مەسعودی مەلا ھەمزە: کورتەفیلمی ئاوس لە سیناریۆ و دەرھێنانی ھونەرمەند شێرزاد ھیدایەت لە فێستیڤاڵی جیھانی عەرەبی نێودەوڵەتی لە مەغریب بەشدارە.
کورتەفیلمی ئاوس کە ماوەکەی ١٣,٣٥ خولەکەو ھەریەک لە ھونەرمەندان”عومەر چاوشین، شەیما جاف، سەمیعە محەمەد، رێباز جاف” وەک ئەکتەر لە فیلمەکە بەشدارن و پێشڕەو نەبەرد کاری وێنەگرتنی ئەنجامداوەو مارتن بۆتانی کاری مۆنتاژی بۆ کورتەفیلمەکە کردووە، ئێستا لە فێستیڤاڵێکی مەغریبی بەشدارەو تاکە فیلمە کە نوێنەری کوردستان و عێراقە لەو فێستیڤاڵەدا.
لە لێدوانێکی تایبەتدا شێرزاد ھیدایەتی دەرھێنەر گوتی”ئەم کورتەفیلمەم باس لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەکات، بە تایبەتی لە گوندەکان کە چۆن بۆ مەسەلەی ناموس کچێکی بێ گوناە دەکوژن کە گوایە بە رێگای نا شەرعی سکی پڕە، دوای کوشتنی لە نەخۆشخانە دەردەکەوێت نەخۆشی کرمی تورەکەی ئاوی لە سکیدا گەورە بووە”.
شێرزاد گوتیشی”دڵخۆشم کە بەو کورتەفیلمەم وەک نوێنەری کوردستان و عێراق لە فێستیڤاڵی جیھانی عەرەبی نێودەوڵەتی لە مەغریب بەشدارم”.
شایانی باسە ئەم کورتەفیلمە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێرەو لە فێستیڤاڵی نا بۆ توندوتیژی بەشداری کردووە.