مەسعودى مەلا هەمزە : لە نووسینى ئافرەتێک و دەرهێنانى ئافرەتێکى دیکەو بە بەشدارى 3 ئافرەت شانۆگەرى وێستگەى چاوەڕوانى لە درێژەى نمایشەکانى وەرزى هەولێری شانۆیی نمایش دەکرێ. شانۆگەرى “وێستگەى چاوەڕوانى” لە نووسینى مەهتابی مەلا عوسمان و دەرهێنانى دلڤین موحسین و بە بەشدارى “هێرۆ مەولودى، سایە حوسێن، دلڤین موحسین” لە هۆڵی گەلى شارى هەولێر بۆ ماوەى 3 رۆژ بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیری و هونەر- بەڕێوەبەرایەتى شانۆی هەولێر نمایشى دەکا.
لە لێدوانێکدا دلڤین موحسینى دەرهێنەر وتى”ئێمەى ئافرەتە شانۆکارەکان بە هاوکارى پیاوانى شانۆکار خەریکى کارکردنین لە شانۆگەری وێستگەى چاوەڕوانى، کە ستافە سەرەکییەکەى ئافرەتن”.
دلڤین وتیشی ئەم شانۆگەرییە لە رۆژانى 30/11و1و2/12/2010 لە هۆڵی گەلى شارى هەولێر نمایش دەکرێ و ناوەرۆکى شانۆگەرییەکە باس لەو ئافرەتانە دەکا کە لە دواى جەنگەکان وەک قوربانى ماونەتەوە و کێشە جیاجیاکانى هەر خێزانێکى کوردی تیایە.
شایانى باسە دلڤین موحسین وەک ئەکتەرێکى شانۆکار لە چەندین کارى شانۆیی بەشدارى کردووەو جگە لە تێزى دەرچوونى ئەمە یەکەم کارى دەرهێنانى دەبێ.