(بڵند عەبدوڵڵا) : “لە ئەلبومەکەی ئەم جارەمدا چەند ستایلێکی تازەم لە بەرھەم ھێنانی گۆرانییەکانمدا بەکار ھێناوە!”.
ھونەرمەندی موزیکژەن و گۆرانیبێژ (بڵند عەبدوڵڵا) لە ئێستادا کۆتایی ھێناوە بەکاری تۆمار کردنی ئەلبومەکەی، ھەروەھا خۆی کاری چاپ و بڵاوکردنەوەی سیدیەکەی ئەنجام داوە، لەبەرامبەری ئەوەدا ناوبراو دەڵێت : بۆیە من ئەرکی ئەلبومە تازەکەم خستە سەر گیرفانی خۆم، چونکە مەبەستمە لەمەودوا ئەرکی بەرھەم ھێنان و بڵاو کردنەوەی خۆم ئەنجامی بدەم، ئەگەرنا سپۆنسەر ھەبوون ئەو کارە بۆ بڵاو کردنەوەی سیدیەکەم بخەنە بواری جێ بەجێکردنەوە، لەدیدارێکی دا بۆ خوێنەرانی “ھەولێر” باسی لە ناوەرۆکی ئەو ئەلبومە تازەیەو کاتی بڵاوکردنەوەی ئاشکرا دەکات، ھەروەھا باسی کلیپ کردنی (٣) گۆرانی دەکات، کە بۆ گۆرانییەکانی ناو سیدیەکەی کردووە.
لە دەستپێکی قسەکانی دا ھونەرمەند (بڵند عەبدوڵڵا) دەربارەی بەرھەم ھێنانی ئەلبومە تازەکەی گوتی : “ئەو ئەلبومە ماوەیەکی زۆر خەریکی بووم، تا گەیاندمە قۆناغی ئامادەو تۆمارکردن، خۆشبەختانە لە ئێستادا سەرجەم کارەکانی تەواو بووە، ھەروەھا کاری دیزان و چاپی ئەلبومەکەم لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆم بە ئەنجامم گەیاندووە، ئەگەرچی چەند کۆمپانیایەک ئارەزووی ئەوەیان ھەبوو، سپۆنسەری ئەلبومەکەم لە ئەستۆ بگرن، بەڵام من ویستم سیدیەکەم خۆم چاپی بکەم و سەرپەرشتی بڵاو کردنەوەکەی لە ئەستۆی خۆم بێت، نەمویست ناوی ھیچ کۆمپانیایەکی لەسەر بێت چونکە ئەو ئەلبومەم زۆر خۆشدەوێت و زۆریش لەگەڵی ماندوو بووم، لەمەودوا بڕیارم داوە سەرجەم بڵاو کردنەوەی بەرھەمەکانم خۆم، لە ژێر ناوی (بڵند میوزیک پرۆدێکشن)”.
ھەرلەبارەی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ئەلبومەکەی گوتیشی : “جگە لەبەرھەمەکانی خۆم، لەوانەیە لە رێگەی ئەو ناوەو لە ژێر ناوەکەی خۆم بەرھەمی چەند ھونەرمەندێکیش بڵاو بکەمەوە، واتە ئەگەر بکرێت وەک کۆمپانیایەکی ھونەریی ئەو کارە بکەم، بەڵام وەک سەرەتا لەرێگەی ئەلبومەکەی خۆم ئەو ھەنگاوە دەھاوێژم، بزانم چ ئەنجامێکی دەبێت”.
لەبارەی ناوەرۆکی ئەلبومەکەی (بڵند) ئەوەشی خستە روو : “ئەو ئەبومەم لە (١٢) تراک پێکھاتووە، یەکێک لەتراکەکان تەنیا موزیکە، خۆم پارچە موزیکێکم بە ئامێری کەمان ژەنیووە، لە ژێر ناوی (بابە) بڵاو دەکرێـەوە، بە بەراورد لەگەڵ بەرھەمەکانی پێشووترم، چەند جیاوازیەکی ھەیە، لەوانە کار کردنم لەسەر چەند ستایلێک لەوانە (پۆپ) ھەروەھا ئاوازەکانم لەسەر چەندیین مەقام داناوە، لەوانە (حیاز، بەیات، کورد، نەھاوەند) ھەروەھا تێکستی چەندیین شاعیرم کردووە بەگۆرانی وەک (سەرکەوت رەسوڵ، ئەکرەم ئەمین، عەبدولعەزیز سلێمان)ـو ھونەرمەند (نەریمان بابان) ئاواز و تێکستێکی بۆ داناوم، گۆرانییەکی ھونەرمەندی کۆچکردوو (تەحسین تەھا)ـم دووبارە گوتۆتەوە، بەشێوەیەکی گشتی جیاوازیەکی زۆر دەبینم لەو بەرھەمم، ھەروەھا زۆریش گەشبینم لەسەرکەوتنی لەناو جەماوەردا”.
