مەسعودی مەلا ھەمزە : فیلمی “باخچەکانی بەھشت” لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد مانۆ خەلیل، خەڵاتی مرواری سینەمای سویسرای لە فێستیڤاڵی سینەمایی لۆکارنۆ بەدەستھێنا.
مانۆ خەلیل رایگەیاند “لە رێکەوتی ٩ ئاب ٢٠١١، لە رێورەسمێکدا خەڵاتی مرواری سینەمایی، لە رێگەی فیلمی باخچەکانی بەھشت پێشکەش بە من کرا”.
گوتیشی “ئەم خەڵاتە ساڵانە لە چوارچێوەی فیستیڤاڵی سینەمایی لۆکارنۆدا دەبەخشرێتە فیلمێکی سینەمایی درێژ و فیلمێکی دۆکیۆمێنتی”.
ئەوەشی خستە روو “رەخنەگرانی بواری سینەما لە سویسرا، دەنگ لەسەر پێدانی ئەو خەڵاتە بەو دوو فلیمە دەدەن”.
ئەم فیلمە باس لە چیرۆکی پێنج خێزان دەکات کە لە پێنج شوێنی جیای جیھانەوە ھاتوونە و روویان لە سویسرا کردووە، چیرۆکەکانیان جیاوازە، بەڵام شوێنی حەوانەوەیان یەک شوێنە، ئەویش باخچەی ماڵەکانیانە کە دەرھێنەر ناوی ناوە باخچەکانی بەھەشت.
“باخچەکانی بەھەشت” فیلمێکی دیکۆدرامییە، ماوەکەی ٩٧ خولەکە، بەزمانەکانی کوردی، ئەڵمانی، ئیتاڵی و فەرەنسییە، بەرھەمی کەناڵە تەلەفزیونییەکانی سویسرایە، لەوانە “S F” بە زمانی ئەڵمانی، “TSR” بە زمانی فەرەنسی، “RSE” بە زمانی ئیتاڵی و “٣ SAT” بە زمانی ئەڵمانییە.
مانۆ خەلیل دەرھێنەرێکی کوردی کوردستانی سوریایە، لە سویسرا ژیان بەسەر دەبات و چالاکییە سینەماییەکانی ئەنجام دەدات، خاوەنی چەند فیلمێکی سینەمایی و تەلەفزیۆنییە، فیلمەکانی بە پاڵپشتی کەناڵ’ تەلەفزیۆنییە ئەورپییەکان بەرھەم دێنێت، تا ئێستا چەند خەڵاتێکی بەدەستھێناوە، بەتایبەتیش لە سویسرا.
فیستیڤاڵی سینەمایی لۆکارنۆ کە بە یەکێک لە فیستیڤاڵە ھەر گرنگەکانی ھونەری حەوتەم لە جیھاندا دەژمێردرێت، لە ماوەی ٣-١٣ ئاب/ ئۆگۆست ٢٠١١، لە شاری لۆکارنۆ لە سویسرا بەڕێوەدەچێت.