تایبەت : ھونەرمەند قادر ئەسعەد، سێ ساڵە بەرھەمی نوێی نییە، بەڵام ئاشکرایکرد ئێستا کار بۆ دوو ئەلبوومی گۆرانی دەکات، ئەلبوومێکی تایبەت کردووە بە گۆرانی ھەڵپەڕکێ، کە لە ١٠ تراک پێکھاتووە و ناویشی ناوە “شایی”.
کە سەرجەم ئاواز و ھۆنراوەکانی لەلایەن خۆیەوە دانراون، وا بڕیارە ئەلبوومە “شایی”ـەکەی بۆ نەورۆز بخاتە بازاڕە، پاشان ئەلبوومەکەی تر، ھونەرمەند قادر ئەسعەد یەکێکە لەو ھونەرمەندە پێشەنگەکانەی، بە جوانترین شێوە ھونەرییەکە کاری لەسەر گۆرانی ھەڵپەڕکێ کردووە و ئەرشیفێکی جوانی بۆ گۆرانی ھەڵپەڕکێی دروست کرد، ھەر ئەوەش وایکردووە کە ھونەرمەند بە توانا ھەڵکەوت زاھیر پێی وایە “قادر ئەسعەد بەتواناترین کەسە لەناو کورد بۆ نووسینی تێکستی ھەڵپەڕکێ”. ھونەرمەند قادر ئەسعەد ئێستا بە سەردانێک لە وڵاتی سویدە و مانگی داھاتوو لەگەڵ ئەلبوومە “شایی”ـەکەی دەگەڕێتەوە کوردستان، لەو چاوپێکەوتنەیدا باس لە ناوەڕۆکی ئەلبوومەکە و گۆرانی ھەڵپەڕکێ بە گشتی دەکات.
+ نوێترین پڕۆژەی ھونەریت چییە؟
قادر ئەسعەد: سەرقاڵی تۆمارکردنی بەرھەمێکی تازەم کە ئەو بەرھەمە بە تەنیا تەرخانکراوە بۆ گۆرانی ھەڵپەڕکێ و شایی، کە پێکھاتووە لە ١٠ گۆرانی نوێ، بۆ یەکەمجار، ھەموو تێکستەکانی لەلایەن خۆمەوە نوسراوە و ٨ ئاوازی ئی خۆمن یەکیان کۆنە دیارە مەبەستم فۆلکلۆرە، کە ئی ناوچەی باڵەکایەتییە، ئاوازیتر لەلایەن کاک رۆستەم جەیلان دەندراوە، تێکستەکەی لەلایەن ھونەرمەند و ھاوڕێی دڵسۆزم کاک خۆشناو دانراوە، ھەروەھا کاری موسیکی و ئامادەکردنی لەلایەن موسیکژەنی بە توانا کاک ئازاد شمسەدین ئەنجام دراوە. تەواوی ئەم بەرھەمە بە دەست و پەنجەی کوردی دەبێت بە کاری تۆمارکردنیەوەش.
+ ھۆکارەکەی چییە کە تەواوی شیعر و ئاوازەکانی خۆت داتناوە، ئاواز یاخود ھۆنراوەی کەسی دیکەت بەکار نەھێناوە؟
قادر ئەسعەد: زۆر گرنگە ئەگەر کەسی گۆرانیبێژ بتوانێت یان باشترە بڵیین بەھرەی دەست نووسینی شیعر و تێکستی تێدا بێت و شارەزایی و توانایی ھەبێت لە دنیایی گەورەی فانتاسیایی و خەیاڵ دروستکردن بەتایبەتی تێکستی گۆرانی ھەڵپەڕکێ، کە دەبێت زۆر ژیرانە و بە سەلێقانە مامەلە لەگەڵ خێرایی رتم و کارکردنە سەر ھەستی کەسی گوێگر، ھەروەھا ئەو کەسەی لەنێو شایدا ھەڵدەپەڕێت یان ئەو کەسەی کە دەیەوێت بێتە نێو شایی، کەواتە تۆ دەبێت کاریگەریت ھەبێت لەسەر ھەست و بارە دەروونییەکانی کەسی گوێگر و ئامادەکردنی بۆ شایی کردن، ئەو ھەموو ھۆکارانەی باسم کردن لە خۆمی دەبینم، کە دەتوانم ئەو کارە ئەنجام بدەم و ئەو کاردانەوەیەش بگەیەنم بۆ کەسی بەرامبەرم، کە گوێم لێ دەگرێت، دیارە من لە گوتنی گۆرانی شایی ئەزموونێکی باشیشم ھەیە، بەڵگەشم بەرھەمەکانی خۆم و یان ئەو تێکستانەی کە داومەتە کەسانی دی، ئەوەشت لەبیر نەچێت من خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ تێکستی شاییم بۆ مەسەلەی ئاواز دانانیش، کە بۆ ئاوازەکان زیاتر بۆ خۆم دایان دەنێم، دەتوانم بڵێم ئەوەش پەیوەستە بە جۆری دەستنیشانکردن و ھەڵبژاردنی ئەو ستایلەیی کە لە خۆمەوە نزیکن، لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ ئاوازی کەسانی دی، ھەندێکجاریش ئاوازی کەسانیتریشم ھەڵبژاردوون کە لەگەڵ شێوازی کارەکانی مندا یەکدەگرنەوە و دەزانم کە تێیدا سەرکەوتوو دەبم.
