بەشی شەشەم
دیــــدار نانەکەلی : مرۆڤە ئەزمووندار و لێھاتووەکان بە دوو شێوە لە ژیانماندان، یەکێکیان ئەو کاتەی لە بەرچاوانمانن، ھەواداریانین و ھەمیشە تامەزرۆی بەرھەم و دەسکەوتەکانیانین. دووەمیان ئەوانەن کە دوای مردنیان یادیان دەکەین و بە ژیانەوەی رۆژگارەکانیان دەگەینە ئەوپەڕی ئاسودەیی دەروون.
نکۆڵی لەوەش ناکرێ کە جیھانی وەرزش بەدەرنیە لەو پسپۆر و ئەزمووندارە لێھاتووانەی کە بە درێژایی سەدەیەک بوونەتە ئەستێرەی گەشی ئاسمانی داھێنان و تازەگەری. زۆر لەو یاریزانانە جەماوەرین و خاوەن ژمارەیەکی یەکجار زۆری ھەوادار و ھاندەری تایبەت بە خۆیانن. زۆر لەو ئەستێرانە بۆ ماوەیەکە لەبەر چاوی خەڵک دورکەوتوونەتەوە،بۆیە ئێمە جگە لە یادخستنەوەیان، بۆ خوێنەرانمان ئاشکرای دەکەین کە ئێستا ئەو یاریزانانە چۆن ژیان بەسەر دەبەن و خەریکی چین ؟
لەبەر ئەوەی جیھانی وەرزش یەکجار فراوانە، لەچەندین یاری جۆراوجۆر پێکھاتووە، ئێمە بۆ بەبیرھێنانەوەی رۆژگاری پڕ لە دەسکەت و ئەنجامی ئەو یاریزانە لێھاتووانە
تیشک دەخەینە سەر چەندین یاریزانێکی ناوداری جیھانی لە یاریە جۆراو جۆرەکان و پێتان دەڵێین چارەنوسیان بە کوێ گەیشت.
لەوانە :
١ــ نەوال متەوەکل : پێشەنگی پاڵەوانانی راکردنی درێژی مەغریب و کیشوەری ئەفریقایە، یەکەم ئافرەتی مەغریبی بووە کە توانیوویەتی میدالیای زێری ئۆلۆمپیادی ١٩٨٤ی لۆس ئەنجلۆس بەدەست بھێنێت. لە پێشبڕکێی ٤٠٠ مەتری بەربەستدا. لە تەواوی ئەو چاڵاکیانەی متەوەکل بەشداری تێدا کردووە توانیوویەتی میدالیای زێڕ بەدەستبھێنێت. لە ساڵی ١٩٩٧ دەکرێتە سکرتێری گشتی وەرزش و لاوانی مەغریب، بەڵام دووای تەنھا ٨ مانگ وازی لە کارەکەی ھێنا.دواتر لە ١٩٩٨ بووە ئەندامی لیژنەی ئۆلۆمپی نێودەوڵەتی و تا ئێستاش لە کارەکەی بەردەوامە بۆ خزمەتکردنی رەوشی وەرزش لە مەغریب و جیھان.
٢ــ مارکۆس کافۆی بەڕازیلی : ئیڤانجلیستا مارکۆس دیمۆرایس، بە کافۆی ژمارە ٢ی ھەڵبژاردەی بەڕازیل ناسراوە،لە ساڵی ١٩٨٩ لە یانەی ساوپاولۆی ووڵاتەکەی دەستی بە یاریکردن کرد. تا ساڵی ١٩٩٧ لە لوتکەی ئاست و ئەنجامە بەنرخەکانی دابوو.دواتر روویکردە یانەی رۆمای ئیتاڵی ١٦٣ یاری لە ریزی ئەو یانەیە ئەنجامدا، تا گەیشتە ئەوەی نازناوی “شەمەندەفەری خێرا”یان لێنا.لە کۆتایدا لە ساڵی ٢٠٠٣ بەرەو یانەی ئەی سی میلان بەڕێکەوت . لە دوایاریدا لەبەرامبەر سامبادۆریا توانی گۆلێک تۆماربکات. لە ساڵی ٢٠٠٨ بەیەکجاری وازی لە یاریکردن ھێنا. کافۆ خاوەنی چەندین نازناوی گەورە و بەنرخە لەوانە جامی جیھانی ١٩٩٤ و ٢٠٠٢ لەگەڵ ھەڵبژاردەی ووڵاتەکەی . ئێستاش خەریکی پەروەردەکردنی منداڵەکانیەتی و لەگەڵ خێزانەکەی لە سان پاولۆی بەڕازیلی بە ئاسوودەیی ژیان بەسەر دەبەن.