(بڵند عەبدوڵڵا) دەربارەی کاتی بڵاو کردنەوەی ئەلبومەکەی گوتی : “ئێستاکە کاری چاپکردنی تەواو بووە، لە رێگەی ناوەندی “ئارۆ” لە شاری سلێمانی و سەنتەری “ئەربائیلۆ” لە شاری ھەولێر کاری دابەشکردنی بەسەر تۆمارگاو سەنتەرەکانی فرۆشتنی سیدی لەئەستۆی ئەوان دایە، لە جەژنی رەمەزانی پیرۆز وەک جەژنانەیەکی من، لە جیاتی نوقل و شیرینی پێش کەشی جەماوەری کوردستانی دەکەم، ئومێدەوارم ئەوانیش ماندوو بوون و ئەرکەکەم لەبەرچاو بگرن، من چاوەڕێ دەکەم جەماوەری ھونەر دۆستی کوردستان، لەمەودوا ئەوان مافی بەرھەمەکانمان بپارێزن، لەبری حکومەت و وەزارەتی رۆشنبیری، ئەوان ئەو ھەستەیان ھەبێت وەک یادگارییەکی جوان ئەلبومەکانمان بە شێوەی ئۆرجیناڵ بکڕن، نەک کۆپی بکەن، چونکە سەرمایەی ئێمەی ھونەرمەندی کورد، بەرھەمەکانمان و جەماوەرە بۆیە پێویستە رێز لەبەرھەمەکانمان لەلایەن ئەوانەوە بگیرێت و ئێمەش رێزیان دەگرین و بەرھەمی جوانیان پێش کەش دەکەین”.
(بڵند عەبدوڵڵا) ئەوەشی ئاشکرا کرد (٣) خەڵاتی لەناو ئەلبومەکەی دا وەک سوپرایزێک داناوە، لەمبارەیەوەش گوتی : “لە ئەلبومەکەی ئەم جارەمدا (٣) خەڵاتم داناوە بۆ ئەو کەسانەی لە رێگەی نوسخەی ئۆرجیناڵەوە، گوێ لەبەرھەمەکەم دەگرن، ئەوەی کە دەبێتە خاوەنی ئەو خەڵاتانە، بریتی دەبێت لە خەڵاتی یەکەم گەشتێک لەگەڵ من ئەنجام دەدات بۆ قوبرس، خەڵاتی دووەم سێھەمیش بریتیە لە جل و بەرگێکی تایبەت و نایاب بۆ ئەو کەسانەی ژمارەی تایبەتی سەر ئەلبومەکە دەبنەوە، ھیوادارم ئەوەش وەک دیارەیەک بۆ جەماوەر و گوێگر ببێتە یادەوەرەیەکی جوان”.
لە کۆتایی دا ھونەرمەند (بڵند عەبدوڵڵا) ئەوەشی راگەیاند : “لە نێو گۆرانییە تازەکانم، (٣) گۆرانییم کلیپ کردووە، یەکێک لەو گۆرانیانە لەگەڵ بڵاو بوونەوەی ئەلبومەکەم لە جەژنی رەمەزانی پیرۆز لەسەرجەم تیڤەکان بڵاو دەبێتەوە، دوای ماوەیەکی دیکە گۆرانییەکانی دیکەش بڵاو دەکەمەوە، ھەروەھا پلانی ئەوەشم داناوە دوای بڵاو بوونەوەی سیدیەکەم زنجیرە کۆنسێرتێک لەشارەکانی کوردستان بە ئەنجام بگەینم، ئەو کارەش رەنگە لەداھاتوویەکی نزیکدا نەبێت بەڵام ئارەزوومە ئەو کارە دوای ئەوەی خەڵک بەچاکی گوێان لەگۆرانییەکانم گرت، ئینجا کۆنسێرتەکان ئەنجام بدەم”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا