پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی ھەولێر یەکێکە لە دامەزراوە ھونەرییەکان کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە بەھرەمەندی ھونەری لێ دەردەچن، بەشێکی زۆر لەو ھونەرمەندانەی کە ئێستا لە بواری موزیک کاردەکەن دەرچووی ئەم پەیمانگایەن.
زۆر جار دەگوترێت کە لەم ساڵانەی دواییدا کەمتر قوتابییەکانی ئەو پەیمانگایە دوای دەرچوونیان دەبنە کادیری ھونەری یانیش لەشوێنە ھونەرییەکان کاردەکەن، لە میاینەی ئەو ئەو راپۆرتە بۆم دەرکەوت کە قوتابیانی ئەم پەیمانگایە حەز دەکەن کە دوای دەرچوونیان ببنە مامۆستای ھونەری لە ناوشار و نەچنە شوێنە دوورەکان، سەرپەشتیارانی ئەم پەیمانگایەش دەڵێن زۆر جار کێشەی ئەم قوتابییانەمان گەیاندووە و داوامان کە دەبێ دەرچووانی پەیمانگا لە دامەزراوەیەکی ھونەری یان وەکو مامۆستای ھونەر لە ناو شار دابمەزرێنرێن.
(جەوھەر شێخانی)بەڕێوەبەری پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی ھەولێر بە وەکالەت سەرەتا باسی ئەو میکانیزمانەی بۆ کردین کە چۆن قوتابی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان وەردەگیرێت و گوتی، پاش ئەوەی قوتابی لە قۆناغی ٩ بنەڕەتییەوە تەواو دەبێت دەتوانی فۆرمی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان وەربگرێت کە ھەموو ساڵێک لە مانگی ٨ دابەش دەکرێت، فۆرمەکانیش بریتین لە کۆمەڵە ڕێنماییەک کە لە لایەن وەزارەتی پەروەردە بۆمان دێت، واتە ئەو فورمەی کە دابەش دەکرێت خۆی لە خۆیدا تاقی کردنەوەیەکی سەرەتاییە ئینجا دوای ئەوەیش لەلایەن لێژنەیەکەوە قوتابییەکان تاقی دەکرێنەوەـ
(جەوھەر شێخانی) لە بارەی ژمارەی وەرگرتنی قوتابیانەوە، گوتی ژمارەی قوتابییەکان لە ساڵێکە بۆ ساڵێکی دیکە دەگۆرێت بەڵام ئەمساڵ نزیکەی ١٠٠ قوتابیمان لە ھەر ٣ بەشەکانی مۆزیک و شانۆ و شێوەکار وەرگرتووە،
لە بارەی ئەوەی تاچەند قوتابییەکان بە بێ خەوش واستە لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان وەردەگیرێن، (جەوھەر شێخانی) گوتی لە ھیچ پرۆسەیەکی تاقی کردنەوە لە جیھاندا مەرج نییە ١٠٠% بە سەرکەوتووی بەڕێوەبەر بچێت بۆیە لە کوردستانیش مەرج نییە ھەموو قوتابییەکان بەھرەی ھونەریان ھەبێ یان پێش بێنە پەیمانگا ھونەرمەند بن، زۆر جار لە کاتی تاقی کردنەوە وەھا رێکەوتووە کە قوتابییەکان دەتوانن ئامێر بژەنن بەڵام رەنگە گوێچەکەیان موزیکی نەبێت.
ھەروەھا (جەوھەر شێخانی) بەراوردێکی قوتابیانی ١٥ ساڵ لەمەوبەر و ئێستا کرد، لە دیدی(جەوھەر شێخانی) زۆربەی ئەو قوتابیانەی کە جاران لە پەیمانگا دەردەچوون عەشقیکی زۆریان بۆ ھونەر ھەبوو زۆربەشیان ئێستا بوونەتە مامۆستا لە پەیمانگا بەڵام بە داخەوە ئێستا قوتابی ھەیە تەنھا بۆ ئەوە ھاتوو کە پەیمانگا تەواو بکات ببێتە مامۆستا، بۆیە بەڕِای (جەوھەر شێخانی) کە پەیمانگا لە ڕووی کەم و کوڕییەوە ھیچ گرفتێکی نییە و ھەموو پێداویستییەکانی بۆ فەراھەم کراوە و ئەرکی قوتابییانە کە لە ئاست ئەو پاڵپشتیەی پەیمانگا پەرە بە ڕاھێنانی ھونەری خۆیان بدەن.
