لە مانگی رابردوو، وەک یەکەمین گۆرانی بێژ لە کوردستان “دەشنێ موڕاد” بە هەلیکۆپتەر لە شاری هەولێر کلیپ کرد و بڕیارە بەم نێزیکانە کلیپەکە بڵاوبکرێتەوە. دەشنێ لەو بارەیەوە گوتی “زۆر دڵخۆشم کە توانیم وەک یەکەمین هونەرمەندی کورد، بە هەلیکۆپتەر لە نێو کوردستان کلیپ بکەم، ئەمەش دوای ماوەیەکی زۆر ماندووبوون”.
زیاتر گوتی “کلیپەکە کاری وێنەگرتنی لە مانگی رابردوو بە کۆتا هاتووە، هاوکات ئێمە ماوەیەک خەریک بووین تا رێگەپێدانی وەزارەتی ناوەخۆی هەرێمی کوردستانمان وەرگرت”. دەشنێ ئەوەشی گوت “ئێمە ویستمان کلیپێک بە هەلیکۆپتەر لە کوردستان بکەین، بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە جوانی و سروشتی کوردستان پێشان بدەین و وەک رێکلامێک بۆ بانگەشەی گەشتیار بەکار بهێدرێت”.
لەبارەی گۆرانییەکە ناوبراو گوتی “گۆرانییەکی نوێیەو بەرهەمی کۆمپانیای ڤین پرۆدەکشنە، تێکست و میلۆدییەکەی لە لایەن هونەرمەند “ئامانج” ئامادەکراوە، هاوکات لە ستۆدیۆی رۆژی شاری هەولێر دەنگەکەی تۆمار کراوەو کلیپەکەش بەسپۆنسەری BMB Group لە لایەن ستافی Vin Production هاتۆتە ئەنجامدان”.
لای خۆیەوە، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای “BMB Group” بە (کوردمیلۆدی)ی گوت “زۆر خۆشحاڵین کە بەهاوکاری ڤین پرۆدەکشن توانیمان بۆ یەکەمین جار کلیپێک لە کوردستان بە هەلیکۆپتەر وێنە بگرین، ئێمە دەمانتوانی ئەو کلیپە زۆر بە ئاسانی لە ئەوروپا وێنەبگرین بەڵام ویستمان لە کوردستان بێت و گروپێکی کوردی کار بۆ سروشتی کوردستان بکات”.
ئەوەشی گوت “وێنەگرتنی کلیپەکە مانگێک بەر لە ئێستا بە کۆتا هاتووە، لە ئایندەیەکی نێزیکدا دێتە پێشاندان”.
شایەنی باسە ئەم کلیپە لە دەرهێنانی دەرهێنەر “کاوە عادل” و سپۆنسەری BMB Group و جێبەجێکردنی Vin Production ـە.