+ کەی ئەلبوومەکەت دەکەوێتە بازاڕ؟
قادر ئەسعەد: کاتێک تۆ ئەو چاوپێکەوتنە بڵاودەکەیتەوە من ڕەنگە لە تۆمارکردنی بەرھەمەکەم تەواو بووبم و تەنیا کار بۆ ئەوە دەمێنێ، کە بەرھەمەکە دەدەم بەکێ یان گرێبەست لەگەڵ کام کۆمپانیا دەکەم بۆ بڵاوکردنەوە، ھەروەھا کاری دیزاین و وێنە و ریکلام چۆن دەبێت، بەھەرحاڵ بەرھەمەکەم بۆ بۆ سەرەتای مانگی ٣ دەکەوێتە بازاڕەوە، کە ھەموو ھەوڵێک دەدەم لەو کاتەدا بێت، چونکە بەھار و گەشت و سەیران و شادی و چەژنی نەورۆزی کورد ھەڵبەتە پێویستان بە ھەوێنێک ھەیە کە جوانتر و خڕۆشترویان بکات، ئەویش گۆرانی ھەڵپەڕکێیە، دەست گرتینی عاشقانە لە دەشت و دەر و کێوکانی خاکی وڵات.
+ ھونەری ھەڵپەڕکێ مانای چییە، چ خوێندنەوەیەک بۆی ھەیە، چ کاریگەرییەک لەسەر تاک جێدەھێڵێ؟
قادر ئەسعەد: ھونەری ھەڵپەڕکێ پێش ھەموو شتێک پێکھاتووە لە بەرجەستەکردنی جولەیەکی وەرزشی و رێکخراو کە لە کۆتایی دا وێنەی تابڵۆیەکی جوان و کۆمەڵیک رەنگدانەوەی کەلتوری نەتەوەێک دەخاتە ڕوو، کە بەندە بە زاکیرەی مێژووی نەتەوەیەک، کە ناکرێت فەرامۆش بکرێن تاکو مێژووی مرۆڤایەتی بەردەوام بێت، ئەو فەرھەنگ و کەلتورەش بەردەوامی خۆیی دەبێت، لە کۆتایشدا ھەر نەتەوەیەک لەڕێگای سامانی کەلتورەکەیەوە دێتە ناساندن وھەڵسەنگاندن، ھونەری شایی و گۆڤەندیش یەکێکە لە سامانە ھەرە گەورەکانی نەتەوەیەک کە لەو ڕێگایەوە دەکرێت خۆت نمایشی ھەموو جیھان بکەیت و بڵێی منیش ھەمە لێرە و خاوەنی مێژووی سەدان ساڵەم، ناتوانن نکۆڵی لە بوونم بکەن، ئەوە بە کورتی مانا و خوێندنەوە و بۆچوونی تایبەتی خۆمە.
بۆ بەشەکەی دی پرسیارەکەتان، کە چی کاریگەری دەبێت لەسەر تاک؟ وەکو باسم کرد شایی یان ھەڵپەڕکی کردن کە خۆیی جولەیەکی وەرزشی رێکخراوە، وەرزشکردنیش ھۆکارێکی ئێجگار زۆر گرنگە بۆ تەندروستی و بەرگریکردن لەشی مرۆڤ بەرامبەر نەخۆشییەکان بە شێوەیەکی گشتی، کە من لێرەدا نامەوێت بچمە ناو درێژەیی ئەو باسە، دووەمیان دەرچوونی مرۆڤە لە بارە دژوارەکانی گۆشەگیری و خەمۆکی دەروونی بۆ ھێنانەوەی نێو بارێکی ئاسایی دی یان لەبیرکردنی رابووردوە پڕ ئازارەکان، سێیەمیان تێرکردن و خۆشکردنی کەمێک لە ھەستە رۆمانسیەکان بەتایبەتی کاتێک دوو رەگەزی جیاواز لا شایدا ھەستەکانیان دەگۆڕنەوە لە ئەنجامی دروستبوونی ئەو لێکخشاندنە جەستەییەی بە شێوەێکی خێرا و دووبارەبوونەوەیەکی ڕێک روودەدەن و ئەنجام دەدرێن، ئەوە لەو کاتانەی دوو کەسی دەستی یەک بەھەمانشێوە یەکتر بخوێننەوە، ھەروەھا شایی و ھەڵپەڕکێ یەکێکە لە جوانترین شێواز بۆ تەعبیرکردن لەشادی و خۆشی و سەرکەوتن، کە مرۆڤ بە درێژایی میژوو ئەنجامی داوە، ئەوە بێجگە لە ئامرازە سەرەکیەکەی وەکو نواندن و نمایشکردنی کارێکی ھونەری جوان، کە لە کۆتایدا پێدەڵێن شایی.
