بەرھەم خۆشناو / سویــد: یەکێک لە ئەتەکێتەکانی نێو دونیای رۆژنامەگەری پرۆفیشنال بریتیە لە راستگۆیی و پابەندبوون بە ئەخلاقیاتی رۆژنامەگەری کە خۆی لە ھەموو بەرپرسیارەتێکی مێژووی دەرھەق بەو کارانە نادزێتەوە کە لە ماوەی کارکردنیاندا خوێنەر لێی دەبێتە جێگەی پرسیار.
لەگەڵ ئەوەی کە رۆژنامەگەری کوردی ناتوانێت بەشێوەیەکی پرۆفیشنال کاربکات چونکە گۆرگیس دەڵێت رۆژنامە دەبێت ببێتە ئاوێنەی حەقیقەتەکان بۆ خوێنەر، بەڵام لە ئێستای رۆژنامەگەری کوردی ، رۆژنامە نەوەک ئاوێنە نیە بەڵکو پەردەیەکی رەشە بۆ داپۆشینی راستیەکان.
بۆیە رۆژنامەگەری وەرزشی لە کوردستان بە قۆناغێکی سەختتردا تێدەپەڕێت چونکە سەرچاوەی ھەواڵەکانی دەرەکین و خوێنەرانیشیان زیرەکتر و ئاشناترن بە ھەواڵەکانی رۆژ.
یەکێک لەو رۆژنامە وەرزشیانەی کە کەوتۆتە ژێر ئەو پاڵە پەستۆیەی خوێنەر و ناتوانێت بە راستگۆیی خۆی ببێتە میوانی ھەفتانەی وەرزشدۆتان، ھەفتەنامەی رووداوی وەرزشیە.چونکە ئەو رۆژنامەیە لە ھەوڵدایە لە رێگەیەکی نایاسایی و بەدەر لە ئەخلاقیاتی رۆژنامەگەری خوێنەر بۆخۆی دروست بکات.بە بڵاوکردنەوەی بابەت و ھەواڵی زۆر دوور لە راستیەوە.کە بە داخەوە ئیستا لە کوردستان ھەواڵ ھەڵبەستن بە جۆرێک لە ھونەری کاری رۆژنامەنووسی دەزانرێت، بەڵام دووای ماوەیەکی کورت خوێنەر سارد دەبێتەوە لەو گەرم و گوریەی کە بۆ چاودێریکردنی بابەت و ھەواڵەکانی ئەو رۆژنامەیە کە ھەیبووە.
بۆیەش تەنھا رۆژنامەیەکمان کردووە بە نموونە چونکە پتر لە ھەموو رۆژنامە وەرزشیەکانی دیکەی کوردستان ئەو دیاردەیەی لێ دەبینرێت و لە ھەڵبەستنی ھەواڵ وەکو پاڵەوانێکی گۆڕەپانەکە بەدەر دەکەوێت.کە ئەو مەسەلەیە بەتەواوەتی لای خوێنەرانی رۆژنامەکە روون بۆتەوە. لە ماوەی خوێندنەوەی ئەو رۆژنامەیە لە چاودێریکردنی ٢٦ بابەت و ھەواڵ، بۆم دەرکەوت کە ٢٤ ھەواڵی رۆژنامەی رووداوی وەرزشی بەلای راستیدا ناچێت و ھەواڵی ھەڵبەستراون.کە ئەوە بە ھەڵخەڵەتاندنی خوێنەرانی رۆژنامەکە ھەژماردەکرێت. چونکە من لە بەدوواداچوونم بۆ سەرچاوەکانی بۆم دەرکەوت کە ئەو سەرچاوانەی رۆژنامەکە ئاماژەی پێدەکات بۆ وەرگرتنی ھەواڵ ھەر ھەمووی ناراست و ھەڵەیە.وەک ئەوەی خوێنەرانی رۆژنامەکەیان بە نەخوێندەوار و نەزان لە قەلەم دابێت.
بە تایبەتی لە بابەتی دیمانەی یاریزانە ئەوروپیی و بیانیەکان، چونکە زۆر بە ئاسانی بۆت دەردەکەوێت کە شێوازی پرسیار و وەڵامی نێو دیمانەکە لە پرسیار و وەڵامی تاکێکی کورد دەچێت و ئێستا لە دونیای رۆژنامەگەری وەرزشی لەسەر ئاستی جیھان و تەنانەت ووڵاتە عەرەبیەکانیش ئەو پرسیارە ئێکسپایەرانە بەو ئەقلە رزیوەی دارشتن بەکار نایەت و ئەوان سەرچاوەی ھەواڵ و خودی یاریزانەکەش بەو شێوەیە شەرمەزار دەکەن. ھەموو ھۆکارەکانیش بۆ نەبوونی چاودێری کاری پرۆفیشناڵانە و بە ئەکادیمی بوونی بوارەکەیە لە کوردستان. خۆ ئەگەر دەزگایەک ھەقی ھەڵسەنگاندنی ئەو مەسەلەیەی ھەبێت و رۆژێکیش یەکێک لەو یاریزانەبیانیانەی کە رۆژنامەنووسانی رووداو بە ھەوەسی خۆیان دیمانەیان بە ناویان بڵاودەکەنەوە ئاگاداری ئەو مەسەلەیەبن، جیا لەوەی رێوشوێنی زۆر توندی یاسایی دەگرنەبەر بۆ سڕینەوەی ھەموو ناراستیەکان. تەنانەت کەسیشمان بەرامبەر بە ھەواڵە ھەڵبەستراوەکانی ئەمرۆی رۆژنامەگەری ووڵاتەکەمان زاتی ئەوە ناکەین خۆمان بۆ رۆژنامەنووسی کورد بناسێنین.