داستانه ڕاستی و ئه‌فسانه‌ییه‌کانی مێژووی دڵداری ناوزهندن به‌ناوی دوو عاشقه و ماشقه‌که هه‌ندێ جار ناوی کچه هه‌ندێ جاریش ناوی لاوه له‌پێشه‌وه‌یه وه‌ک شیرین و فه‌رهاد ، له‌یل و مه‌جنون ، محه‌مه‌د و سێوێ ، لاس و خه‌زار …. به‌ڵام بۆ ئه‌م دوو دڵداره کۆریه نوسیمان سان و سۆنیۆن ! هه‌رچه‌نده باس و ڕووداوه‌کانی دراما ته‌له‌فزیۆنیه وه‌رگێڕدراوه‌که‌ی کوردسات گشتگیر و زۆر لایه‌نی سیاسی ، فه‌رمانڕه‌وایی ، ئازایه‌تی ، کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وسا ده‌گرێته خۆی به‌ڵام چه‌قه‌که‌ی داستانی خۆشه‌ویستی دانی بێ وه‌رگرتنی سان و سۆنیۆنه .
پشتێندی خۆشه‌ویستی..
بۆ هه‌موو دیارده‌یه‌کی خۆشه‌ویستی سومبولێک دروست ده‌بێ جاران شوشه عه‌تر و دهسهسڕبوو ، یا گوڵ و خه‌ناوکه ، مانگ و ئه‌ستێره ، سه‌رکانی و ده‌م ڕووبار ، تیر و دڵێکی سه‌ر دار کالیپتۆزێک به‌ڵام له‌نێوان سان و سۆنیۆن پشتێنده‌که‌ی منداڵی یی سانه گنهی لووت قیته . مێژوو هه‌مان ڕووداو دووباره ده‌کاته‌وه جارێکی تریش قۆڵی سۆنیۆن ده‌پێچێته‌وه ئه‌وجا یی سان له‌کۆشک و پاشایه‌تی یاخی ده‌بێ تا سۆنیۆن ڕایی ده‌کا شووی پێ بکا . سونبوله‌کانی خۆشه‌ویستی زۆرن بۆ ههرجووتێک دیارده و نیشانێکه ، له‌هه‌موو ماوه‌ی ژیانی خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی چه‌ند تاڵهداوێکی پرچی خۆشه‌ویسته‌که‌م پێ بوو که‌زیه‌کی وردی پێ دهچنراوه له‌ناو کاغه‌ز و نایلۆن لهبهڕکم هه‌رم گرتبوو ، نهێنیه‌کی شاراوه بوو به‌ڵام هه‌ندێک له‌براده‌ره پێشمهرگهکانیشم پێیان زانی بوو ! هه‌موو جارێ ئه‌گه‌ر ڕادیۆی کوردی له‌به‌غدا گۆرانی .. کۆچه‌رێ هه‌ی کۆچه‌رێ ی لێدابا شه‌هید ئه‌میری عهبداغهی له‌گه‌ری ده‌گۆت و پێده‌که‌نی به‌زمی بهمن ده‌کرد هیچم نه‌کردبوو یا نه‌گۆتبوو ده‌یگۆت: چی یه کاک دلشاد لۆ توڕه ده‌بی ئه‌من لۆخۆم گۆرانی ده‌رێم ! لۆ چاوم لێ زه‌ق ده‌که‌یه‌وه ؟ جا پشتێنده‌که‌ی یی سانیش کاریزمای خۆی هه‌یه زاراوه‌یه بریتیه له‌دوو وشه‌ی پشت و توندکردن بوویته پشتێند .
گوڵدهبارێ..
