هەوڵدان بۆ یەکدەنگى و هاوهەڵوێستى ئەرکى هەموو کەسێکى راستەقینەو جددیە لە کارەکانیدا، قۆناغە یەک لە دواى یەکەکانى گۆڕان و ململانێى بەردەوامى ئەم ناوچەیە هەمیشە لایەنەکانى بە هەموو چین و توێژیەکانیەوە تووشى لەنگى کردووە و هاوسەنگى و رێکخستنى لە دەستداوە، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە بنبڕ بکرێن
هەڵە ناکەین ئەگەر هونەر بە دایکى داهێنان دابنێین و داهێنانیش بە منداڵدانى پێشکەوتن و بەردەوامیدان بە ژیان، تیرۆر کردنى هونەر لە کۆمەڵگایەک راکێشانى رۆحى ژیانکردنە لە جەستەى ئەم کۆمەڵگایە، بۆ ئەوەى نەهێڵین لە بەشێکى ئەم ووڵاتە بە ناو دیموکراتە و لە جەستەیەکى بێ گیان ژیانمان گوزەران بکەین، پێویستە رۆشنبیران بە گشتى و هونەرمەندان بە تایبەتى دژى بڕیارەکەى وەزارەتى پەروەردەو زانستى عێراق بوەستینەوە و رێگربین لەبەردەم تێکەڵ کردنى پرسە زانستیەکان لەگەڵ فەتوا ئاینیەکان و چەسپاندنى بیر و ئایدیاى ناوچەکانیتر بە یەکتر، چونکە ئەم بریارەى وەزارەتى پەروەردەو زانستى عێراقى بە داخستنى هەر دوو بەشى (شانۆ و موزیک) و لابردنى پەیکەرەکانى ناو پەیمانگەى هونەرە جوانەکانى بەغداد لە ژێر هەر بیانویەک بێت، قەبوڵ ناکرێت و تەواو پێچەوانەى ئەو دیموکراتیەیە، کە لە داڕشتنى کارەکاندا حوکمەتى ناوەند دەیەوێت شۆربێتەوە بۆ ریشەکانى سیستەمە باڵاکانى ئەم کۆمەڵگایە، جگە لەوەش دەستدرێژى کردن و تیرۆرکردنێکى ئاشکرایە لە دەرهەق کۆمەڵگەى عێراقى و رۆشنبیران و هونەمەندان دەکرێت، بۆیە ئەرکە لەسەر هەموومان دژى ئەم بریارە بوەستین و رێگە لە جێبەجێکردنى بگرین، چونکە ئەمە نیشانەى دەستپێکێکى خراپە و کردنەوەى دەروازەیەکیترە بۆ خنکاندنى بیر و هزرى داهێنانەى ئەم کۆمەڵگایە، بۆیە گروپەکەمان لە رێکەوتى 19/12/2010 هەڵمەتێکى ئیمزا کۆکردنەوە دەست پێدەکات و یەکدەنگیەک دروست دەکەین بۆ رێگە گرتن لەم بریارەى وەزارەتى پەروەردە و زانستى عێراق، بۆ بەشداربوون لەم هەڵمەتە پەیوەندى بکەن بە:Email: rageyandin.shano@yahoo.com .
راگەیاندنى گروپى گەنج بۆ شانۆ
هەولێر 17/12/2010