+ لە گۆرانی ھەڵپەڕکێدا بەھۆی خێرایی ریتم، ھونەرمەند زۆر پێویستی بە لەرەی دەنگ و جولەی دەنگ نییە، ئایا لەو ھونەرەدا توانای ھونەرمەند لەچیدا دەدەکەوێت؟
قادر ئەسعەد: من لەگەڵ ئەو بۆ چوونەی بەڕێزتان نیم، بەڵکو بەپێچەوانەوە، راستە رتمەکە خێرایە ناتواندرێت کەسی گۆرانیبێژ ئەو لەرینەوەیە ئەنجام بدات، کە لە گۆرانی ئاسایدا دەیکات، بەڵام گوتنی گۆرانی شایی ھێندە ئاسان نییە، بەڵکو تەکنیکێکی دی دەنگی پێویستە ئەو کەسانەی دی لە گۆرانییەکی ئاسایی ناتوانن بیکەن، ھەروەھا لە گۆرانی شایدا کاری قورستر دێتە پێش، کە دەبێت گۆرانیبێژ بیکات، بۆئەوەی وا لە کەسی بەرامبەتی بکات شاییەکە بە زەوقتر و جۆشتر و گەرمتر بکات، لە حالەتێکی دی بیبات بۆ دنیایەکیتر، بۆیە دەبێت ھەمیشە ئێمە باس لە دوو ھونەری جیاواز بکەین، ھەموو گۆرانییبێژێک ناتوانێت گۆرانی شایی و ھەڵپەڕکێ بە شێوەێکی دروست و باش ببێژێت، سەیرکە جیاوازییەکان زۆرن ھەردووکیان ھونەرن، بەڵام دوو شتی جیاواز دوو قوڕگی جیاواز و دوو ئەدایی جیاوازن لە دەربڕیندا، ئەوە بێجگە لەوەی کە گۆرانیبێژی ئاسایی رەنگە بتوانێت ١٠ گۆرانی لە کۆنسێرتێک یان ئاھەنگێگ بڵیت، بەڵام گۆرانیبێژی شایی دەبێت قورگی ئامادەباشی تێدا بێت بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر شانۆ بمێنێتەوە و زۆرترین گۆرانی بڵێت و ھەناسەیەکی درێژ و قوڵی ھەبێت، ھەروەھا جولەی بەردەوامیشی ھەبێت لەسەر شانۆ، کەواتە دوو ئەرک دەبێنیت، یەکەم گۆرانیبێژی و دووەمیان دەبێت وەکو وەرزشوانێک بێت، زوو ھەست بە ماندووبوون نەکات، سێیەمیان کە زۆر گرنگە خاوەن تێکست جوانی شایی و دنیایی فانتاسی شایی بێت، ھەمیشە درک بە خاوبوونەوە و خێرابوونی جولەکانی ھەڵپەڕکێ و شایی بکات.
