ڕۆژنامەی بارزان سپۆرت، لە درێژەی دیالۆگی هەفتانەیدا، کە هەموو یەکشەممەیەک ئەنجامی دەدات، دوێنێ بەیانی لە بارەی پرسی ” بۆچی دەنووسین؟ ئامانج لە بڵاوکردنەوە چییە؟”ـوە گفتوگۆی بۆ نووسەر و ڕۆژنامەنووس (ئەرسەلان عەبدوڵڵا) ساز کرد. سەرەتا (ئەرسەلان عەبدوڵڵا)، ئەوەی خستە ڕوو، کە پیشەی ڕۆژنامەنووسی، لایەنێکی گشتییە و پێوەندیی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، ئەوەیشی باس کرد، کە بواری ڕۆژنامەگەری، ئۆکسجینی ئازادییە و کاری بەخشینی ژیانە بە پرۆسەی دیموکراتی.
لە درێژەی گۆیەکانیدا (عەبدوڵڵا) ئەوەیشی لە بیر نەکرد، کە بواری ڕۆژنامەنووسی، پیشە، عەشق و سەلیقەیشە، هاوکات تەنیا بۆ پادداشت نییە. دیالۆگکار، لە بەشێکی دیکەی ئاخاوتنەکەیدا، ئەوەیشی وت، کە مرۆڤ بەهادارە، بۆیە ڕۆژنامەنووس نابێت لە چوارچێوەی کارەکەیدا، بەهای مرۆڤ بشکێنێت.
ئەرسەلان، پێی وابوو کە ڕۆژنامەنووس دەتوانێت ڕۆڵی کارا لە پرۆسەی وەرزشیی هەر وڵاتێکدا بگێڕێت، دیدیشی وەها بوو کە ئەزموونی لەو شێوە زۆرە و مێدیاکانی ئیسپانیای بە نموونە هێنایەوە. گفتوگۆکار، خستیشییە ڕوو: “تا بە ئاراستەی ئامانجی خۆمان کار نەکەین، ناگەینە ئەو ئامانجەی کە ڕۆژنامەنووس هەیەتی. هەروەها لە بارەی چەند لایەنێکی دیکەی نێو ئەو پرسەوە ئاخاوت.
بۆ زانین، پاش قسەکانی دیالۆگساز، ڕۆژنامەنووسانی وەرزشیی بەرهەڤبوو، کە پێک هاتبوون لە هەریەک لە (عیماد قادر، بۆتان جەلال، سابیر ئەحمەد، سالار جەلال، زاگرۆس نانەکەلی، غازی حەسەن، کەمال یووسف، سەگڤان یووسفی، سەنگەر زرار، هونەر عومەر، هۆشەنگ عەبدوڵڵا، هاوکار قادر، سەرهەنگ نەجمەددین، ڕێکان عەزیز، عەبدولخالق ئەحمەد، شەماڵ دیلان، مامەیارە ئەحمەد، ئەردەلان قادر) ڕا و سەرنجی خۆیان خستە ڕوو و تەوەری گفتوگۆکەیان گەرم کرد.
لە ژمارەی سبەینێی هەفتەنامەی “وەرزش”ـی هەولێردا، لەو ڕووەوە ڕاپۆرتێک بخوێنەوە.
هەر بۆ زانین، هەفتەی داهاتوو لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ڕۆژنامەنووس و بێژەر (زاگرۆس نانەکەلی) لە بارەی پرسی “ڕەخنەی وەرزش و چارەسەر”ـەوە دێتە گۆ.