حەمەسوار عەزیز: ماوەیەکی زۆر نییە وەک بینەری کورد ئاشنایەتیمان لەگەل شانۆی شەقام ھەیە، ھەرچەندە بیروڕا وایە سەرەتاکانی شانۆی کوردی لە شەقام و شوێنە گشتییەکان دەستیپێکردووە، دواترین چالاکیەکانی شانۆی شەقام لە کوردستان فیستیڤاڵی دەربەندیخان بوو کە تایبەت بوو بە شانۆی شەقام و تیایدا لە ماوەی دوو رۆژ چەندین نمایشی شانۆیی لە باخچەو شەقامەکانی ئەو شارە پێشکەش کرا، لێرەدا ھەوڵدەدەم لە ڕوانگەی قسەکردن لەسەر ئەو نمایشانە، بنەماکانی شانۆی شەقام شڕۆڤە بکەم.
گوتار لە شانۆی شەقام:
شانۆی شەقام شانۆییەکی کات و ساتییە و بایەخ بەو ساتەو شوێنە دەدات کە نمایشەکەی تیاییدا پێشکەشدەکرێت، لە زۆرینەی کاتتدا گوتاری شانۆی شەقام گوتارێکی کۆمەڵایەتی یا پەروەردەیی یە، ھەندێک جاریش بۆ پاراستنی ژینگە یا وەک فاکتەری ڕێکلامکردن لە بواری ئابووری و سیاسەتدا سوودی لێوەردەگیرێت، بەڵام لە زۆرینەی حاڵەتەکان جۆری بابەتەکە پابەندە بەو شوێنەی کە نمایشەکەی تیادا پێشکەشدەکرێت، بەو مانایەی قسە کردنە لەسەر ڕەھەندو ئاریشە و دیاردە ھەنووکەییەکانی ئەو شوێنە.
ئەوەی من لەو فیستیڤاڵە بینیم زۆرینەی نمایشەکان بارگاوی کرابوون بە گوتارێکی سیاسی شمولی، بەو مانایەی زۆرینەی نمایشەکان ھەوڵدان بوو بۆ قسەکردن لەسەر پرسێکی سیاسی یا نەتەوەیی یا ئابووری یا کۆمەڵایەتی شمولی، کە پانتایی و دووری ھەمەلایەنی ھەیەو ناکرێت لە نمایشێکی داھێنراوی شەقامدا قسەی لەسەر بکرێت.
گوتار لە نمایشی شەقام لەو پرسە ھەنووکەییانە کورت دەکرێتەوە کە پەیوەندی بە خودی ئەو خەڵکە ھەیە کە لە نمایشەکە کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی ئامادەبووان بتوانن لەگەڵ ئەکتەرەکان بەشداربن و ئەوانیش قسەیان ھەبێت، بۆیە دەکرێت لە شاروچکەیەکی وەک دەربەندیخان شانۆی شەقام قسە لەسەر ئاریشەکانی ژینگەی ئەو ناوچەیە بکات، یا قسە لەسەر کێشەکانی شارەوانی و پەروەردە و ھاتووچۆو ڕێگاو بان و گەشتیاری و خزمەتگوزارییەکان بکات، یا کێشەی لاوان و ژنان و منداڵان..تاد.
لەم روانگەوە دەکرێت گوتاری زۆرێک لەو نمایشانەی کە لەو فیستیڤاڵە پێشکەشکران بە ناگونجاو ناوببەین، تەنھا ھەردوو نمایشی (ژیان بەخشبە) ی کۆیەو (لە پشت چاویلکەی ئەتورەوە) ی شاری مەلایەری ئێران نەبێت، کە ئەو نمایشەی دووەمیان باس لە کێشەیەکی ڕۆژانەی خەڵک دەکات لە شارە پێشکەوتووەکانی جیھان، ئەویش کێشەی میترۆ و ئەو ئاریشانەی کە لەنێو ئەو ھۆکارە گرنگەی گواستنەوە ڕوودەدات.
