كارۆخ مەلائەسعەد (بۆ كوردستان) سروودێكی نیشتیمانییە كە ئاوازی (هەڵكەوت زاهیر)ـە و تێكستی (د. ئاراس عەبدولكەریم)ـە و 5 گۆرانیبێژی كوردیش بەیەكەوە چڕیویانە. سروودەكە ئاماژەیە بۆ كۆمەڵێك مەینەتی ژیان و لێبووردەیی و هەروەها باس لە مافی سەرجەم چین و تووێژەكانی كۆمەڵگە بە گشتی دەكات.
ئاوازدانەر (هەڵكەوت زاهیر) لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: “تازەترین كارم بەرهەمهێنانی سروودێكە بۆ كوردستان كە بۆ ئەو سروودەیش 5 دەنگم دەستنیشان كردووە تاوەكوو بەشێوەیەكی باش سروودەكە بڵێنەوە.”
ناوبراو زیاتر لە بارەی بەرهەمەكەیەوە دەڵێت: “(بۆ كوردستان) ناونیشانی سروودەكەمە كە لە ئاوازی خۆمە و تێكستی (د.ئاراس عەبدولكەریم)ـە. هەروەها پێنج دەنگی جیاواز لە یەكتریشم دەستنیشان كردووە بۆ گوتنی سروودەكە، كە بە دەنگی هەریەكە لە گۆرانیبێژان (لۆكە زاهیر، پەیوەند جاف، عەبدولقەهار زاخۆیی، میرا، مۆنیكا) گوتراوە.”
گوتیشی: “دەرهاویشتەی تێكستەكە بە جۆرێكە كە مەبەستییەتی ئاوات و خەون و خەیاڵەكانی هەر تاكێكی كورد بهێنێتە دی و تەواوی موعانت و ئازارەكانی كۆمەڵگەكەمان بسڕدرێتەوە و ببینە خاوەنی هەرێمێكی تەواو سەربەخۆ، مەبەستمانە هەموو بە یەكەوە دەست لە دەست بگرین و سەركەوین بۆ ئەوەی مافەكانی سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە لە ئێستادا باشتر بەدی بهێنین.”