+ بۆچی لە ھونەری ھەڵپەڕکێدا کورد وەک میللەتانی تر ناکات، کە سەماکردنیان بریتی بێت لە بەیەکدا توانەوەی دوو کەس وەک دوو سەماکار، بەڵکو ھەموو بە کۆمەڵە ھەڵدەپەڕن، ئایا کامیان خۆشەویستی تێدا بەدی دەکرێت، لەو سەما دەستەجەمعەی خۆمان یان ھی میللەتانی تر؟
قادر ئەسعەد: وەکو باسم کرد ئەوە سامانێکی کەلتورییە ئەوە من و تۆ نین ئێستا بڕیاری لەسەر بدەین، بەڵکو مێژووێک ئەوەی نوسیووەتەوە زۆر ئاستەمە دەستکاری کردنی ئێستا، یان دەتوانم بڵێم ھێلێکی سورە و کەس ناتوانێت تەجاوزی بکات، ئێستاش ھەمان شایی بە کۆمەڵ دەست یەکگرتن لە ھەموو وڵاتانی دنیادا ماوە، وەکو کەلتور لە زۆربەی بۆنەکاندا کاری پێدەکەن.. لەوڵاتی سوید کە من ماوەی ١٨ ساڵە لێی دەژیم ھەمان شاییان ھەیە، کە کوردی خۆمان ھەمانە، لە رۆژ و بۆنەکانی خۆیان بەم جۆرە شایی دەکەن و دەست یەک دەگرن یەک بەدوای یەک، خۆ دەتوانم بڵێم شایی کوردی زۆر سەربەستی ئازادی تیدا بەدی دەکرێت لەچاو ئەواندا، بەڵام ئەوان ھاتوون دوور لە دەستکاریکردنی کەلتوورەکەیان سەما و دانسی تریان دروستکردووە، کە بە پێویستان زانیوە بۆ خۆیان لەم سەردەمانەدا.
بۆ پرسیارەکەیترت، کامیان خۆشەویستی تێدا بەدی دەکرێت؟ من دەڵێم خۆشەویستی پەیوەست نییە بە جوتبوونی دوو رەگەزی جیاواز بە یەک لە شاییدا، بەڵکو خۆشەویستی لەسەر کۆمەڵێک پەرەنسیب و لێکنزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتنە بەرامبەر بە یەک، ھەندێکجار کەسێکت خۆشدەوێت کە رەنگە لە ژیاندا نەیدیبێت یان رەنگە لەڕێگای ھێلە بێ ھەناسەکانەوە ئالوگۆڕی قسەی عاشقانەتان کردبێت، بەڵام پێم وایە تۆ باس لاخۆشی دەکەی، نەک خۆشەویستی.
+ لەگۆرانی ھەڵپەڕکێ وەک پێویست گرنگی بە تێکست نادرێت، بەڵکو پەنا بۆ ھەندێ تێکست دەبن، کە تەنیا لەگەڵ ئیقاع بگونجێ، بەبڕوای تۆ ئەوە نەبووە ھۆی ئەوەی کە بەردەوام تێکستی گۆرانی ھەڵپەڕکێ سادە و بێ مانا بووە، وەک تێکستەکانی حەمە سەعید ئیبراھیم؟
قادر ئەسعەد: ئەو پرسیارەی کە کردووتە دوو سەرەیە، بەڵام نە دەبا بەشێوەیەکی گشتی ھەمووی ھەر وا ببینی، تۆ ئێستا تەر و ئیشکت بە یەکەوە سوتاندووە، سەیرکە تێکستی گۆرانی شایی جیاوازی ھەیە لەگەڵ نووسینی “بەند و پیاھەڵدان و سووکایەتی پێکردن” کە ئەو شێوەیان لە کوردستانی رۆژھەڵات باوە و لەوێش سەری ھەڵداوە، دوایی پەڕیوەتەوە لای ئێمەش، کە ئێستا بۆتە باوی لای چەند کەسێک، ئەوانە لە قالبی تێسکت نووسینی شایی چوونەتە دەرەوە، تەنیا لە ھەندێک حالەت نەبێت، کە بەس لە جوانی “بووک و زاوا یان سروشتی جوانی کچێکی ناوچەیەک” دەکڕیت ئەوە قبووڵە، بەڵام لەوە بترازێت قالبێکی دی بەخۆیەوە دەگرێت، من نامەوێ ھیچ ناوێکی لێ بنێم، بەڵام وەکو تر ئەگەر گوێگرێکی باشی تێکستەکانی دی شایی بێت ئەوە وشە و کۆپڵە شیعری زۆر جوان بەدی دەکەیت، کە ھیچ جیاوزییەکی نییە لە رووی بەھای بەرز نرخاندن لەگەڵ تێکستە شیعرەکانی گۆرانی ئاسایی دی، بەڵام وەکو باسمکرد دوو ھونەری گووتنی جیاوازن بۆ دوو مەبەستی جیاوازیش دەنوسرێن، یەکێکیان بۆ ھەڵپەڕینە، ئەویتریان زیاتر بۆ گوێگرتن و پەلکێشکردنی کەسی گوێکرە بەڕتمێکی خاوتر بۆ جیھانی رۆمانسیەت و خاوکردنەوە.