زۆر جاریشی گلەیی ئەوەی دەکرێت کە قوتابیان دوای دەرچوونیان واز لە کاری ھونەر دەھێنن، لەم بارەیەوە (جەوھەر شێخانی) گوتی: ئێمە ئاگامان لەو دیاردەیە ھەیە وپێشنیاریشمان کردووە کە وەزارەتی پەروەردە گرنگی بە دامەزراندنی دەرچووانی پەیمانگا بدات لە ناوەوەی شارەکان، چونکە ئەگەر قوتابیانی پەیمانگای لە شوێنە دوورەکان دابمەزرێن ئەوا لەوانەیە نەبنە کادیرێکی ھونەری.
(بەکر شێخانی) بەڕێوەبەری بەشی موزیک لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان، پێی وابوو کە ئەو تاقی کردنەوەیەی قوتابییەکان کە لەلایەن لێژنەکانەوە دەکرێن تاقی کردنەوەیەکی زانستییە و قوتابیەکە بە شێوەیەکی وەھا تاقی دەکرێتەوە تا چەند شارەزایی لە موزیکدا ھەیە، یانیش تا چەند بەھرەی موزیکی ھەیە.
(بەکر شێخانی) لە بارەی کەم وەرگرتنی ڕێژەی قوتابیان لە پەیمانگاوە گوتی: لەبەر ئەوەی بەشی موزیک زیاتر پراکتیکی دەوێ بۆیە نابێت جەنجاڵییەکی زۆر دروست بکەین، چونکە لەو حاڵەتە زیان بە قوتابییەکە دەکەوێت. لە کاتی ئێستادا ھەر مامۆستایەک دەتوانێت سەرپەرشتی نزیکەی ١٥ قوتابی بکات بەمەیش رۆژانە بە ئاسانی دەتوانی موتابعەی قوتابیەکان بکات و ڕاھێنیان پێ بدات، بەڵام ئەگەر قوتابییەکی زۆر وەرگیرا ئەوا ڕەنگە پرۆسەکە گرفتی تێکەوێت.
(بەکر شێخانی) پێی وابوو ١٠ ساڵ لەمەوبەر لە بەر ئەوەی ھەندێ وەسائیلی وەکو مۆبایل ئەنتەرنێت شتی دیکە نەبوو بۆیە قوتابییەکان زیاتر گرنگیان بە موزیک دەداو زیاتر ڕاھێنیان دەکرد، بەڵام لە کاتی ئێستادا قوتابی لە بەر پەیدابوونی ئەو ھەموو تەکنۆلۆژیایە نوێیە کەمتر کاتی ئەوەی ھەیە کە گرنگی بە ئامێر ژەنین بدات یان ڕٍاھێنان بکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا قوتابی زۆر سەرکەوتوو ھەن کە پاشەرۆژیکی زۆر جوانیان لێ بەدی دەکرێت.
ھەروەھا (بەکر شێخانی) گوتیشی مایەی خۆشحاڵییە کە ئێستا قوتابی ھەیە بە ئارەزووی خۆی دێتە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان ئێستا پتر لە جاران قوتابی روو لە پەیمانگا دەکات چونکە ئەگەر چەند ساڵیک لەمەوبەر وەرگرین ئەوا ژمارەی ھەموو قوتابییەکانی قوناغەکانی پەیمانگا نەدەگەیشتە ٨٠ قوتابی بەڵام ژمارەکە پترە.
ھەروەھا (بەکر شێخانی) دەڵێت ھەرچەندە پرۆسەی وەرگرتنی قوتابییەکان بە شێوەیەکی زانستی بەریوەدەچێ بەڵام ھەندێک جاری واستەی تێ دەکەوێت بیگومانیش ئەو قوتابیانەی کە بە ھەقی خۆیان ناھێنە پەیمانگا لە دوارۆژدا کارەکتەری ھونەرییان لێ دەرناچێت چونکە ھەموو مرۆڤێک ئەگەر باگراوندێکی ھونەری نەبێت ئەوا ئەستەمە بە زۆر ببێتە ھونەرمەند.
