مەسعودى مەلا هەمزە : لە درێژەى نمایشەکانى وەرزى هەولێری شانۆیی بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیری و هونەر- بەڕێوەبەرایەتى شانۆی هەولێر بە هاوکارى تیپی نواندنى هەولێر شانۆگەرى شەل و کوێر لە ئامادەکردن و دەرهێنانى موئەیەد فەقێ نمایش دەکا.
لەم شانۆگەرییەدا کە هونەرمەندان “گۆڤار ئەنوەر، سەنگەر حوسێن” رۆڵی سەرەکى دەبینن و شانۆگەرییەکە بە شێوازێکى کۆمیدی ئامێز باس لە چەندین کێشەى ئەمڕۆی کۆمەڵگاى کوردی دەکا. لە لێدوانێکیدا گۆڤار ئەنوەرى هونەرمەند وتى”لەم شانۆگەرییەدا هەوڵمانداوە بە شێوازێکى زۆر باش و جدی ئیش لەسەر کێشەکان بکەین و بەشێوازە پەیامدارەکەى کۆمیدیا بیخەینەڕوو”.
گۆڤار وتیشی”ئەم شانۆگەرییە ماوەى 3 رۆژ نمایش دەکرێ و بەهیواین بینەران بێن بۆ بینینى ئەو کارە کۆمیدییە”.
شایانى باسە ئەم شانۆگەرییە لە کاتژمێر 4ى ئێوارەى رۆژانى سێشەممە 14و15و16/12/2010 لە هۆڵی گەلى شارى هەولێر نمایش دەکرێ.