له‌زۆرینه‌ی فلیمههیندیهکانیش دوو عاشقه وماشقهکه ده‌س له‌ملی یه‌کتر ده‌که‌ن و باران ده‌بارێ ئه‌گه‌ر ناو میحرابی په‌رستگایه‌کیش بێ له‌وانه‌یه مانگ هه‌ڵبێ ! توانه‌وه له‌عه‌شقی سان و سۆنیۆن وا ڕۆمانسی یه گه‌ڵای گوڵ ده‌بارێنێ ههربهوشهوه مانگیش ده‌دره‌وشێته‌وه . که‌م عاشق هه‌یه له‌گه‌ڵ مانگ چاوبازی نه‌کا و نه‌کردبێ بۆیه شاعیری کورد ده‌ڵێ: ده‌خیلم ئه‌ی مانگ قیبله‌ی دڵداران ، ده‌رمانی ده‌ردی دڵه‌ی بیماران . ده‌خیلم ئه‌ی مانگ هه‌ردوو هاوده‌ردین ، هه‌ردوو گرفتار یه‌ک ئاهی ساردین … ئه‌وه‌ی حه‌زی لێ یه با تێی ههربکا .
ئه‌میندار هۆنگ ..
سیاسه‌ت وه‌ک گۆمێکی قوڕاوه هه‌رکه‌سێ مه‌له‌ی تێدا بکا به‌پاکی لێ نایه‌ته ده‌ره‌وه . سیاسیه‌کانیش وه‌ک دنکه نیسکن به‌ر و پشتیان نی یه لهبهرژهوهندخوازیدا شیاون دوژمناتی دۆست و دۆستایه‌تی دوژمن بکه‌ن به‌هه‌موو دیوێک هه‌ڵده‌گه‌ڕێن . کورد ده‌ڵێ: ڕێوی لهکونهکهی هه‌ڵگه‌ڕیته‌وه گه‌ڕ ده‌بێ . ئه‌مینداری فه‌رمانداری هۆنگیش هه‌ڵه‌شه‌یی به‌رچاوی گرتووه ده‌که‌وێته داوه‌که‌وه تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی خۆی خۆی سزا بدات ئه‌و که کاری باشی کرد به‌ڵام هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌شی کرد که‌من ئه‌وانه‌ی ده‌گه‌نه پله و پایه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌خۆیان نه‌گۆڕێن و هه‌ڵه نه‌که‌ن !
کوڕی دایکیه‌تی ..
پاشا سان گه‌مه‌ی خۆش بووه سوعبه‌ت ده‌کا له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌که‌ی به‌ڵام نازانێ جوان پێبکه‌نێ له‌هه‌مووی ناخۆشتر بێ دایکی موو ناپسێنێ چه‌ندی جوامێره به‌ڵام هه‌رکوڕی دایکیه‌تی . زۆرن ئه‌و ژنانه‌ی کاروکاردانهوی گه‌وره به‌جێدێڵن له‌سه‌ر سیاست و به‌ڕێوه‌بردندا بۆیه شاژنی دایک بڕیار به‌ده‌ست و سالاره هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ش ده‌کا . جارێ شاژنی بێوه‌ژن ئه‌وه داکهمارانهیه سه‌ری کێشه‌کانه پلاندانه‌ری پیلانگێڕانه تاکۆتایی پیشه‌یه‌تی . خۆشه‌ویستێک به‌ئیمێل تێبینی ئه‌وه‌ی پێگه‌یاندم که له‌وه‌رگێڕانه کوردیه‌که‌ی درامای یی سان زۆرجار به‌هه‌ڵه وشه‌ی پلان ده‌کاته نه‌خشه له‌جێ ی پیلان ده‌ڵێنه‌وه که‌ده‌کاته هه‌وڵی کوده‌تا یا گه‌له‌ی له‌ناوبردن .
هاوده‌مه‌کانی پاشا..
