كارۆخ مەلائەسعەد: چەند ڕۆژێكە لە شاری دهۆك لەگەڵ كەناڵی (ڤین تی ڤی)ـدا سەرقاڵی تازەترین كاری هونەریی خۆیەتی و وەكو خۆیشی ئاماژەی بۆ دەكات ئەوكارەیشی لە ئاییندەیەكی نزیكدا دەكەوێتە بەردیدی بینەران.
گۆرانیبێژی لاو (بەشدار واحید) لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر” گوتی: “چەند هەفتەیەكە خەریكی ئامادەكاری بووم بۆ بەرهەمهێنانی كارێكی نوێ كە ئەوكارەیشم كلیپكردنی گۆرانیی (نامەی ڕەش)ـە، هاوكات ئەو گۆرانییەم یەكێك بوو لە تراكەكانی ئەلبوومە تازەكەم، بەڵام دواجار بۆ باشتركردنی ئەو تراكەم دووبارە دەنگم داخیل كردووە.”
گوتیشی: “سەرجەم لۆكەیشنەكانی كلیپەكەم لە شاری دهۆك لە لایەن كەناڵی (ڤین تی ڤی)ـیەوە بە ئەنجام گەیاندراوە. دەرهێنەری كارەكەیش (كاوە عادل) كاری بۆ كردووە. هەروەها ئەو بەرهەمە دەبێتە یەكێك لە بەرهەمەكانی (ڤین تی ڤی) و ئومێدیش دەكەم كە ئەو كارەكەم ببێتە جێی ڕەزامەندی هەموو ئازیزانم.”