مەسعودى مەلا هەمزە: لە درێژەى نمایشەکانى وەرزى هەولێری شانۆیی، بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیری و هونەر- بەڕێوەبەرایەتى شانۆی هەولێر بە هاوکارى تیپی هونەرى رۆژ شانۆگەرى عەبا نمایش دەکات. ئەم شانۆگەرییە کە لە نووسینى یوسف سائیخ و فەلاح شاکرەو رێبین رەسول وەریگێڕاوەتە سەر زمانى کوردی،
کرمانج مستەفا کارى ئامادەکردن و دەرهێنانى بۆ کردووەو هەریەک لە هاوار حەمید و نەرمین ئەسیر وەک ئەکتەر لە کارەکە بەشدارن.
لە لێدوانێکدا کرمانج مستەفاى دەرهێنەر گوتى: لە درێژەى نمایشەکانى وەرزى هەولێری شانۆیی کاتژمێر 4،30ى ئێوارەى رۆژانى سێشەممەو چوارشەممەو پێنجشەممە 26و27و28/10/2010 لە هۆڵی گەلى شارى هەولێر شانۆگەرى عەبا نمایش دەکرێت”.
کرمانج گوتیشی: ئەم شانۆگەرییە باس لە وێنەگرێکى جەنگ دەکات، کە دواى گەڕانەوەى لە جەنگ خێزانەکەى قسەى لەگەڵ ناکاو نایدوێنێ، دواجار کە دەیەوێ قسە بکا پیاوەکەى دەچێتەوە شەڕ، ئیدى لەوێوە بە تاوان و کارەساتەکانى شەڕ ئاشنا دەبین”.
شایانى باسە وەرزى هەولێری شانۆیی لە 15/9/2010 دەستپێکردووەو بڕیارە تاکو 1/1/2011 بەردەوام بێ و زیاتر لە 20 کارى شانۆیی لە سەرجەم کوردستان لە هەولێر نمایش بکرێ.