(بڕیارئیسماعیل) قوتابی قوناغی سێیەمی پەیمانگا بۆ ڕۆژنامەکەمان دوا گوتی، یەکێک لە نیشانەی پێشکەوتنی ھەر وڵاتیک ھونەرەکەیەتی، بۆیە کوردستانیش ئەگەر دەیەوێ پێشبکەوێت ئەوا دەبێ گرنگی بە دامەزراوە ھونەرییەکان بدات، پەیمانگای ھونەرە جوانەکانیش یەکێکە لەو پەیمانگایانەی کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە کادیری ھونەری لێ دەردەچێت بۆیە کاتی ئەوە (وەزارەتی پەروەردە) گرنگی بەو کادیرە ھونەرییانە بدات و لە شوێنی شیاویان دابمەزرێنێت، بۆ نمونە نابێـت قوتابییەکی دەرچووی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بکرێتە مامۆستایەکی بیرکاری یانیش بکرێنە مامۆستای زانستی کە ھیچ پەیوەندییەکی بڕوانامەیەکەییەوە نییە،
قوتابییەکی دیکەیش لە قوناغی دووەمی پەیمانگا بە ناوی( شاڵاو ئیبراھیم) گوتی: لە پەیمانگادا زۆر قوتابی ھەن کە خۆشەویستییان بۆ ھونەر نییە، کە ئەمەیش پێ دەچێ تەنھا بۆ کات بەسەربردن ھاتبن نەک بۆ ئەوەی کە لە پاشەرۆژ ببن بە کادیرێکی ھونەری یان خزمەتی ھونەری بکەن، (شاڵاو) پێی وایە کە ھونەر ھیچی کەمتر نییە لە چاو بوارەکانی دیکەی ژیان بۆیە دەبێ ئەو قوتابییانەی کە لە پەیمانگا دەردەچن بەجوانی ئەو پەیامە بگەیەنن کە لە پەیمانگاوە فێربوون، بەداخەوە ھەندێک جار دەبینین کە قوتابی پەیمانگا ھیچ پلانێکیان بۆ داھاتوو نییە و بیر لەوە ناکەنەوە کە لە پاشەڕۆژدا خزمەتی ھونەری کوردی بکەن.
(تەمەن سەید ئەحمەد)یش قوتابییەکی قوناغی چوارەم بوو لە پەیمانگای ھونەرەجوانەکان گوتی: خەونی ھەرە گەورەی من لە منداڵییەوە ئەوەبوو کە لە پەیمانگایەکی تایبەت بە ھونەر بخوێنم بۆ ئەوەی ئەو بەھرەیەی کە ناخم بوو پەرەی پێ بدەم، بۆیە توانیم خەونەکانم لە ڕێگەی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بھێنمە دی، ئەوەبوو دوای ھاتنم بۆ پەیمانگا توانیم ھەندێک چالاکی ھونەری بکەم و گۆرانییەکییش تۆمار بکەم، بەڕای (تەمەن) پەیمانگای ھونەرە جوانەکان ھەنگاوێکی زۆر چاکی ھاویشتووەو پێشکەوتنێکی زۆر گەورەی بە خۆوە بینووە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی مامۆستایانی ئەم پەیمانگایە ماندووبوونێکی زۆر دەچێژن تا کادیری ھونەری چاک بەرھەم بھێنن،
ھەروەھا(تەمەن) داوایش لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد کە گرینگی بە قوتابیانی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بدەن چونکە قوتابی وەھا تێدایە کە توانای چاکیان ھەیە بەڵام لە ڕووی مادییی و مەعنەویان پاڵپشتیان نییە تا بەرھەمێک تۆمار بکەن، بۆیە لە ڕیگەی رءژنامەی ھەولێرەوە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەم کە ناوەناوە ئاورێک لە قوتابیانی پەیمانگای ھونەرە بدەنەوە بۆ ئەوەی بەھرەی قەتیس ماوی ئەو قوتابیانە بدۆزنەوە.
(دیدە فەرەیدوون) قوتابی قوناغی سێیەم لە پەیمانگای ھونەرە جوانە و دەڵێت: من یەکێکم لەو کچانەی کە بە ئارەزووی خۆم ھاتووم بۆ پەیمانگا، ھەرچەندە ماڵەوەمان حەزیان نەدەکرد کە ببمە قوتابی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان، چونکە خەسڵەتی زۆربەی ماڵبای کوردی وایە کە ئارەزوو دەکەن منداڵەکانیان ببنە پزیشک یان ئەندازیار، بەڵام من پێشتر جارجارە کاری موزیکم دەکرد بۆیە بڕیارم دا کە دەبێ لەدامەزراوەیەکی ھونەری بخوێنم، (دیدە) پێی وابوو کە زۆر جار ژینگەی کۆمەڵایەتی ڕێگە نادات کە زۆر قوتابی ببنە موزیکژەن یان ئەکتەربۆیە زۆر قوتابی تەنھا بۆ وەرگرتن بروانامە ھاتوون بۆ پەیمانگا.
ئاریان دەرگەڵەیی