مەسعودى مەلا هەمزە: وەکو دیارییەک بۆ بینەران و هەوادارانى فیلم و سینەماى کوردی، رەحیمى زەبیحى لە شەوانى رەمەزان فیلمەکانى خۆی دەکاتە دیارى بۆ بینەران و عاشقانى فیلم لە کوردستان.
فیلمى ئەو رۆژەى بابانوئێل گریا لە سیناریۆ و دەرهێنان و بەرهەمى رەحیمى زەبیحى، بڕیارە لە شەوانى رەمەزان لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانى نمایش بکرێ. لەمبارەیەوە رەحیم زەبیحى گوتى: بۆ ئاشنابوونى بینەرانى کورد بە فیلمە سینەماییەکانم بڕیارە کاتژمێر 9ى شەوى شەوانى رەمەزان و لە 10/8/2010ەوە فیلمى سینەمایی ئەو رۆژەى بابانوئێل گریا لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانى بۆ ماوەى 10 شەو نمایش بکرێ، کە ئەو فیلمە باس لە چەندین بابەتى گرنگى کێشەکانى کورد دەکا.
شایانى باسە ناوەرۆکى ئەو فیلمە باس لە ڕەشە کە پێشمەرگەیەکى شۆڕشى گەلەکەیەتى، کە لە نێوان شۆڕشى دژى ڕژێمى بەعس و ژن و منداڵەکەى، شۆڕش هەڵدەبژێرێت و دوایین دیدارى لەگەڵ ژن و منداڵەکەى دەکات و خێزانەکەى لە کارەساتى کیمیابارانى هەڵەبجەدا شەهید دەبن. بیست ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا تێپەڕیوەو ڕەشە تووشى نەخۆشى دەروونى بووە، پیاوێک لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بە مەبەستى خستنە پێکەنینى خەڵکى شارى هەڵەبجە بەرەو سنوور بەڕێدەکەوێت و دێتە هەڵەبجە. بەڵام ئەو ڕۆژە، ئەو ڕۆژەیە کە بابانوئێل تیایدا گریا، نەک دڵخۆشیان بخاتە دڵ.