+ زۆرجار ھونەرمەندان دەڵێن لە شێوەکانی ھونەردا پەیامێک دەگەیەنن، ئایا لە ھونەری گۆرانی ھەڵپەڕکێدا ئەوە کراوە؟
قادر ئەسعەد: بێگومان تۆ کاتێک لە خۆشی و شادیەکاندا لە سەرکەوتنەکاندا بە گۆرانی شایی ئاوێتەی ئەو ھەموو بۆنە و دەسکەوتانە دەبێت دەبیتە ھەوێنێک بۆ زیاتر بە گوڕخستنی کۆڕی خۆشی سەرچۆپییەکان ئەوە خۆی بەبێ ئاماژە پێکردن پەیامێکی گۆرانی شاییە بۆ ساتە خۆشییەکانی مرۆڤایەتی، ئەوە گەورەترین پەیامە کاتێک ھەموومان ئاسوودەین لەژێر باڵی ئاوازی تەپڵی شادی سەما و شایی و ھەڵپەڕکێ ساز دەکەین.
+ بەگشتی بۆچوونت لەسەر ئەو گۆرانییە ھەڵپەڕکێیانەی کە لەم چەند ساڵەی رابردوو کراون چییە؟
قادر ئەسعەد: کاری باش کراوە، بەڵام ئەوە ویستی ئێمە نەبووە، ئەوەشت لەبیر نەچێت ھەندێک ئەو ھونەرە گەورە و رەسەنەیان بۆ مەرامە تاکە کەسایەتییەکانی خۆیان ناشرین و رسوا کردووە، گرفتەکە ئەوەیە وازیش ناھێنن.
+ لە کلیپەکانتدا وایارە زۆر حەز بە دەوری ئافرەت دەکەی، کە لە کلیپەکانت زۆر دەوری ئافرەت نیشان دەدەی؟
قادر ئەسعەد: ھەر کاتێک سیناریۆیی گۆرانییەکانم پێویستی بە رۆڵی بەرچاوی ئافرەت ھەبێت دوو دڵیم لێ نەکردووە لەگەڵ دەرھێنەر گفتوگۆمان کردووە بۆ ئەو مەبەستە، کە ئافرەت چۆن ڕۆڵی ھەبێت تاچەند دەتوانیت مەبەستی گۆرانییەکە بگەێنی، نەک سووکایەتی کردن بە ئافرەت، بەڵێ زۆر شتم کردووە جیاواز لە کەسانی دی، کە سەرەتا نامۆ بووە، بەڵام لە دوویدا ھاتوونە لاسایی منیان کردۆتەوە، ئەمەش لە بواری کارکردنی ھونەری بە مانای داھێنان دێت و دەستخۆشیم لێکراوە، ئاخر نابێت تۆ باسی خۆشەویستی و جوانی ئافرەت بکەیت و بچیت لە ژێر دارێک یان تاشە بەردێکەوە بوەستی و گۆرانی بڵێیت.
+ بەنیازی چەند گۆرانی لەو ئەلبوومەت کلیپ بکەی؟
قادر ئەسعەد: جارێ ھیچ گۆرانیەک کلیپ ناکەم، چونکە ئێستا ئەو کەشە ھی ئەوە نییە، کە من ڤیدیۆ کلیپ ئەنجام بدەم، بە تایبەت بۆ گۆرانی شایی، بەڵام لە بەرنامەدا لە فەسڵی بەھاری کوردستان کلیپ بکەم.
+ھونەرمەندی بە توانا ھەڵکەوت زاھیر دەڵێت “ھونەرمەند قادر ئەسعەد بە توانترین کەسە لە نێو کوردا بۆ نووسینی تێکستی گۆرانی ھەڵپەڕکێ، رات لەسەر ئەو بۆچوونەی ئەو چییە؟
قادر ئەسعەد: سوپاسی باڕێزیان دەکەم لەسەر راکەیان و ھەڵسەنگاندنیان بۆ تێکستەکانی من، بێگومان کەسێکی بە توانا و ئاکادیمی وەک کاک ھەڵکەوت لە بواری ئاوازدانان خاوەن ئەزموونێکی درێژە، ھەروەھا شارەزاییەکی باشیشی ھەیە لەبواری ھەڵبژاردنی تێکستەکان بۆ ئاوازەکانی، زۆرجاریش گفتوگۆی گەرم دەکەین، سەبارەت بە رەوشی ھونەری گۆرانی موسیک بەشێوەیەکی گشتی بیروڕاکانمان ئاڵوگۆڕ دەکەین، ھەروەھا چەند تێکستێکی گۆرانی شایشم بۆ کارەکانی بەڕێزیان نوسیووە، بۆیە من بۆ جارێکیتر زۆر سوپاسی بەڕێزیان دەکەم.