بەشی چوارەم
دیدار نانەکەلی
چرا __ ئاژانسەکان
مرۆڤە ئەزمووندار و لێھاتووەکان بە دوو شێوە لە ژیانماندان، یەکێکیان ئەو کاتەی لە بەرچاوانمانن، ھەواداریانین و ھەمیشە تامەزرۆی بەرھەم و دەسکەوتەکانیانین. دووەمیان ئەوانەن کە دوای مردنیان یادیان دەکەین و بە ژیانەوەی رۆژگارەکانیان دەگەینە ئەوپەڕی ئاسودەیی دەروون. نکۆڵی لەوەش ناکرێ کە جیھانی وەرزش بەدەرنیە لەو پسپۆر و ئەزمووندارە لێھاتووانەی کە بە درێژایی سەدەیەک بوونەتە ئەستێرەی گەشی ئاسمانی داھێنان و تازەگەری. زۆر لەو یاریزانانە جەماوەرین و خاوەن ژمارەیەکی یەکجار زۆری ھەوادار و ھاندەری تایبەت بە خۆیانن. زۆر لەو ئەستێرانە بۆ ماوەیەکە لەبەر چاوی خەڵک دورکەوتوونەتەوە،بۆیە ئێمە جگە لە یادخستنەوەیان، بۆ خوێنەرانمان ئاشکرای دەکەین کە ئێستا ئەو یاریزانانە چۆن ژیان بەسەر دەبەن و خەریکی چین ؟
لەبەر ئەوەی جیھانی وەرزش یەکجار فراوانە، لەچەندین یاری جۆراوجۆر پێکھاتووە، ئێمە بۆ بەبیرھێنانەوەی رۆژگاری پڕ لە دەسکەت و ئەنجامی ئەو یاریزانە لێھاتووانە تیشک دەخەینە سەر چەندین یاریزانێکی ناوداری جیھانی لە یاریە جۆراو جۆرەکان و پێتان دەڵێین چارەنوسیان بە کوێ گەیشت.
لەوانە :
١ــ فیرناندۆ ھیرۆی ئیسپانی : یەکێکە لە دیارترین ئەستێرەکانی مێژووی تۆپی پێی ئیسپانیا،دەرچووی ئەکادیمیای مەلەگەی وەرزشیە ، ٤٣٩ یاری لەگەڵ یانەی ریال مەدرید ئەنجامداوە و ١٠٢ گۆڵی تۆمارکردووە. فرناندۆ ھیرۆ لە کاروانی وەرزشی خۆیدا وەکو کاپتن و کۆڵەکەی ھەرە سەرەکی یانەکانی ریال و بەلەد وەلید و رەیانی قەتەڕی و بۆلتۆن و ئەندۆرزی ئینگلیزی یاریکردووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٩ دەستی بە یاری نێودەوڵەتی کردووە.٨٩ یاری بۆ ھەڵبژاردەی ئیسپانیا ئەنجامداوە و ٢٩ گۆڵی تۆمارکردووە.لە ساڵی ٢٠٠٥ بەیەکجاری وازی لە یاریکردن ھێنا و ئێستاش بەڕێوبەری وەرزشیە لە یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا.
٢ــ ئەندری ئەگاسی ئەمریکی: بەھێزترین و ناودارترین یاریزانی مێژووی تێنسی سەر زەوی جیھانە. کە لە ماوەی یاریکردنی توانیوویەتی ٦٨ پاڵەوانێتی بەدەست بێنێت. یەکەم دەرکەوتنی ئەندری ئەگاسی ئەمریکی لە ١٠ی ئەپرێلی ١٩٩٥ دابوو لە پاڵەوانێتی تێنسی کراوەی ئوسترالیا کە توانی پلەی یەکەم بەدەست بھێنێت و بێتە ریزبەندی یەکەمی جیھانی بۆ باشترین یاریزانەکانی تێنسی سەر زەوی.لە ساڵی ٢٠٠٦ بەیەکجاری وازی لە یاریکردن ھێنا و ھەموو کاتی ژیانی بۆ بەرێوبردنی مال و پەروەردەکردنی منداڵەکانی تەرخانکردووە، لەگەڵ ئەوانەش ئێستا سەرپەرشتی گەورەترین دەزگای خێرخوازی دەکات بۆ یارمەتیدانی نەخۆشیە درێژخایەنەکان و خێزانە ھەژارەکان.لە گەورەترین پرۆژە خێرخوازیەکانیشی یارمەتیدانی لێقەوماوانی کارەساتی ھاییتی بوو.