٣ــ داڤور سوکەری کرواتی : ئەو ھێرشبەرە لەگەڵ ھەڵبژاردەی لاوانی کرواتیا یەکەم دەرکەوتنی لە جامی جیھانی لاوان ساڵی ١٩٨٧ ی چیلی بووە.توانیوویەتی بە تۆمارکردنی ٦ گۆڵ نازناوی گۆڵکاری پاڵەوانیەتیەکە بەدەستبھێنێت. لەگەڵ یانەکانی دینامۆ زەخرەبی ئۆکرانی و ئیشبیلیەی ئیسپانی بە سەرەتایەکی بەھێز دەستیپێکرد.بەر لەوەی لە ساڵی ١٩٩٦ رووبکاتە یانەی ریال مەدرید.کە توانی ھەر لەوساڵەدا نازناوی جامی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لەگەڵ ئەو یانەی شاھانەدا بباتەوە.لە جامی جیھانی ١٩٩٨ی فەڕەنساش توانی بە تۆمارکردنی ٦ گۆڵ ببێتە گۆڵکاری جامەکە و ھەڵبژاردەی کرواتیاش توانی پلەی سێیەمی جامی جیھانی بەدەستبھێنێت.
سوکەر لە خولی ئینگلیزیدا لە گەڵ یانەکانی ئەرسناڵ و وێستھام یاریکردووە.لە خولی ئەڵمانیاش لەگەڵ یانەی بایرن ١٨٦٠ چەندین نازناوی بەدەستھێناوە.لە ساڵی ٢٠٠٤ بەیەکجاری وازی لە یاریکردن ھێنا و ئێستا مامۆستای وەرزشیە لە قوتابخانەیەکی کرواتی بە ناوی
(ئەکادیمەی سوکەر).
٤ــ محەمەد عەلی کلای : گەورە پاڵەوانی مێژووی مشتەکۆڵەی ئەمریکا و جیھانە.لە ساڵی ١٩٩٩ بە یاریزانی سەدەی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ھەڵبژێردرا.توانیوویەتی ٣جا پاڵەوانیەتی جیھان لە کێشی قورس بەدەست بھێنێت.لە ساڵی ١٩٦٤ کە ھێشتا تەمەنی لە ٢٢ ساڵ رەتینەکردبوو توانی بە خستنە سەر زەوی سۆنی لیتسۆنی پاڵەوانی جیھان بگاتە لوتکە و بە ئەستێرەی مشتەکۆڵەی ئەمریکی بناسرێت.لە ساڵی ١٩٦٥ (کاسیۆس) ئیسلامبوونی خۆی راگەیاند.ناوی خۆی گۆڕی بۆ محەمەد عەلی، لە لادانی نازناوی کلای کە ئاماژەیەکە بە واتای کۆیلایەتی لەلایەن جەماوەرەکەیەوە تووشی رەخنەیەکی زۆربۆوە.محەمەد بەھەموو شێوەیەک دژی جەنگانی ووڵاتەکەی بوو.لە ساڵی ١٩٦٧ لە پاڵەوانیەتی جیھان ھاتە دەرەوە بەھۆی شەڕی ووڵاتەکەی بەرامبەر ڤێتنام.چونکە کلای سەرکەوتنی ئەو کاتەی بەمافی ووڵاتێکی شەڕخوازنەدەزانی.لەسەرتای حەفتاکاندا دووبارە گەڕایەوە نێو حەلەبەی یاریکردن.لەو کاتە تووشی نەخۆشی شەلەل دەماغی ھات.پێی باشبوو چارەسەری ئەو نەخۆشیەی بە رۆژوگرتن بکات.
دوای ئەوە لەیلای کچی ھاتە نێو ئەو بوارە و بووە یەکێک لە ئەستێرەکانی یاری مشتەکۆڵە.محەمەد ئێستا خاوەن گەورەترین دەزگای خێرخوازیە لەسەر ئاستی ئەمریکا،کە دەکەوێتە ناوچەی لویزفیل.لەوێدا ھاوکاری خێزانە ھەژار و لێقەوماوەکان دەکرێت بەشێوەیەکی بەردەوام.
٥ـ رۆبەرتۆ باجیۆ : ئەستێرەی ناوداری ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا باجیۆ یەکێکە لەو ١١ یاریزانەی یەکێتی تۆپی پێی جیھان (فیفا) کە بە باشترین یاریزانانی پێکھاتەی سوپەری سەدەی رابردووی جیھانی ناوزەندکردن.
لەساڵی ١٩٩٣ خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپای بەدەستھێنا.
یاری بۆ ٣ لە بەھێزترین یانەکانی خولی ئیتاڵیا کردووە ئەوانیش یانەکانی یۆڤانتۆس و ئینتەر و میلانن.لە ساڵی ٢٠٠٠ وازی لە یاریکردن ھێنا و ئێستا بەرپرسی لیژنەی ھونەری یەکێتی تۆپی پێی ئیتاڵیە.