لە ھەمانکاتتدا ناکرێت لە نمایشی شەقام پەنا بۆ سیمبوڵ و گوتارێکی فەلسەفی وشک ببەین، وەک ئەوەی لە نمایشی (تۆ…یا من کێم؟) ی تیپی شانۆی گەلی چەمچەماڵ بینیمان، لەبەر ئەوەی بینەری شەقام لەو ساتە فیزیکی و دەروونییەدا ئامادەیی ئەوەی تێدا نابێت سیمبوڵ و داڵەکانی ئەو نمایشە شیبکاتەوە کە لە بنەڕەتەوە ئەو خواستی بینینی ئەو نمایشەی نییە بۆ ئەوە لەوێ نییە، ئەمەش وادەکات ھەر زوو شوێنەکە بەجێبھێلێت.
لەلایەکی ترەوە شێوازی گەیاندن لە شانۆی شەقام لە زۆرینەی کات دەبێ پشت بە کۆمیدیا و نمایشی ڕەزاسووک ببەستێت، بۆ ئەوەی ئەو بینەرەی کە لەوێ کۆبۆتەوە بێزار نەبێت و بتوانێت کاتێکی زیاتر بە دەم نمایشەکەوە بەسەر ببات، بەداخەوە لە ھەموو نمایشەکانی ئەو فیستیڤاڵە کۆمیدیا فەرامۆش کرابوو، لە ھەموو نمایشەکان گوتارێکی زۆر جیددی کاری لەسەر کرابوو، کە لە ڕاستیدا ئەمە ناچێتە نێو خودی گوتاری شانۆی شەقام، مەگەر تەنھا لە ھەردوو نمایشەکەی گروپی (مەلایەر) ی شاری ھەمەدانی ئێران نەبێت، کە نمایشەکانیان بەشێوازی کۆمیدی پێشکەش کردو بینەریش بێئەوەی لە زمانی نمایشەکە تێبگات، کاتێکی خۆشی لەگەڵ بەسەر برد.
شانۆی شەقام چییە؟
ئایا ھەموو ئەو نمایشانەی لە شەقامێک یا گۆڕەپانێک یا پاڕکێک نمایشدەکرێن پێیان دەووترێت شانۆی شەقام؟ ئایا کارێکی گونجاوە نمایشێکی شانۆیی کە لە ھۆڵێک نمایشدەکرێت دواتر بە ھەمان ستایل بیگوازینەوە بۆ سەر شەقام؟
ئەوەی من لە فیستیڤاڵی دەربەندیخان بینیم زۆرینەی دەرھێنەرەکان نەیانتوانیبوو تێگەیشتنی شانۆی شەقام لە نمایشەکان بەرجەستە بکەن، بە پێچەوانەوە زۆرینەی نمایشەکان گواستنەوەی دیمەنی شانۆیی بوو لە نێو ھۆڵەکان بۆ سەر شەقام، ئەمەش وایکردبوو بنەماکانی شانۆی شەقام لەو نمایشانە ئامادەبوونی نەبێت.
ئیرتیجال رەگەزێکی بنەڕەتی شانۆی شەقامە کەچی لە زۆرێک لەو نمایشانە ئەو رەگەزە بەشێوەیەکی بەرچاو بوونی نەبوو، زۆرینەی ئەکتەرەکان پابەند بوون بە تێکستێکی پێشوەخت نووسراو و نەیاندەتوانی بەسەرییدا باز بدەن، مەگەر تەنھا بەشێوەیەکی کاڵ لە نمایشی (سواڵکەرەکە) ی کەرکوک نەبێت.
