مەسعودی مەلا ھەمزە : لەمیانی بەشدارییە بەردەوامەکانی لە فێستیڤاڵە جیھانییەکان، کورتە فیلمی ئەنتێنا لە سیناریۆ و دەرھێنانی ھونەرمەند عەدنان عوسمان لە بەشی پێشبڕکێی حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن بەشدارە.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی گشتی کورتەفیلمی ئەنتێنا، لەدوای بەشداریکردنی لە ٥ فێستیڤاڵی دیکە، لە ئێستادا ئەو کورتەفیلمە لەپاڵ کورتەفیلمێکی دیکە وەک دوو تاکە کورتەفیلمی باشووری کوردستان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن بەشدارە.
ھەر لەو راپۆرتەدا ھاتووە کە ئەمساڵ ئەو کورتەفیلمە لە دەرھێنانی سینەماکار عەدنان عوسمان لە ٥ فێستیڤاڵی جیھانی و ناوخۆیی بەشداربووەو لە فێستیڤاڵی بابل خەڵاتی باشترین دەرھێنان و خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوەو لە فێستیڤاڵی دیاربەکر خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوەو لە فێستیڤاڵی ئیمپیریا لە وڵاتی ئیتاڵیا کە بە بەشداری ٢٥ وڵات بەڕێوەچووە خەڵاتی باشترین دەرھێنانی وەرگرتووەو لە فێستیڤاڵی دیتمۆڵدی وڵاتی ئەڵمانیا کە ٧٥ وڵات بەشداربوون نمایشکراو فێستیڤاڵەکە ھیچ خەڵاتێکی نەبووەو تەنھا بۆ نمایشکردن بووە”.
لەبەشی کۆتایی راپۆرتەکەدا ھاتووە، کە جگە لە وڵاتانی دەرەوە لە کوردستان ئەم فیلمە لەلایەن ناوەندی فیلمسازانی لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما خەڵاتی رێزلێنانی پێ بەخشراوەو لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سلێمانیش فیلمەکە نمایشکراوە.