٣ــ یان کۆلەری چیکی: ئەو یاریزانە بە لێدانە بەھێز و مەترسیدارەکانی سەری ناسراوە.لەنێوان تۆپی پێی چیک و یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی پردێکی ھاوسەنگی دروست کردبوو، بە جۆرێک دەتوانین بڵێین لەوێوە مێژووی وەرزشی خۆی نوسیەوە.لەگەڵ ھەڵبژاردەی چیک لە ساڵی ٢٠٠٩ بەیەکجاری وازی لە یاریکردنی نێودەوڵەتی ھێنا. بەڵام تا ئێستاش بە یەکجاری لە تۆپی پێ دوورنەکەوتۆتەوە چونکە تا کۆتایی ئەمساڵ بۆندەکەی لەگەڵ یانەی کانی فەڕەنسی بەردەوامە.
٤ــ مستەفا حاجی مەغریبی: ئەو ئەستێرەیەی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی مەغریبی لە ساڵی ١٩٩٨ بە باشترین یاریزانی کیشوەری ئەفریفا ھەڵبژێردرا.حاجی لە ماوەی یاریکردنی خۆی لەچەندین یانەی ناودار دۆزیووەتەوە لەوانە :سپۆرتینگ لیشبۆنە ، دیپەرتیڤۆ لاکەرۆنیا، کۆڤەنتری سیتی ،ئەستۆن ڤێلا ،ئیسپانیۆل ،عەینی ئیماڕاتی ،ساربۆکنی ئەڵمانی ، بەڵام لە بڕیارێکی کت و پڕدا لە ساڵی ٢٠٠٧ بەھۆی نالەباری تەندروستی وازھێنانی خۆی لە یاریکردن راگەیاند. بەڵام بەھۆی ئەو متمانە بەخۆبوون و مکوڕبوونەی لەسەر گڕانەوەی بۆ یاریکردن، ئەو جارە روویکردە یانەی فۆلا ئێش ی لۆکسۆمبۆرگی و توانی ئاستێکی بەرز پێشکێش بکات و لە وەرزێکدا ٢٤ گۆڵ بۆ ئەو یانەیە تۆماربکات. لەساڵی ٢٠١٠ بەیەکجاری وازی لە یاریکردن ھێنا. لە مۆندیالی ٢٠١٠ی ئەفریقای باشوور وەکو بالیۆزی تۆپی پێی ئەفریقا کاری دەکرد. بەڵام ئێستا مستەفا حاجی یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی رێکخراوی (نا بۆ خۆپەرستی)نێودەوڵەتی.
٥ــ پاتریک کلۆیڤەرتی ھۆڵەندی : ئەو ئەستێرە ھۆڵەندیە بە تۆمارکردنی ٩٠ گۆڵ سەردەمی یاریکردنی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی بە سەردەمی زێرینی ژیانی وەرزشی خۆی دەزانێت، ھەروەھا خاوەن چەندین دەسکەوتی بە نرخە لەگەڵ یانەکانی ئەیاکسی ھۆڵەندی و میلانی ئیتاڵی ، نیوکاسڵ یۆنایتد، ڤاڵەنسیا،ئایندھۆڤن ، لێلی فەڕەنسی .
لەگەڵ ھەڵبژاردەی ھۆڵەندا خاوەن ٤٠ گۆڵە. لە ساڵی ٢٠٠٨ دوا ئەزموونەکانی خۆی لەگەڵ یانەی لێلی فەڕەنسی کۆتایی پێھێنا.
ئێستاش بەمەبەستی خۆ خزاندنە نێو دونیای راھێنەرایەتی لە پەیمانگای پێگەیاندنی راھێنەرانی ھۆڵەندی دەخوێنێت.