رەگەزێکی تر لە شانۆی شەقام بەشدارپێکردنی بینەرە لە نێو ڕەوتی نمایشەکە، ئەمەش بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەستە بە گوتاری نمایشەکەو سروشتی کارکردنی نمایشەکە، وەک باسمکرد ئەگەر گوتارەکە ھەنووکەیی و سادە بێت و گوزارشت لە ئاریشەو کێشەکانی ئەو بینەرەی ئەوێ بکات، ئەوە بێگومان دەرگا بۆ بەشداریکردنی بینەر دەخاتە سەرپشت، بەڵام بەو مەرجەی ئەکتەرەکان توانای ئەوەیان ھەبێت بە شێوەیەکی ئیرتیجالی ئەو پەیوەندییە دروست بکەن و پەرەی پێبدەن.
لە شانۆی شەقام بینەر بەو مانا تەقلییدییە نییە، بەڵکو ئەوەی ھەیە ئەکتەرەو نمایشەکە دەتوانێت سوودیان لێوەربگرێت، بۆیە نمایشی شانۆیی شەقام نمایشێکی کراوەیەو لەکاتی نمایشکردنییدا تەواو دەبێت و دەبێتە ئەو نمایشەی کە پێی بووترێت شانۆی شەقام.
بەلام ئەوەی ئێمە لەو فیستیڤاڵە بینیمان ئەوەبوو کە دەرگا بەڕووی بەشداریکردنی بینەر لە نمایشەکان داخرا بوو، تەنھا لە نمایشی (سواڵکەرەکە) ی کەرکوک و نمایشی (چوونە ژوورەوە لە دەرگای تەنگ) ی بابل نەبێت، کە پەراوێزێک بۆ بەشداریکردنی بینەر دەبینرا.
بنەمایەکی تری شانۆی شەقام شێوازی ئەداکردنی ئەکتەرە لە نمایش، لە شانۆی شەقام ئەکتەر پێویستی بە ستایلی ریالیزمییانەی ستانسلاڤسکی نییە لە کاتی ئەدا کردنی کارەکتەرەکان، بۆیە ھەموو جۆرە تەقەموس و ڕووچوونێک بەناو کارەکتەرەکان رەتدەکرێتەوەو بە زیانی نمایشەکە تەواو دەبێت، لێرەدا ڕەگەزەکانی ئیرتیجال، تەغریب، زیادەڕۆیی (مبالغە) ، سیمای ئەداکردنی ئەکتەر پێکدەھێنن، بۆیە لە شەقامدا تۆ ئەو کارەکتەرە نیت کە نیشانی دەدەیت، نابێَت بینەریش وا لێبکەیت کە بەو کارەکتەرە بتناسێت، رۆلی تۆ لەوەدا کورتکراوەتەوە کە پێیان بڵێی ئەوە (نەک خۆت) ئەو کارەکتەرەیە کە تۆ نیشانیان دەدەیت.
بەداخەوە لە زۆرێک لەو نمایشانەی دەربەندیخان ئەداکردنی کلاسیکی ئەکتەر باڵی بەسەر نمایشەکان کێشابوو، بە تایبەتیش نمایشەکانی “کفری، کۆیە، دەربەندیخان، قەڵادزێ، ھەڵەبجە، چەمچەمال (سێوەکانی نیشتیمان) “، ئەم شێوازە ئەداکردنە کە لەم نمایشانە بینیمان دەرەنجامی تێنەگەیشتن و ڕانەھێنانی ئەکتەرە لە پڕەنسیبەکانی شانۆی شەقام.
چەند ڕەگەزێکی تر لە شانۆی شەقام بایەخی زۆریان ھەیە وەک موزیک، سەما، ماسک وجل و بەرگ، ئەمانە کاریگەری زۆریان ھەیە بەسەر خوڵقاندنی ئەو کەشەی کە شانۆی شەقام پێویستیەتی بۆ ئەوەی بتوانێت بینەر بەلای خۆییدا ڕابکێشێت، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ نمایشە کوردییەکانی ئەو فیستیڤاڵە دەبینین لە پەراوێزێکی زۆر لاوازدا کار لەسەر ئەم ڕەگەزە گرنگانە کرابوو، بەشێوەیەک لە ھەندێک نمایشدا زۆرینەی ئەو ڕەگەزانە بوونیان نەبوو، وەک نمایشەکانی (چەمچەماڵ، کفری، سلێمانی، قەڵادزێ، ھەڵەبجە، کۆیە، دەربەندیخان)، لە نمایشەکانی تریش بەشێوەیەکی زۆر لاواز کاری لەسەر کرابوو.