ته‌نانه‌ت کاتی خه‌وتنیشی به‌جێ ی ناهێڵن له‌خزمه‌تی بهکڕنۆش و فه‌رمان جێبه‌جێکردن دان . زۆرینه‌ی دڵسۆز و هه‌رده‌م جاسوسی بهرهکانیشیان تێدایه به‌پاره یا هه‌ڕه‌شه ده‌یان کڕن ! دهنگوباسی خاوه‌نشکۆ ده‌گه‌یه‌نن . هه‌روه‌ک ده‌زگای هه‌وڵگری هه‌ریه‌ک چاودێره به‌سه‌ر ئه‌وی تره‌وه ئه‌نیشک هاویشتن و جێ پێلهقکردن پیشه‌یانه . له‌زۆر شانشین و ئیمپاتۆریهتدا ڕۆڵی ژه‌هر ده‌رخواردی پاشایان دیوه سه‌به‌ته‌ی مێژوو پڕ به‌سه‌رهاتی ئه‌وانه .
سه‌گوه‌ڕ ..
نیشانه‌ی ڕوودانی شتێکه به‌تایبه‌تی له‌نیوه‌شه‌و ، هه‌رده‌م سه‌گه‌ل به‌هه‌راو حه‌په حهپیان ئاوایی بهئاگادێنن . ده‌رهێنه‌ره کۆریه‌که دیارده‌ی سه‌گوه‌ڕی له‌دراماکه نیشاندا ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی وردۆزی کاره هونهریهکهیه تا ئه‌وڕاده‌یه‌ی په‌ی به‌زۆر ورده‌کاری بردووه جێگای سه‌رنجه ، له‌دێ و لادێکانی کوردستانیش ئه‌و سه‌گوه‌ڕه ده‌بیسترێ .
سۆنیۆن..
جلعود نی یه وه‌ک دۆنگی به‌ڵکو که‌سایه‌تیه‌کی لاوازی سهرکزهرۆکه ، سه‌ره‌ڕای دڵسۆزی بۆ پاشا کهمزانه هه‌رچه‌نده جوانکیله‌یه به‌ڵام به‌نوزه نوز و سهرخاپاوه ، هه‌نده ده‌نوزێته‌وه به‌ڕاستی ناخۆشی کردیه په‌کو ! به‌خت یاوهریتی پاشا عاشقی بووه ، جارێ هیچ ئه‌منی نهکوشتیه گوله ئار بی جی یه‌که‌ی هه‌موو ده‌مێ لهشانیتی مه‌به‌ستم قدووی فڵچهکانه . جاران ده‌بوو پێشمه‌رگه گوله ئار بی جی هه‌ڵگری و زۆر لێ ی بێزاربوو که ده‌یبینم ئه‌وکاتم دێته‌وه بیر .
یی چوون ..
ئاخ و ئۆف ، وه‌یش وه‌یشی نیگارکێشی وێنه‌ی وروژێنه‌ری بلیمه‌ت یی چوون سه‌مه‌ره‌یه ! ئه‌وه‌ی قۆڵی ژنه‌که‌ی به‌قه‌د ڕان و ڕانیشی به‌قه‌د ناوقه‌دی ئه‌وه ، ناشزانێ بۆ حه‌زده‌کا بۆکس بهلاچاویدا بکێشێ ؟ هه‌رچه‌نده ده‌میشی بۆنی لێدێ وه‌ک نیگارکێش تاک گۆتی به‌ڵام هه‌ندێ جار گرته‌ی کۆمیدی جوان ده‌نوێنێ و نمونهیهکیشه لهکاسایهتیهکی ئاسایی ڕۆژانه ده‌یانبینین .
کڵاوی وه‌زیره‌کان ..
کڵاوه‌که‌ی سه‌رسه‌ریان تایبه‌تمه‌ندی کۆریه‌کانه ده‌رێ ی گوێپهڕی سه‌ته‌لایته بهلاجانگیانهوه گوێچکه‌ی هه‌ندێکیانی پاچاندیتهوه له‌لایه‌کی تر دانیشتنی چوارمشقی سه‌رزه‌وی ، سفرهخوانه خڕه‌که‌ی نانی له‌سه‌ر ده‌خۆن ، خواردنه‌وه لهکتریدا له‌گه‌ڵ دووقات لێفه شڕه‌که‌ی سه‌رسندوقی ماڵه‌کان هه‌روه‌کو ماڵه جوتیاری گونده‌کانی کوردستانه له‌وانه‌یه ئه‌وانه‌ش هۆکاربن ڕه‌واجی دراماکه له‌کوردستان زۆره و سه‌رکه‌وتووه .
