(بژار دیلان) : “لەکاری پێش کەشکاری بەردەوام دەبم و لەداھاتوویەکی نزیکدا بەرنامەیەکی تازە پێش کەشدەکەم!”.
ھونەرمەندی موزیکژەن (بژار دیلان) ئەگەرچی لەم ماوەیەدا وەک گۆرانیبێژ دەردەکەوێت، چەند گۆرانییەکی تۆمار کردووە، کە دیار ترینیان گۆرانی “فەیسبووک” بوو، جگە لەکاری گۆرانی گوتن، (دیلان) وەک پێشکەشکار لە کەناڵی زاگرۆس tv دەرکەوت، لە دیدارێکدا بۆ خوێنەرانی “ھەولێر” ھونەرمەند ئاماژەی بۆ دوایین کاری ھونەریی خۆی و بەتایبەتی کاری پێشکەشکاری بۆ کردین.
لە دەستپێکی قسەکانی دا (بژار دیلان) لەبارەی ھۆکاری وەستانی بەرنامەی (زار و خۆشی) لەکەناڵی زاگرۆس تیڤی گوتی : “ئەو بەرنامەیە بەپێی گرێبەستێک لە نێوان من و کەناڵی زاگرۆس واژوو کرا، ناوەرۆکی گرێبەستەکە پێویست بوو من لەماوەی (٦) مانگدا ئەو بەرنامەیە پێش کەش بکەم، بەڵام دواتر درێژکرایەوە بۆ (٩) مانگ لە ئێستاشدا ئەو ماوەیە کۆتایی ھاتووە، بۆیە بەرنامەکەش وەستاوە، خۆشم ئەوەم پێ باشبوو، چونکە پێم وایە ھەموو بەرنامەیەک بۆ ماوەیەک بێتە بەرچاوی بینەر، نەک ئەوەنە تەمەنی درێژ بێت بینەر لێی بێزار بێت”.
لەبارەی ئەزموونی کاری موزیکژەنی و کار کردنی لە ستۆدیۆ بۆ ھونەرمەندانی گۆرانیبێژ، پاشان بەرەو کاری پێش کەشکاری، ئایا ئەوە وەک پیشەیەک ئارەزووی کردووە ئەو کارە بکات، یا حەزێک بووە ویستوویەتی بە ئەنجامی بگەینێت، لەوەڵامدا (دیلان) گوتی : “لەو بەرنامەیەدا بە ئەنجامی بگەینم، ئەوە نەبوو وەک پیشە چاو لەو کارە بکەم، لەوانەیە حەزەکەم بۆ ئەو کارە زیاتر ھانی دابم، بەڵام لە ھەموو گرنگتر من ویستم ھەندێک ھونەرمەند ھەیە لە چینی خوارەوەن و کەس بەسەریان ناکاتەوە، بەتایبەتی ھەندێک گەنج و ھەندێک ھونەرمەندی میللی کە لەمیدیای کوردی غەدریان لێکراوەو کەمتر بەسەر دەکرێنەوە، ھەرچەندە من ھەندێک ھونەرمەند بەناوبانگ و دیارم بانگھێشت کرد بۆ بەرنامەکە، ئەوەشیان بۆ ھاندانێک بوو بۆ گەنجەکان، لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا ئامانجێکی دیکەم ئەوە بوو، چیتر ھونەرمەندی کورد خۆی بە قائید فەیلەق و لیوای سەربازی وەزیر و شتی سەیر سەیر ھەژمار نەکەن، ھونەرمەند کایەکە پێویستە زۆر سادەو ساکار بێت، ئەوەندەی لەخەمی خۆ بەزل زان و پۆز لێدان و ھەندێکی شتی لاوەکیەوەیە، ئەگەر ئەوەندە خەمی ھونەرەکەیان بن حاڵی ھونەری کوردی ئاوا نەدەبوو!”.
دەربارەی بەردەوام بوونی لەکاری پێشکەشکاری (بژار دیلان) روونی کردەوە : “لەگەڵ زاگرۆس تیڤی من تەنیا گرێبەستم تەواو بووە، بەخەڵک بە شێوەی دیکە تەفسیری بۆ نەکات، من رێزم بۆیان ھەیە سوپاسیان دەکەم ئەو ماوەیە کە لەگەڵیان بووم زۆر بەخۆشی و کامەرانی ئەو بەرنامەنەمان ھێنایە بوون، لە ئێستاشدا من پرۆژەی بەرنامەی تازەم ھەیە لەداھاتوودا لەگەڵ یەکێک لەکەناڵەکان ئەو بەرنامەیە پێش کەش دەکەم و بەردەوام دەبم لەکاری پێش کەشکاری چونکە پێم وایە ھێشتا دەبێ لەو بوارەش خزمەت بکەم”.