ئەگەر بەگوێرەی ئەو بنەمایانەی کە باسمان کرد لە نمایشی (لە پشت چاویلکەی ئەتورەوە) گروپی مەلایەر بڕوانین، دەبینین زۆرێک لەو بنەمایانە بە زەقی لەو نمایشە دەبینرێن، گوتاری نمایشەکە باسی لە کێشەیەکی ھەنووکەیی دەکرد، ئیرتیجال پانتایی زۆری لە نمایشەکە بەرکەوتبوو، ستایلی ئەداکرانی ئەکتەرەکان بەشێوەیەکی گشتی ئاوێتەیەک بوو لە تیۆرییەکەی برێخت و شێوازی ئیرتیجالی ، ئەمە جگە لەوەی زیادەڕۆیی (مبالغە) لە جوولەو ئەدای دیالۆگ و جلوبەرگ بەشێوەیەکی بەرچاو دەبینرا، موزیک بە شێوازێکی جوان کاری خۆی دەکردو لەگەڵ سەماو جولەی ئەکتەرەکان ھارمۆنییەکەی خێرا لە ڕیتم و کۆمیدی لە فۆڕم بە نمایشەکە دەبەخشی، جلوبەرگ لە شێوازو ڕەنگدا کاریگەری زۆری ھەبوو لەسەر سەرنجڕاکێشانی بینەر.
ڕەنگە ھەندێکمان پێمانوابێت کە نواندن لە شانۆی شەقام ئاسان بێت، بە پێچەوانەوە ئەداکردن لە شانۆی شەقام قورسە و پێویستی بە ئەکتەری بوێر و رۆشنبیرو ھۆشیار ھەیە، ئەمە جگە لەوەی کە دەبێت شارەزایی لە سەماکردن و گۆرانی گووتن و ئیرتجال ھەبێت و بتوانێت لە سیاقی نمایشەکە ئیرتیجال بکات و پەیوەندی لەگەل بینەر دروستبکات و پەیامی بنەڕەتی نمایشەکەش بە لاڕێدا نەبات، بۆیە ئەکتەر لە شانۆی شەقام تایبەتمەندی خۆی ھەیەو مەرج نییە ئەو ئەکتەرانەی کە لەنێو ھۆڵەکان نواندن دەکەن توانای ئەوەیان ھەبێت لە شانۆی شەقام ئەدا بکەن.
بەداخەوە لە زۆرینەی زۆری نمایشەکانی ئەو فیستیڤاڵە تێنەگەیشتن ھەبوو بۆ ستایل و شێوازی ئەداکردنی ئەکتەر لە شانۆی شەقام، من پێموایە زۆرینەی ئەکتەرەکانی ئەو فیستیڤاڵەو ھەندێک لەوانەش کە خەڵاتیان وەرگرت ، ئەداکردنیان لە نمایشەکان زۆر تەقلییدی و ریالیستیانە بوو، کە زۆر لەگەڵ شانۆی شەقام ناکۆکە، ئەمە جگە لە ئەکتەرەکانی گروپی مەلایەر و چەند ئەکتەرێک لە نمایشەکانی تر، بۆ نمونە (کۆسرەت عەبدوڵرەحمان و رێبین قادر لە نمایشی سواڵکەرەکەی کەرکوک، ئەحمەد مۆنیکا و وسام عەدنان لە نمایشی “شارع الواقعە” ی بەغداو ئەحمەد محەمەد لە نمایشەکەی بابل.