ده‌نگه دۆبلاژه‌کان ..
جار جاره‌ش قونجرکهیهکی ڕه‌خنه‌یان لێده‌گرین . چه‌ند باره‌یی ده‌نگی ئه‌کته‌ره دۆبلاژکارهکان زۆر زه‌قه ئاسان ده‌ناسرێنه‌وه هه‌ندێک جار لاری ده‌که‌نه‌وه به‌ڵام هه‌ر وون نابێ . ده‌نگی خاتوو هۆنی دۆستی شاهانه ده‌نگی کوڕه شازاده‌که‌ی دۆنگی یه ، ده‌نگی ماکسۆنی ژنی دالهوو ده‌نگی کاتی منداڵی دایسووه هه‌روه‌ها ده‌نگی سه‌رۆکی بازرگانه‌کان ده‌نگی پاشای خوالێخۆش بووه … تاد. له‌هه‌مووی کێشه‌تر ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر گوێبیستی بانگه‌شه‌کانی کوردسات بگری زۆرجار ده‌نگی سۆنیۆن و دایسوو ته‌نانه‌ت خاوهنشکۆت گوێ لێ ده‌بێ واده‌زانی درامای یی سانه که‌چی ته‌نیا ڕیکلامهیهکی مۆدێرنی ئه‌م زه‌مانه‌یه ! له‌وانه‌یه له‌کاتی تر بکرانایه وا دیار نه‌بووایه .
گه‌مه‌ی کامیرا ..
جوله‌ی کامیراکان چاوکێشه جگه لهتهکنیکه زانستی یا داهێنه‌کانی ده‌رهێنه‌ره کۆریه‌که ته‌واو بۆته چاوی بینه‌ر زۆربه‌ی شته‌کان ده‌بینێ . هه‌رده‌م له‌و گۆشه‌وه وێنه‌ده‌گرێ که بینه‌ر خواستیه‌تی له‌کاتی ڕێوانی بردنی ته‌رمه‌که‌ی فه‌رمانده هۆنگ کامیراکه له‌ژێر هه‌یوانی خانووه سهرپوشینهکهوه ده‌یڕوانی که‌ماوه‌ی نه‌ما سه‌ره‌تاتکێ ی کرد شاوڵی به‌رز بۆوه به‌ره‌و ئاسمان تا ته‌واوی دیمه‌نێکی ڕوحانی نیشان بدا له‌گه‌ڵ داره‌مه‌یته‌که و بانگه‌وازی مردوو نێژیان ته‌واوی شاشه‌که‌ی به‌ئاوی ده‌ریا پڕ کرد واته ژیان هه‌ربه‌رده‌وامه . بۆ به‌سه‌ربردنی کات و ده‌سپێکێکی تری وێنه‌گری هه‌رده‌م نوسینگه‌ی نیگارسازی سه‌رشاره له‌وێوه لاپه‌ڕه‌ی کێشه و به‌سه‌رهاته‌کانی تر هه‌ڵده‌داته‌وه بۆ خوێندنه‌وه ، به‌چاوی بینه‌ر ئاسۆیی به‌لای ڕاست یا چه‌پدا ده‌خشێ زووم ده‌کاته سه‌ر نیگارکێشی شاهانه و به‌رده‌سته‌کانیان به‌بزه‌یه‌کی کۆمیدی ده‌س پێده‌کاته‌وه ! واته هه‌ده‌م خاڵێ ده‌سپێکردنه‌وه‌ی هه‌یه بێ پچڕانی مه‌زه‌نده‌ی بینه‌ر جاریکی تر گرته کامیراییهکان شاره‌زایانه گرێده‌داته‌وه .