ئەو کەناڵەی کە بەنیازە ئەو بەرنامە تازەیەی تیایدا پێش کەش بکات، ئایا ھەر لەزاگرۆس دەبێت؟ لەوەڵامدا (بژار) گوتی : “مەرج نیە لەگەڵ زاگرۆس ئەو بەرنامەیە پێش کەش بکەم، چونکە کار کردنی من لەگەڵ ئەو کەناڵەی کەناڵی داھاتووشم تەنیا بەشێوەی گرێبەست دەبێت و ھیچی تر، چونکە نامەوێ بە تەنیا موڵکی ھیچ کەناڵێک بم، بەڵکو دەمەوێ سەربەخۆ بم و ھەرکەناڵێک بەچاکی باوەش بۆ کارەکانم بکاتەوە، منیش لەگەڵ ئەو کەناڵە کار دەکەم جا گرنگ نیە کێە”.
جارە جارە (بژار دیلان) بە گۆرانییەک دەردەکەوێت، ئایا لەکاری ھونەری گۆراتندا بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێت ؟ لەبارەی ئەو پرسیارەش دەڵێت : “من لەکاری گۆرانی گوتندا دەمەوێ شتێکی جیاواز بڵێم، ناوەرۆکی جیاواز ھەڵبژێرم ھەروەک چۆن گۆرانی “فەیسبووک” پێش ماوەیەک تۆمارم کرد، کە ھەموو ھونەرمەندێک ناتوانێ ئەو جۆرە تێکست و ئاواز و گۆرانییە بڵێت، بە ھەمان شێوە دەمەوێ بەردەوام بم، لە ئێستاشدا گۆرانییەکی دیکەم لەبەردەستە کلیپێکی زۆر نایابی بۆ دەکەین، بەڵام خۆم لە کلیپەکە دیار نیم، بەڵام ئەو جۆرە کلیپەش ھەموو ھونەرمەندێک ناتوانێ بیکات، لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا ئەو گۆرانییە تازەیەم بڵاو دەبێتەوە”.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا (بژار) ئاماژەی بۆ ئەو ئەلبومە موزیکیە کرد، کە ماوەیەکە خەریکە کار بۆ دەکات، لەبارەی دوایین کارەکانی ئەو ئەلبومە تازەیە گوتی : “ئەو ئەلبومە بە ئەرک و ماندوو بوونێکی زۆر بە ھاوکاری کۆمەلێک موزیکژەنی ھاوڕێ و ھاوکارم کارم بۆ کردووە، دیارە ئەو ئەلبومە لە ئەنجامی ئەوە ھاتە بەرھەم، زۆر جار لە نێو کافرتریا و چێشتخانەو شوێنە گشتییەکان دەبیستم موزیکی بیانی لێدەدەن، کاتێک لێم دەپرسین بۆچی ئەو جۆرە موزیکە لێدەدەن؟ لەوەڵامدا دەیان گوت موزیکی کوردیمان نیە تاوەکو لێی بدەین!، منیش بۆ وەڵامی ئەوانە ھەڵسام بە ئامادەکردنی ئەو ئەلبومە موزیکیە، کەسەرجەم میلۆدییەکان کوردیین و بەشێوازێکی جوان کارمان بۆ کردووە، دوای تەواو بوونیشی بەڵێنم داوە بەسەر ھەموو کافتریا و چێشتخانە شوێنە گشتییەکان دابەشی دەکەم، بۆ ئەوەی چیتر موزیکی بیانی لێنەدەن”.
لە کۆتایی دا دەربارەی کارەکانی لە ستۆدیۆکەی و بەردەوام بوونیشی لەو کارە (بژار دیلان)ـی ھونەرمەند گوتی : “ستۆدیۆکەم ھەر ماوەو ھەرگیز دەستبەرداری نابم، ئەو بووە بەھاوراز و دڵداری من ھەمیشە بەیەکەوین و ناتوانین لەیەکتری داببڕێین، لە ئێستاشدا بەردەوامم لەکار کردن بۆ ھونەرمەندان”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
سپۆت
ئەلبومێکی موزیکی سەرجەم میلۆدییەکان کوردیین و بەشێوازێکی چاک کارمان بۆ کردووە، دوای تەواو بوونی بەڵێنم داوە بەسەر ھەموو کافتریا و چێشتخانە شوێنە گشتییەکان دابەشی دەکەم!