گروپی مەلایەر و نمایشەکەی بەغدا:
لە تێبینییەکانی سەرەوەدا باسمان لە نمایشی (لە پشت چاویلکەی ئەتورەوە)ی گروپی مەلایەری شاری ھەمەدانی ئێران کرد، دەکرێت ئەم نمایشە بە نمونەی نمایشی شانۆی شەقام وێنا بکەین، چونکە زۆرینەی ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی شانۆی شەقام لەو نمایشە دەبینرا.
نمایشێکی تری جوانی فیستیڤاڵەکەی دەربەندیخان، نمایشی شانۆیی (شارع الواقعە ) بوو کە لە لایەن مونتەدای شانۆی بەغدا لە ئامادەکردن و دەرھێنانی (تەحریر ئەسەدی) پێشکەشکراو تیاییدا ھەردوو ئەکتەری داھێنەر (ئەحمەد مۆنیکا و وسام عەدنان) ئەدای کارەکتەرەکانی ئەو نمایشەیان کرد.
ڕەنگە بەپێوەری شانۆی شەقام ئەم نمایشە زۆرێک لە پێوەرەکانی ئەم ستایلەی تێدا نەبێت، بەڵام وەک نمایشێکی شانۆیی کە لە شەقام پێشکەش کرا، یەکێک لەو نمایشە جوانانە بوو کە ناکرێت ھەروا بە سادەیی بەسەریدا تێپەڕین.
بە بینینی من جوانترین لایەنی ئەو نمایشە ئەداکردنی ھەردوو ئەکتەرەکەی نمایشەکە بوو، بەشێوەیەک ھەندێ جار من دوو ئەکتەرم لە نمایشەکە نەدەبینی، بەڵکو وەک ئەکتەرێک و سێبەرەکەی یا ئەکتەرێک و عەکسەکەی لە ئاوێنەکەی بەردەمی دەردەکەوتن، ئەمەش دەرەنجامی ئەوەبوو کە ھارمۆنیەکی ھاوبەش لە ئەداکردنی ھەردوو ئەکتەرەکە کاری لەسەر کرابوو، بۆیە بە بڕوای من ھەردوو ئەکتەرەکەی ئەم نمایشە شایەنی ئەوەبوون خەڵاتی باشترین نواندنی ئەم فیستیڤاڵە بەرنەوە ھەرچەندە لێژنەی دادوەری ڕایەکی تریان ھەبوو یەکێک لە ئەکتەرەکانیان کە (وسام عەدنان) بوو لە خەڵات بێبەشکرد کە زۆر شایستەی ئەو خەڵاتە بوو، ئەوەش کەمکردنەوە نییە لە تواناکانی (رێبین قادر) کە بە ھاوبەشی لەگەڵ (ئەحمەد مۆنیکا) خەڵاتی ئەکتەری یەکەمیان وەرگرت.
لایەنێکی جوانکاری لەم نمایشە سینۆگرافیای نمایشەکەو مامەڵەکردنی دەرھێنەر بوو لە تەوزیفکردنی ئەو سینۆگرافیایە لە خزمەت بیرۆکەی نمایشەکە، لە ھەمانکاتتدا تەوزیفکردنی ئەکتەر وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سینۆگرافیای نمایشەکە، لەوەش زیاتر دەرھێنەر چەندین دیمەنی کورتی وەک کۆڵاج لە نمایشەکە بەکارھێنا، ئەمەش کاریگەری پۆزەتیفی بەسەر ڕێتمی نمایشەکەو دیدگای جوانکاری نمایشەکە ھەبوو، بەشێوەیەک نمایشەکە وەک کۆمەڵە کلاکێتێکی سینەمایی خۆی نیشان دەدا کە چەند گرتەیەی چیرۆکێک بگێڕنەوە، ئەویش چیڕۆکی جەنگ و نەھامەتییەکانی دوای جەنگ بوو.