کارۆخ مەلائەسعەد:گۆرانیبێژ (سەردار قادر) ھەفتەیەک دەبێت، کە بۆ پڕۆژەیەکی ھونەری گەڕاوەتەوە (ھەولێر) و وەک دەڵێ: پڕۆژەکەیشی بەرھەمھێنانی یەک گۆرانییە. ئەو تایبەت بۆ “ھەولێر” گوتی: ” بۆ راپەڕاندنی کارێکی ھونەری گەڕاومەتەوە، کە ئەو کارەیش تاکە گۆرانییەکە و بیرۆکەی ھۆنراوە و ئاواز و تۆمارکردنی ئەو بەرھەمەمەیشم بە تەواو کردووە و تایبەت بۆ ھەولێری پایتەختم چڕیوە و تێیدا باسی بۆن و بەرامە و جوانیی ٢٠ساڵ لەمەو پێشی ھەولێر دەکەم. گۆرانییەکە سێ کۆپلەیە، کە ئاواز و شیعرەکەی (ھەردی سەلاح) دایناون و کۆپلەیەکیشی (فەرید مەخمووری) نووسیویەتی.”
گوتیشی: “بۆ ئەو گۆرانییەم کۆمپانیای (ئینڤی پڕۆداکشن) کلیپەکەم بۆ بەرھەم دەھێنن و لە ئاییندەیەکی نزیکدا بڵاو دەکرێتەوە.”
بەر لەوەی (سەردار) گۆرانیی نیشتیمانی و دڵداری بڵێت، سەرەتا بە گۆرانیی ئایینی دەستی پێ¬کرد، بۆیە لێمان پرسی: چۆن بوو بیرت لەوە کردەوە کە گۆرانیی دڵداری بچڕیت؟ گوتی: “ئەو سەردەمەی کە من حەزم لە گۆرانیگوتن بوو، ئەو ترسەیش وای لێ-کردبووم، کە گۆرانی بۆ عەشق نەچڕم، بەڵام پەشیمانیش نیم لەوەی کە سەرەتا بە گۆرانی ئایینی ھاتمە پێشەوە، ئێستایش لاریم نییە لەوەی کە بۆم بڕەخسێت بەردەوام گۆرانی و سروودی ئایینی دەچڕم.”
ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە ھرنراوەی گۆرانیی ھەولێر.
پایتەختی ھەمووان ئێرەیە، دووژمنان چاویان لێرەیە
مێژوویش ھەر خۆی پێمان دەڵێت لانەی ژیان ئا لێرەیە
من عاشقی ئەو ھەولێرەم، ھەرچەند دوور بم بەدڵ لێرەم
چۆن بتوانم بەجێت بێڵم کە فێری ئاو و ھەوای ئێرەم