتەدی و چاپکرا”.
مەسعود گوتیشی: ئەم کتێبە نە لێکۆڵینەوەیەو نە وتارە، بەڵکو گفتوگۆی گەرموگوڕی فیلمسازانى کوردە لەسەر پرسەکانى خۆیان، هەروەها بەشێکیشی تایبەتە بە قسەکردن لەسەر ئەم فیلمانەى لە فێستیڤاڵ بەشداربوون و قسەیان لەسەر کرا، هەروەک ئەم کتێبە سیمینارى هەریەک لە هونەرمەندان “بەهمەن قوبادى، شەوکەت ئەمین کورکى، رێڤین عەساف، مەمەد ئاکتاش”ى تیایە.
شایانى باسە مەسعودى مەلا هەمزە وێڕاى ئەوەى ئەمە دووەم کتێبیەتى و لە ئێستاشدا سەرقاڵی ئامادەکردنى بیۆگرافیاى هونەرمەندانى هەولێرە.